خەونی گەورە پلانی گەورەی گەرەكە

Kurd24

كە دەڕوانییە دۆخ و گوزەرانی ئێستا و داھات و سەرمایەی رابردوو، ئینجا دەزانی لەو وڵاتە چ كارەساتێك روویداوە، ئینجا دەزانیت كە دامەزراوەكانمان چەند دەستو پێ سپی بوونە لە وەدیھێنانی خۆشگوزەرانی و سەربەخۆیی ئابووری و دروستكردنی بەرھەمی ناوخۆ، كە ئیفلاسی ئیداری و ئابووری ئێستا دەبینی و بەراوردی دەكەی لەگەڵ چەند ساڵێك لەمەوبەر، ئینجا دەزانین كە بەشێكی زۆر لە بەرپرسانمان چەندە نا شاییستە بوونەو چۆن ھەر یەكەی خەریكی كۆكردنەوەی پارەو بونیاتنانی باڵەخانە بووە.

 بەداخەوە ھێشتاش كوردستان بۆ بەشێكی زۆری كورد نەبووەتە ئەو بەھەشتەی تێیدا بحەسێنەوە، باوەشی نیشتیمان ھێشتا بۆ بەشێكی زۆر لە ھاوونیشتیمانیانی ساردو سڕەو دووچاری دەردەسەریی كردوون، راستییەكی حاشا ھەڵنەگرە، ژیان بە بێ ئازادی و ئاساییش و ئارامی ھیچ ماناو چێژێكی نییە، مرۆڤ ھەمیشە لەناو گومان و دوو دڵیدا دەژیت، بەڵام ئازادیش پێویوستی بە خزمەتگوزاری ھەیە لە ھەموو رووەكانەوە، لەگەڵ ئاساییش، گەرەكە پلانی پاراستنی ئاساییشیش تۆكمە بێت، ئاساییشی ئابووری و خۆراك و تەندروستی، ئەمانە ھەموویان تەواوكەری یەكترن.

لە دوای ساڵی 1991 جۆرێك لە حكومڕانی خۆماڵی لە كوردستان بونیات نرا، لە دوای 2003 بە تەواوی وەك دەوڵەتێك بووین و بە رێی بۆڕیش نەبێت، بە بەردەوامی لە رێی تانكەرەوە نەوت ھەناردە كراوە، بەردەوام دەروازە سنووریەكان جموجۆڵی بازرگانییان لێ ھەبووە، داھاتی ناوخۆیی وەزارەتەكان بەردەوام كۆكراوەتەوە، فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی كرانەوە، باج و پێبژاردن بەردەوام وەرگیراون، واتە بەردەوام داھاتمان ھەبووە. بەلام لە ھەبوونی داھات گرنگتر، عەقڵیەتی كارپێكردن و وەبەرھێنانی ئەو داھاتەیە لە بەرژەوەندی وڵات، لە بەرژەوەندی زیادكردنی بەرھەمی ناوخۆیی، لە بەرژەوەندی تۆكمەكردنی جومگە ئابووری و تەندروستی و پەروەردەیی و ژیانی خەڵك.

لە ساڵانی رابردوودا، ئەوەی لە حكومەتی ھەرێمدا نەبووە، پلان بووە، وەزارەتی پلاندانان و دامەزراوەكانی، تەنھا وەك ناو ھەبوونە، وەزارەتەكانی دیكەش پلانی درێژخایەنیان نەبووە، ئەو پلانە كورتخایەنەش كە پەیڕەویان كردووە، ئیفلیج بووەو لەسەر بناغەیەكی شلۆق داندراوە،  ئەو بێ پلانییەشە وایكردووە تووشی ئەو قەیرانە ببین، ئەوەتا حكومەت گەییشتووەتە دۆخێك خۆی سەری لێ شێواوە، لە گێژاوك دایە نازانێت چۆن لێی دەرچێت، چونكە لە رابردوودا دەرزییەكی لە گیانی خۆی داوە، ئێستا سڕی كردووە، ئەو دەرزییەی ئەوسا بەكاری ھێناوە، لەبری چارەسەر، قەیرانی ھێنا.

پێشتر زۆر گوتراوە پشت بەستن بە تەنھا نەوت كارەساتی لەدوایە، پشت بەستن بە تەنھا بەرھەمی دەرەكی دەمان خنكێنێت، پشتكردن لە كشتووكاڵ ئیفلیجمان دەكات، نابێ گوندەكان چۆڵ بكرێن، نابێ تەواوی خەڵكی لەپێناو بەرژەوەندی حزبی بكرێتە مووچە خۆر، زۆربەی پسپۆرانی ئابووری رەخنەیان لە سیاسەتی ئابووری حكومەت دەگرت، بەڵام تەنھا پشت بە نەوت بەسترا، ئەوەتا لەسەر دەریای نەوتین و نەوتیش ھیچ ناكات، دەبا فریامان بكەوێت.

نازانم بەرپرسانی حكومەت بۆ وا دەستوپێ سپی بوون، خزمەتكردنی خەڵك تەنھا قیڕتاوكردنی شەقامێك و پینەكردنی ئەویتر نییە، كوردستان سەروەت و سامانێكی مەزنی ھەیە، وەلێ حەیف وەبەرھێنان و سوود وەرگرتن لەو سەروەت و سامانە، سفر بووە، ھەموو دونیا چاوی لە سامانی سروشتی ئێمەیە، بەڵام خێرێكی ئەوتۆی نەبووە بۆمان و نەزاندراوە چۆن وەبەر بھێندرێت، زەوی و خاكی ئێمە دەگمەنە، بەڵام ھەرزوو ھەموو دەشتەكانمان كران بە شوێنی نیشتەجێبوون، خەڵكی گوندەكانیان جێ ھێشتن و روویان كردە شارەكان، ئێستا بەشێكی گوندەكان چۆڵن و دەشتەكان پڕن، ئەگەر حكومەت پلانێكی ژیرانەی ھەبووایە، ئەبوو رێ لە پڕ بوونەوەی دەشتەكان بگرێت، ھەر وڵاتێك كەرتی كشتوكاڵی بەھێز بێت، ھەرگیز برسی نابێت. دەبوو حكومەت لە ھەموو شارەكان شوققەی دروست بكردنایە بۆ كرێنشینان، بە نرخێكی كەم مانگانە پێی بفرۆشتنایە، ھەم داھاتێكی مانگانە دەبوو، ھەم كێشەی كرێنشینی چارەسەر دەبوو، ھەم شارەكان بە ستوونی فرەوان دەبوون و دیمەنەكانیش جوانتر دەبوون و زەویی كشتووكاڵیشمان دەبوون.

ھەرچەندە لەناو قەیرانێكی مەزندانین، بەڵام ھێشتاش درەنگ نییە، دەتواندرێت رێ بگیرێت لە فرەوانتر بوونی قەیرانەكە، لە گەورەبوونی كارەساتەكەو لە تەشەنەكردنی ئازارەكە، خەونی درێژخایەن و دەوڵەتداری، بە بێ پلانی درێژخایەنی ئابووری وەدی نایەت، گەرەكە پلانی درێژخایەن دابنێین، بیر لە چارەسەركردنی كێشەكان بكەینەوە، ژیانی خەڵك خۆش بكەین، بیر لە دروستكردنی بەرھەمی ناوخۆیی بكرێتەوە، خۆ تا ھەتایە لەسەر بەرھەمی ئەم و ئەو ناژین، حەیفە لەو وڵاتە زێڕینە بژین، ماست و پیاز و كەرەوزو تەماتەی بیانی بخۆین. حكومەت لە بری ئەوەی زەوی دابەش بكات، باشترە شوققە دروست بكات و بە پارەیەكی كەم بیداتەوە بە كرێنشین و ئەوانەی پێویستیان پێیە. چیتر ئەو زەویە بە پیتانە بە پڕۆژەی وەھمی پڕ نەكرێنەوە، سەرمایەداران ھان بدرێن و فشاریان لێ بكرێت، واز لە پڕۆژەی شارو گوند بھێنن، كارگە دابمەزرێنن لە ھەموو بوارەكان، پێكھاتەیەكی لەبارمان ھەیە بۆ ئەوەی چەندین بەنداو دروست بكەین، پرۆژەی گەورە دروست بكەین كە لە داھاتوودا دەبنە سەرمایەی مەزن. دیسانەوە دیڵێمەوە حەیفە ئەو كوردستانە بە پیتەت ھەبێت، بەرھەمێك نەنێریە دەرەوە لەسەری نووسرابێت "لەكوردستان بەرھەم ھاتووە".

ھەڵەیە لاسایی وڵاتان بكەینەوە، بەڵكو پێویستە وا بكەین وڵاتانی دیكە لاساییمان بكەنەوە، داھاتوومان بە تەنھا لەسەر نەوت بونیات ناندرێت، پێویستە كۆڵەگەكانی دیكە تۆكمە بكەین، بۆ ئەوەی داھاتوومان تۆكمە بێت و خەونەكانیشمان درێژتر و خۆڕاگرتربن. ئەگەر پەند لە ھەڵەكانمان وەرنەگرین و سوود لە كات وەرنەگرین، ھەموو شتێك لەبار دەچێت، ئەوكات پەشیمانی دادمان نادات.