دلێر حاته‌م بۆچی وه‌رزشی له‌به‌رچاوی ڕه‌ش بووه و له ماڵه‌وه دانیشتووه؟
دلێر حاته‌م گۆڵپارێزی یانه‌ی هه‌ولێر له ئێستادا وازی له مه‌شق و راهێنانه‌كانی یانه‌كه‌ی هێناوه و له ماڵه‌وه دانیشتووه و بڕیاریداوه ئه‌م وه‌رزه بۆ هیچ یانه‌یه‌ك یاری نه‌كات، ده‌شڵێت: زوڵمم لێ ده‌كرێت، بۆیه وه‌رزشم له‌به‌رچاوی ڕه‌ش بووه.
دلێر حاته‌م یه‌كێك له دیارترین گۆڵپارێزه‌كانی كوردستان و عێراق له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه سه‌ره‌تا به مه‌رجی یاریكردن له خولی نایابی عێراق بۆ یانه‌ی هه‌ولێر گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌رفه‌تی یاریكردنیان پێ نه‌داوه، ده‌شڵێت: له ده‌ستپێكی ئه‌م وه‌رزه تا ماوه‌یه‌كی زۆر ئارامم گرت، به‌ڵام ده‌رفه‌تی یاریكردنیان پێ نه‌دام، بۆیه منیش له یانه‌كه دووركه‌وتوومه‌ته‌وه و بڕیارمداوه ئه‌م وه‌رزه به‌م دۆخه بۆ یاریكردن نه‌گه‌ڕێمه‌وه.
دلێر حاته‌م گوتیشی: پێش ئه‌وه‌ی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر بگه‌ڕێمه‌وه چه‌ندان ئۆفه‌رم له یانه‌كانی خولی نایابی عێراق و نێوخۆی كوردستانیش پێگه‌یشت، به‌ڵام من به‌هۆی خۆشه‌ویستیم بۆ یانه‌ی هه‌ولێر گه‌ڕامه‌وه یانه‌كه‌ی پایته‌خت و به خۆشحاڵی و شانازییه‌وه درێسی ئه‌و یانه‌یه‌م پۆشییه‌وه، به‌ڵام ئێستا دڵم شكاوه.
دلێر ده‌شڵێت: بۆ ئه‌وه گه‌ڕامه‌وه یانه‌ی هه‌ولێر كه خزمه‌ت به‌و یانه‌یه بكه‌م، نه‌ك تا نیوه‌ی وه‌رز له كورسی یه‌ده‌گ دابنیشم، له كاتێكدا مه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ یانه‌ی هه‌ولێر ته‌نیا یاریكردن بوو، به‌ڵام ده‌رفه‌تیان نه‌دام، بۆیه نه‌متوانی به‌رده‌وام بم و پێموایه ناداده‌په‌روه‌ری و زوڵم به‌رامبه‌ر ده‌كرێت.
دلێر گوتیشی: له گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ی ئه‌مساڵیش چه‌ندان یانه ده‌رگایان به‌ڕوویدا كردمه‌وه، به‌ڵام وه‌رزشیان له‌به‌رچاوی ناشرین كردووم، بۆیه بڕیارمداوه ئه‌م وه‌رزه بۆ هیچ یانه‌یه‌ك یاری نه‌كه‌م.
دلێر حاته‌م سه‌ره‌تا له یانه‌ی هه‌ندرێن ده‌ركه‌وت و له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه بۆ یه‌كه‌مجار نازناوی خولی نایابی كوردستانی برده‌وه و ماوه‌ی 5 ساڵی له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه تێپه‌ڕ كرد، دواتر له‌گه‌ڵ یانه‌ی زێره‌ڤانی دیسان بووه پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان، پێشتریش له‌گه‌ڵ یانه‌ی سلێمانی رۆڵی كاریگه‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بوو له سه‌رخستنی یانه‌كه بۆ خولی نایابی عێراق، هاوینی رابردوو له یانه‌ی زێره‌ڤانییه‌وه بۆ یانه‌ی هه‌ولێر گه‌ڕایه‌وه.