نیشتیمان لە ژێر رەحمەتی ماچی بەرپرسێكدا

Kurd24

دیسانەوە شەڕێكی دیكەی چاوەڕوانكراو بەرۆكی كوردی گرت، ئەگەر بەو فرەوانییەش نەبێت، زەنگی ئاگادار كردنەوەی شەڕێكی دیكەیە لە ئاییندەیەكی نزیكدا، ئەویش شەڕی كوردو حەشدی شەعبی، شەڕێك كە ھیچی كەمتر نییە لە شەڕی داعش و ئەوانیش بۆ كورد بگرە لە داعش خراپترن، بەو پێیەی خۆیان وەك دۆست نیشان دەدەن و لە بەشێك ناوچە كوردستانییەكانیش خۆیان مەڵاس داوە، تا كاتی خۆی دێت.

حەشدی شەعبی، لە سەرەتای دروستبوونیەوە، ئامانجی داگیركردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە بوو، بە پاڵشتییەكی گەورەی ئێران دامەزراون بۆ پتەوكردنی ھەیمەنەی شیعە لە لایەك و ھێنانەدی ئامانجەكانی ئێران لە لایەكی دیكەوە، ئەندامانیان بە بیری مەزھەبی جۆشدراون و ھاوشێوەی داعش بەرامبەر كورد دڕندەن، ئەوان لە كاتی دروستبوونیانەوە بە پێی ئەو دەرفەرانەی بۆیان رەخساوە، چەندین تاوانیان بەرامبەر بە كورد ئەنجامداون، ماوەیەكیشە خوازیارن لە رێی داگیركردنی خورماتوو، پەرە بە داگیركارییان بدەن و رەگ لە ناوچە كوردستانییەكان دابكوتن، لە كاتێكدا زۆربەی پێكھاتەكانی ئەو شارۆچكەیە كوردن و شارەكەش كوردستانییە.

ئەوەی حەشد دەیكات، درێژكراوەی سیاسەتەكانی رژێمی بەعسە كە لەو ناوچانە پەیڕەو كراوە، ئێستا ئەو رێكخراوەو سەران و ھەڵسووڕێنەران و ئەوانەش كە لە پشت ئەو رێكخراوە خوازیارن خورماتوو لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەوان بێ، بەڵام ئامانجەكە لەوە دوورترەو پلانەكە فرەوانتر و درێژخایەنتر. دوای ئەوەی سوپای عێراق شكستی ھێناو پێشمەرگە توانیی بە واقیع ماددەی 140 ی دەستووری عێراق جێبەجێ بكات و كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كۆنترۆڵ بكەن، عەرەب بە سوننەو شیعەو بەشێكیش لە توركمانی ئەو ناوچەیە، نایانەوێ ئەو ناوچانە لە ژێر كۆنترۆلی پێشمەرگە بێت، ئەوان ھەرگیز دان بە كوردستانیبوونی ئەو ناوچانەدا نانێن، بۆیە لە رێی حەشدی شەعبییەوە دەیانەوێ ئەو ناوچانە بگرنەوەو بە پلانی رێكخراوەوە ھەموو ئەو ناوچانەی پێشتر لە ژێر دەستی سوپای عێراق بوو، دەخوازن بیخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە.

پێشتریش گوتوومە، شەڕی دووەمی كورد لەگەڵ شیعەو حەشدی شەعبی ماوە، ئەوان جیاوازییەكیان لەگەڵ داعش نییەو لە فەرھەنگی ئەواندا گەلێك شوێنی نابێتەوە بە ناوی كورد و خاكێك بە ناوی كوردستان، داعش روو لە نەمانەو ھێدی ھێدی بەرەو لاوازی دەچێت، ئەوان ئێستا دەیانەوێ پێگەی خۆیان توند بكەن و خۆیان بۆ ئەو شەڕە ئامادە بكەن، ھەڵەی ھەرە گەورە ئەوە بوو كورد (دەسەڵاتدارانی ناوچەكە) رێیان دا بەو رێكخراوە ھێز لەو ناوچانە جێگیر بكات، پێشمەرگە خوێنی رشت بۆ گرتنی ناوچە كوردستانییەكان، بەڵام ئەوسا خوێنی شەھیدان كرایە قوربانی ماچ و مووچی بەرپرسانی ناوچەكەو عامری، لەو چەند رۆژەش چەند قارەمانێكی پێشمەرگە شەھید بوون، بەڵام دیسانەوە بە ماچ پێشوازی لە بكوژانی پێشمەرگە كرا وەك ئەوەی ھیچ شتێك رووی نەدابێت و دونیا شامی شەریف بێت، لە كاتێكدا ئەو پەری بێ ماناییە بەو شێوەیە پێشوازی لە سەركردەی گرووپێك بكەی خاكت داگیر بكات و بە میلیشیات ناو ببات و دان بە بوونتا نەنێت و لە نزیكترین دەرفەتدا شەڕی بەرامبەر ھەڵگیرسێنێت. نازانم چ پەیوەندییەكە لە نێوان بەرپرسانی ئەو شارەو عامری كە ئاوا بۆ ماچی یەكتری بە تاسەن! خۆزگە بەرپرسان بیریان لەوە دەكردەوە لەو كاتەی كەسو كاری شەھیدان شین بۆ رۆڵەكانیان دەگێڕن، ئەو ماچ و پێشوازییانە چ گولـلەیەك لە جەرگی ئەوان دەدات و چ سووكایەتییەكە بۆ ئەوان!

رێككەوتن و ئاگربەست و دابەشكردنی دەسەڵات، شتی بێ مانان، باشترین چارەسەر ئەوەیە بە یەكجاری ئەو كێشەیەش یەكلایی بكرێتەوە، ھەموو خەڵكی خورماتوو داوا دەكەن حەشدی شەعبی لە شارەكە وەدەر بندرێت و ئاساییش و پێشمەرگە بیان پارێزێت، نازانم بۆ گوێ بە داواكاریی ئەو خەڵكە ستەمدیدەیە نادرێت! ھیچمان لەگەڵ بەغدا نەماوەو ئەوەی ھەیە خۆپێدا شۆڕكردنەوەیەو بە فیڕۆدانی خاكە، تازە بۆ ئەبەد لەگەڵ یەكتری ھەڵناكەین، وا باشە ھەموو ئەو ناوچە كوردستانییانەش لە ئێستاوە پاك بكرێنەوەو چیتر یاری بە خوێنی شەھیدان و قوربانیی پێشمەرگە نەكرێت، شەڕەكە دەستپێكراوەو خەڵكی چەكیان ھەڵگرتووە، ھەلەیە بە ئاگربەستێكی بێ مانا ئەو شەڕە ستراتیجییە سارد بكرێتەوە، ھەمیشە كورد ئەوەی بە ھێز بە دەستی دەھێنێت لەسەر مێزی گفتووگۆ لەدەستی دەدات و لە دەستی داوە، ئێستاش دەرفەتەكە گونجاوە شەڕی ئەمڕۆ نەخرێتە سبەی، پێویستە بە جورئەتەوە بڕیار بدرێت حەشدی شەعبی و ھێزەكانی دیكە لە ناوچە كوردستانییەكان وەدەر بندرێن و لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە پارێزراو بن.

لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەیە، ھێزە كوردییەكان، ھەر نەبێت لەسەر پرسی خاك و نیشتیمان یەكھەڵوێست بن و دابەش نەبن، ھەموویان بە یەكدەنگ بڕیار لەسەر ئەو پرسە چارەنووسازانە بدەن، دۆڕاندنێكی گەورەو مێژووییە ئەگەر ئەمجارە خاكی پیرۆزی كوردستان بكرێتە قوربانی بەرژەوەندی كەسی، یاخود لە رقی یەكتری بدرێتە ھێزێكی غەیرە كوردی.

بە ھیوای ئەمجارە دەرفەتەكە بقۆزرێتەوە و وەك ھەموو جار گۆڵمان لێ نەكرێت و خاك لە دەست نەدەین، ھەموو میللەتی كورد چاوەروانە سەركردەكانی كورد بڕیاری حەكیمانە بدەن و وێرای كێشە ناوخۆییەكان، لەسەر ئەو جۆرە پرسانە یەكھەڵوێست بن و یەكگرتوو بن و بە ھێزێكی پتەوەوە رووبەرووی دوژمنانی كورد ببنەوە.