بارسێلۆنا چوار مانگ لە تواناکانی ساموێل ئۆمتیتی بێبەش دەبێت

بارسێلۆنا ترسی هەیە بەرگریکارەکەی پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت

لەوانەیە ساموێل ئۆمتیتی پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی هەبێت و بۆ ماوەی چوار مانگ لە بارسێلۆنا داببڕێت.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ساموێل ئۆمتیتی هێشتا ناتوانێت دەست بە مەشقەکانی بکاتەوە، بەرپرسان و دەستەی پزیشکانی بارسێلۆنا دەترسن ئۆمتیتی بۆ چاکبوونەوەی ئەژنۆی پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری هەبێت، چونکە ئەگەر بەرگریکارە فڕەنسییەکە نەشتەرگەری بۆ ئەژنۆی بکات بەلایەنی کەم چوار مانگ لە یاریکردن دادەبڕێت.

ئۆمتیتی بەهۆی ئەو ئازارەی لە ئەژنۆی تووشی بووە، ناتوانێت بەرامبەر یانەکانی ئینتەر میلان و سێڤییا لە دوو یاریی داهاتووی بلاوگرانا یاریی بکات، گومانیش دەکرێت بتوانێت لە کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید یاریی بکات.