گەندەڵی نەخۆشی سەردەم

Kurd24

رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، وشەی گەندەڵی بە "بەکارهێنانی پلە و پایەی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەت" پێناسە دەکات، هەروەها بانکی نێودەوڵەتیش گەندەڵی بە "خراپ بەکارهێنانی سەروەت و سامانی گشتی بۆ دەستکەوتی تایبەتی" پێناسە دەکات.

گەندەڵی یەکێکە لە نەخۆشییە هەرە قووڵەکانی ناو کۆمەڵگە. تا دێت زیاتر دەبێت، بەتایبەتیش لە نێو دەزگا ئیدارییەکان، ئەویش بەهۆی  لاوازی دامەزراوەکانی حکومەت. ئەوەشمان لە یاد نەچێت گەندەڵی بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم پێشکەوتنی ئابووری هەر وڵاتێک. هەروەها دەبێتە هۆی لەناوبردنی متمانەی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە دامەزراوە گشتیی و حکومییەکانی وڵات.

لەم چەند ساڵانەی دواییدا، سەرەڕای دروستبوونی  چەند لێژنەیەک دژ بە گەندەڵی لە نێو دامەزراوە حکومییەکان، بەمەبەستی نەهێشتن و بەرەنگاربونەوەی  گەندەڵی، کەچی تا ئێستا ئەو دیاردەیە  هەر ماوە.

بێگومان گەندەڵی تێچوونێکی زۆری کۆمەڵایەتی و ئابووری هەیە، چونکە کار دەکاتە سەر رێڕەوی گەشەسەندنی دیموکراسییەت لە وڵات.

بۆیە شەڕی دژ بە گەندەڵی پێویستی بەهەماهەنگی هەیە  لە نێوان دەوڵەت و رێکخراوە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، بەئامانجی گەمارۆدان و ئاشکراکردن و بڕینی هێڵەکانی هەماهەنگی لەنێوان گەندەڵکاراندا. بێگومان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەش دەبێت ستراتیژیەتێک بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دابڕێژرێت لەسەر بنەمای هاریکارییەکی پتەو لە نیوان دەسەڵاتدارانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی، ئەمە جگە لە بوونی هاریکارییەکی گشتی لە نێو وڵاتەکەدا لەگەڵ هاووڵاتیان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

گەندەڵی سیاسەت خۆی لە خۆیدا لادانێکە لە بنەما دیاریکراوەکانی پەیڕەو و پرۆگرامەکانی کوتلە و پارت و رێکخراوە سیاسییەکان. یاخود فرۆشتنی بنەمای رێکخراوێک یان پارتێک بۆ کوتلە نەتەوەییە نێودەوڵەتی، ئەمەش دەچیتە قاڵبی خیانەتکاری. هەرچی گەندەڵی بەڕێوبەرایەتیە ئەوە پەیوەستە بە دیاردەی گەندەڵی و لادانی ئیداری لە رێگەی رێکخراوەکان، کە لەلایەن کارمەندێکەوە دەکرێت لەکاتی بەڕێوەبردنی کارەکانی بە پێچەوانەی بنەما یاساییەکان کارکردن، واتە هەلقۆستنەوەی پلە و پایەی ئیداری بۆ قازانج کردن بە شیوەیەکی نا شەرعی.

هەروەها گەندەڵی داراییش بەشێکی ترە لە دیاردەی گەندەڵی، ئەویش لادانە لە یاسا و رێسا داراییەکان کە پێویستە هەموو لایەک پێیەوە  پابەند بن بە تایبەتی لە نێو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. دواتریش گەندەڵی ئەخلاقی هەیە، کە بەستراوەتەوە بە لادانی ئەخلاقی و هەڵسوکەوتە  نا جێگیرییەکانی  تاکە کەس دوور لە بەها پەسندکراوەکانی ئایینی و کۆمەڵایەتی. 

بێگومان هەموو جۆرە گەندەڵیەکان کاردانەوەی نەرێنیان هەیە لەسەر باری ئابووری و کۆمەڵاتی وڵات و دەبنە رێگر لەبەردەم رێڕەوی گەشەسەندن و دیموکراسیەتی ناوچەکە، بۆیە پێویستە لەسەر حكومەتەکان لە گشت وڵاتانی جیهان کار بکەن بۆ توندکردن و بەهێزکردنی بەهای شفافیەت لە پێناو بڵاوکردنەوەی کولتووری نەهێشتنی گەندەڵی.