نێیمار لەم هاوینە دەچێتە پاریس سانجێرمان؟

K24-هەولێر

بە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی رۆیشتنی نێیمار داسێلڤا بۆ پاریس سانجێرمان خەریکە بۆمبێکی گەورە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بتەقێتەوە و هاندەرانی بارسێلۆنا نازانن چی روودەدات.
کەناڵی ئیسپۆرتی ئینتەراتیڤۆی بڕازیلی بۆمبێکی گەورەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان تەقاندەوە، کاتێک وێنەیەکی نێیمار داسێلڤای بە درێسی پاریس سانجێرمان لەگەڵ چوار یاریزانە بڕازیلییەکەی دیکەی یانە فڕەنسییەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نێیمار رازی بووە بە هەڵوەشاندنەوەی نرخی گرێبەستەکەی و بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ روودەکاتە پاریس سانجێرمان.
ئەم هەواڵەی میدیا بەڕازیلییەکان هەرایەکی زۆری نایەوە و هاندەرانی بارسێلۆنای شۆک کرد، تەنانەت میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردووەتەوە، لە بڕازیل هەمووان وادەزانن رۆیشتنی نێیمار بۆ پاریس یەکلابووەتەوە.تەنانەت بەگوێرەی سەرچاوەی چەند میدیایەکی ئیسپانی باوکی نێیمار دوو بلیتی فڕۆکەی بۆ گەشتکردن بۆ پاریس کڕیوە و دەیەوێت بچێتە پاریس، بێ ئەوەی هاوسەفەر و ئامانجی گەشتەکەی روون بێت.

وێنەکەی کەناڵی ئێسپێرتۆی بڕازیلی
وێنەکەی کەناڵی ئێسپێرتۆی بڕازیلی

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا نووسیویەتی، نێیمار ناڕوات و ئەمەی وەکو قسەیەکی باوکی نیمۆ هەژمارکردووە.
لێدوانێکی نێیماریشی داناوە، کە پێشتر بۆ ماڵپەڕی گۆڵی جیهانی گوتبووی من لە بارسێلۆنا دڵخۆشم.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی

رۆژنامەی سپۆرتیش لەبارەی رۆیشتنی نێیمارەوە لە رووپەڕی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا نووسیوتی 'بۆمبی نێیمار'
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە نووسیویەتیشی، لە بڕازیل هەمووان وادەزانن نێیمار ئۆفەرەکەی پاریس سانجێرمانی قبووڵکردووە،بەڵام بارسێلۆنا ئەم هەواڵانە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت نێیمار %200  لە بارسا دەمێنێتەوە.
جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی یانەی بارسێلۆناش ناچار بوو دەنگی لێوە بێت و لە لێدوانێکی بۆ کەنالی بی بی سی بەریتانی رەتیکردووەتەوە نێیماری 25 ساڵان بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت، کە تاکو 2021 گرێبەستی لەگەڵ بلاوگرانا هەیە.
نێیمار لەوەتەی لە 2013وە چووەتە بارسێلۆنا لە123  یاری 68 گۆڵی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکردووە و هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە چاوەڕێی گۆڵی زیاتری نیمۆ دەکەن و بەرگەی لەدەستدانی یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی یانەکەیان ناگرن.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی