بەربژێرەکانی کۆتایی فیفا بۆ خەڵاتی باشترین یاریزان و راهێنەری جیهان ئاشکراکران

کریستیانۆ، مێسی و نێیمار بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی 2017 بەربژێرن

K24- هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناوی بەربژێرەکانی بۆ خەڵاتی باشترینەکانی 2017 ئاشکراکرد، کە بە 'THE BEST' ناوزەد دەکرێت و رۆژی 23ی مانگی داهاتوو ناوی باشترینەکانی جیهان دەستنیشان دەکرێن

هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لیۆنێل مێسی و نێیمار داسێلڤا بەربژێری کۆتایین بۆ بەدەستهێننای خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان، کە ساڵی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەدەستیهێنا.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەمساڵدا لەگەڵ ریال مەدرید بووە پاڵەوانی لالیگا و چامپۆیۆنزلیگ و نازناوەکانی جامی سووپەری ئیسپانیا و ئەوروپاشی هەر لەمساڵ بەدەستهێنا و لەسەر ئاستی تاکە کەسیش بووە گۆڵکاری چامپیۆنزلیگ. مێسیش لەگەڵ بارسێلۆنا جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا، نێیماریش بەهەمان شێوە پێش ئەوەی بچێتە پاریس سانجێرمان لەگەڵ مێسی جامەکەی بەرزکردەوە.

بەربژێرەکانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان
بەربژێرەکانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان

لەسەر ئاستی راهێنەرەکانیش هەریەکە لە زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی، ئەنتۆنیۆ کۆنتی راهێنەری چێڵسی ئینگلیزی و ماسیمیلیانۆ ئەلێگری راهێنەری یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لە لیستی کۆتایی مانەوە و هەر سێ راهێنەر بەربژێرن بۆ ئەوەی بە باشترین راهێنەری ئەمساڵ دەستنیشان بکرێن

زیدان لەگەڵ ریال مەدرید چورا نازناوی بەدەستهێناوە و بووەتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، ئەلێگریش لەگەڵ یۆڤی بووە پاڵەوانی جام و خولی ئیتاڵیا و گەیشتە فایناڵی چامپیۆنزلیگ، کۆنتیش لەگەڵ چێڵسی توانی پرێمەرلیگ بەرز بکاتەوە.

بەربژێرەکانی خەڵاتی باشترین راهێنەری 2017
بەربژێرەکانی خەڵاتی باشترین راهێنەری 2017

لەسەر ئاستی گۆڵپارێزانیش هەریەکە لە کەیلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی ریال مەدریدی ئیسپانی، جیانلویجی بوفۆنی گۆڵپارێزی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی و مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی بایرن میونشنی ئەڵمانی رکابەری لەسەر خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی 2017 دەکەن و لە لیستی کۆتایی فیفا بۆ خەڵاتی THE BEST مانەوە.

ناڤاس لەگەڵ ریال مەدرید بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و سێ نازناوی دیکەی بەدەستهێنا، بۆفۆنیش رۆڵی لە گەیاندنی یۆڤی بە فایناڵی چامپیۆنزلیگ هەبوو و جام و خولی ئیتاڵیاشی بەرزکردەوە، هەرچی مانوێل نۆیەریشە جگە لە بەدەستهێنانی بۆندزلیگا لەگەڵ بایرن میونشن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بووە پاڵەوانی جامی کیشوەرەکانی 2017.

بەربژێرەکانی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی 2017
بەربژێرەکانی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی 2017