گەورەترین كێشەمان بێ دەوڵەتییە

Kurd24

كۆبوونەوەی 6 ی حوزەیرانی 2017 ی لایەنەكان، بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی جیاواز و مێژوویی بوو، بە دیاریكردنی كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و نانی ھەنگاوی كردەیی بۆ ئەو پرۆسەیە، ھەمووان بە ئەنجامی كۆبوونەوەكە دڵخۆش بوون، لەمەودوا دەبێت دروشمەكانمان لە "بەڵێ بۆ ریفراندۆم" بكەینە "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی"، چونكە ئەوە  سەركردایەتی سیاسی كورد كاتی دیاریكرد و ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت و قۆناخی "بەڵێ بۆ ریفراندۆم" تێپەڕی. ماوەتەوە ئەوەی بە بەڵێ كانمان بەشدار بین لە سەرخستنی پڕۆسەكە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ھێشتا خواستێك ھەیە، پرۆسەكە رەتدەكەنەوە، نەوەیەك پێگەیێندراوە، بە ھەموو شتێك دەڵێت "نەخێر"، دژی ھەموو شتێكە كە ئەو نەیكات، نەوەیەك وا پەروەردە كراوە كە ھەر شتێك پارتی یان یەكێتی تێیدا بەشدار بوون، رەتی بكەنەوە و لەگەڵیدا نەبن، عەدەسەیەكی ھێندە تەسك رادەستی كەسانێك كراوە كە مەودایەكی زۆر كورت و شەخسییانەی ھەیە و چەند مەترێك دوورتر نەبینێت. تا ئێرە ئاساییە، بەڵام ناكرێ دژی ئایندەی نەتەوەیەك بووەستیتەوە كە چەند سەت ساڵە قوربانی دەدات و بۆ ئەو خەونە تێدەكۆشێت، ئەگەر بڕیار بووایە لەگەڵ سەربەخۆییدا نەبین، ئەو ئەو خەبات و شەڕە بۆ كرا؟ بە ئاسانی دەمانتوانی نكۆڵی لە كورد بوونمان بكەین و دۆخێكی زۆر لەوە باشترمان لە ھەر چوار پارچەی كوردستان دەبوو، بەڵام ئێمە كە دەڵێین كوردین، بۆ ئەوەی ناسنامەكەمان دیار بكەین، كیانەكەمان رێكبخەین، خەونەكانمان بكەینە راستی و چیتر وەك خەون نەیان بینین، ئێستاش باشترین كاتە بۆ ئەمە. كاروان دەڕوات، ھەر كەسێك خۆی لە كاروان داببڕێنێت لەمەڕ پرسی سەربەخۆیی، پێم وایە جێدەمێنێت و ھیچ شتێك پاساو نییە بۆ رەتكردنەوەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی.

كاتێكی كەممان لەبەردەستە بۆ 25-9، لەو كاتەدا حزبەكانی كوردستان و حكومەتی ھەرێمی كوردستان پێویستە چەند شتێكی گرنگ بكەن:

چەند ساڵێكە تووشی دۆخێكی سەختی دارایی و ژیان بووین، بڵێیت و نەڵێیت باری خەڵكی یەكجار خراپە، پێویستە خەڵك لەوە دڵنیا بكرێتەوە كە دۆخەكە لەوە خراپتر نابێت، ژیان لەوە سەختتر نابێت و بگرە ئەگەر بووینە خاوەن دەوڵەت ئەوە گەرەنتیی ئەوە ھەیە دۆخەكە بەرەو باشی ببردرێت و بژێوی ژیانی خەڵكی خۆش بكرێت. نەیارانی پرۆسەكە خەڵكی وا دەترسێنن كە ئەگەر سەربەخۆ بووین، ئیتر دونیا وێران دەبێت و ھەموومان دەمرین لە برسان، خەڵكانێكیش باوەڕ بەمە دەكەن، بۆیە گرنگترین كارتی دەست نەیارەكانە، پێویستە ئەو بڕوایە لای خەڵكی برەوێندرێتەوە لەوە دڵنیا بكرێنەوە.

دوای ئەوە لیژنەی باڵای ریفراندۆم كە نوێنەری ھەموو پێكھاتە و لایەنەكان لەخۆ دەگرێت، لە ناوخۆ و دەرەوە رۆ بچێتە نێو كۆمەڵگە، لە ناوخۆ چەندین دیداری گرنگ لەگەڵ خەڵكی ساز بكرێن، چەند پسپۆرێكی دەروونی و كۆمەڵایەتی  بەشدارییان پێ بكرێت، كەسانێكی خاوەن ئەزموون لە دەرەوە بھێندرێن كە ولاتەكانیان بەو ئەزموونەدا تێپەڕیون، بارودۆخەكە بۆ خەڵكی روون بكەنەوە و كۆ دەنگییەكی كۆمەڵایەتی لەنێو خەڵكیدا دروستبكەن، وێنە جوانەكەی پیشانی خەڵكی بدەن و ترسی خەڵكی بڕەوێننەوە، چەند پەرتووكێكی گرنگ لەبارەی سەربەخۆیی وڵاتان بڵاوبكرێنەوە.

لە دەرەوەش پێویستمان بەوەیە دەنگمان یەكبخەین، لۆبییەكی یەكخراو دروستبكەین، چەند شاندێك سەردانی وڵاتان بكەن دەنگی كورد بە بەھێزی بە دەرەوە بگەیەندرێت نەك پەرت و بڵاو بكرێت، جگە لەوەش رەوەندی كوردی گەرەكە رۆڵی خۆی بگێڕێت، لە ئاشناكردنی مێژووی كورد و دۆخی كورد بە وڵاتان و خەڵكی دەرەوە كە ھێشتا زۆریان ئاشنا نین پێمانەوە.

كەسانێك دژی سەربەخۆیی و ریفراندۆم بە ئەجێندای دەرەوە كار دەكەن، پێویستە پارتی و سەرجەم لایەنەكانی دیكە، یان ئەنجومەنێكی سەربە لیژنەی باڵای ریفراندۆم بە شێوەیەكی ئەكادیمییانە وەڵامیان بداتەوە، بیروراكانیان لە رێی بەڵگە و واقیع بە درۆ بخرێنەوە و دروشمەكانیان بكرێنە بڵقی سەرئاو، بە ھەڕەشە و گوڕەشە و قسەی ناشیرین و جنێو دۆخەكە ساڕێژ نابێت و لایەنە كۆك و ناكۆكەكان زیاتر لە یەك دوور دەكەونەوە، بەلام ئەگەر ئەكادیمیانە وەڵامت دانەوە، خەڵك خۆی راستییەكانی بۆ دەردەكەوێت.

پرۆسەی ریفراندۆم و گەیشتن بە سەربەخۆیی، تەنھا ئیشی حزبێك و سەركردەیەك نییە، تەنھا بۆ بەرژەوەندی ئەویش نییە، وەك ئەوەی ئێستا خەڵكی وا دژی پرۆسەكە ھان دەدرێت كە ریفراندۆم بۆ پارتییە و دەستكەوتەكانیشی تەنھا بۆ پارتی و خودی بارزانییە، بەم خاڵە خەڵكی لە دژ كۆدەكرێتەوە و سواری شەپۆڵی نارەزاییەكانی خەڵك دەبن، بۆیە پێویستە ھەموو تاكەكان رۆڵی خۆیان لە سەرخستنی ئەو پرۆسەیە ببینن، من و تۆ و ئێمە و ھەموومان پێویستە لە دەورووبەری خۆمان دەستپێبكەین لە ھۆشیاركردنەوەی یەكتری و ئاراستەكردنیان بۆ سەربەخۆیی، لە سۆشیال مێدیا و ھەموو ئەو رێگایانەی دەتوانین، گەرەكە دەنگی بەڵێ كۆبكەینەوە، پرۆسەكە بە سوودی ھەموومانە و ھەموومان دەستكەوتەكەی دەخۆین.

راستە كەموكورتییەكان زۆرن، حكومەتمان كەمتەرخەمیی زۆرە، یاسا سەروەر نییە و گەندەڵی ھەیە و دادپەروەری نییە، حكومڕانی وڵات بە دڵی ھەموومان نییە، بەڵام ئەوە ھەمووی لە ئەنجامی دەردی بێ دەوڵەتییە، لە ئەنجامی نەبوونی چوارچێوەیەكی رێكخراوە كە پێی بگوترێت دەوڵەت، پێویستە لەمەودوا بە بەڵێكانمان ئەو دەردە درێژخایەنەمان چارەسەر بكەین، ئەگەر چوارچێوەی دەوڵەتمان بۆخۆمان دانا، دەتوانن دوای ئەوە پەنجە بخەینە سەر یەك بەیەكی كەموكورتییەكان و ستەمێكی زۆر گەورە لە خۆمان و مێژوومان دەكەین كە بە دووربینی كەسی لەو پرۆسەیە بڕوانین. پێم وانییە ھیچ وڵاتێك ھەبووبێت، بەر لە بە دەوڵەتبوونی، گورگ و مەڕ پێكەوە ئاویان خواردبێتەوە، دیموكراسی لە لووتكە بێت، پەرلەمان ئەو پەڕی كارایی ھەبووبێت و ژیانی ھەمووان لەو پەڕی خۆشی بووبێت، بەڵكو نەترساون و بڕیاری بوێرانەیان داوە بە دروستكردنی دەوڵەت، ئینجا یەك بە یەكەی كێشەكان چارە كراون، بڕیاری بوێرانەیان داوە، نەترساون، بوونەتە خاوەن وڵات و ئێستاش لەوپەڕی زلھێزین. ھەرچەندە ئەو ئامادەكارییانەی باسمان كردن، دەبوو دەمێك بوو بكرانایە، بۆ ئەوەی پرۆسەكە ئێستا ئاسان ببێت، بەڵام حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە دەگمەن پلانی پێشوەختەی ھەبووە و خۆی بۆ رووداوەكان ئامادە كردووە، ھەمیشە لە كاتی روودان یان دوای روودان، كارەكانی ئەنجامداوە، بەڵام بۆ ئەوە ئێستاش درەنگ نییە و دەكرێت ھەنگاوی جددی بندرێت.

عەیبەیەكی گەورەیە لەوە زیاتر بێ دەوڵەت بین، كورد بڕیارە چارەنووسساز و بوێرانەكەیدا و ناوچە كوردستانییەكای دەرەوەی ئیدارە ھەرێم بەشدار دەبن، كورد تینووی سەربەخۆییە، دڵنیام سەردەكەوێت و ساڵی گەیشتنە بە ئاواتە لەمێژینەییەكانمان، پێویستە گوێ لە ناڕازییەكان و دژەكانیش بگیرێت و رەخنەكانیان لەبەرچاو بگیرێن، كەموكوڕییەكان لە ناوخۆدا یەكجار زۆرن، بەڵام گەورەترین كێشەو كەموكوڕیمان بێ دەوڵەتی و مانەوەیە لەژێر سێبەری عێراقدا، دڵنیام ھەركات ئەو كێشەیە چارەسەر كراو چوارچێوەیەكمان داڕشت، چارەی ئەوانی دیكە ئاسانە، ئەوەی ئێستا گرنگە، كێشەی بێ دەوڵەتی چارەسەر بكەین.