"موشەکی جەژنانە"

Kurd24

ئەو موشەکباران و وەشاندنە سەربازیانەی لەدوای (16ی ئۆکتۆبەرەوە) ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، لەحاڵەت دەرچوون و بوون بەدیاردە و کارەکتەری سەرەکی ئەم جموجۆڵە سەربازییە و بریکارەکانیشی روون و ئاشکران و بەئاشکرا یان لەڕێگەی گوتەبێژی دەوڵەتەوە دەیڵێن یاخود له پێگە ئەلیکترۆنیەکانی میلیشیا شەڕکەرەکانەوە بڵاوی دەکەنەوە، ئەگەر ئەم گوشارانە لە سه‌رده‌می پێشتر بۆ ملکەچکردنی هەولێر بووبێت بۆ قبوڵکردنی چوارچێوەی عێراقیبوون و نەپچڕانی هیلالی شیعی، ئەوا لەدوای جەنگی (ئۆکرانیا  و  رووسیا) بۆ لێدانە لە پێگە ئابووریی و وزەییەکەی هەرێمی کوردستان.

جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا رووداو و پێشهاتی نوێی بۆ هەموو جیهان و بەتایبەت بۆ کیشوەری ئەوروپای دروست کردووە و ئاسۆی چارەسەربوونیشی زۆر دوور خۆی نیشان دەدات، بۆیە دەوڵەتانی ئەوروپی و بگرە ئەمه‌ریکاش بەدوای دۆزینەوەی وزەی جێگره‌وه‌ی ئەو وڵاتەوەن، بۆ ئەو مه‌به‌سته‌ش روویان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سعودیە، ئیمارات، ئیسرائیل، ئوردون، هەرێمی کوردستان .......) چەند شوێنێکی دیکە کردوە، راستە پرۆسەی کاری وزە بەتایبەت غاز زۆر ئاڵۆزە و زۆری دەوێت، به‌ڵام هێشتا لێناگەڕێن ناچاری چۆکیان بۆ رووسیا پێ دابدات و لەم چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان دەیەوێت سوود لەم درفەتە وەربگرێت.

ئێران لەم پێشهاتە نوێیەی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا هیواخوازبوو ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانەکانی وزەکەی بکەن بە جێگره‌وه‌ی رووسیا، بۆ ئەمەش بەرامبەر کۆمەڵێك دۆسیه‌ چاوپۆشی لێبکەن، بەڵام ئەمه‌ریکا و دۆستەکانی ئەم ئۆپشەنەی ئێرانیان هەڵنەبژارد و بەدوای بەدیلی دیکەدا دەگەڕێن، ئەمەش کۆماری ئیسلامی ئێرانی نیگەران کردووە و خۆی و بریکارەکانی لەهەوڵی دروستکردنی لەمپەر و بەربەستدان، بۆ ئەوەی سەرەنجام ویستەکەی خۆیان بێتەدی و بۆئەمەش هەموو رێگایەك دەگرنەبەر.

کەوابوو هێرشی مووشەکی راستەوخۆی ئەو وڵاته‌ و هێرشی میلیشیا بریکارەکانی سەر بەو وڵاته‌ بۆ سەر کوردستان، بۆ لێدانە لە پێگە ئابووری و وزەییەکانی کوردستان و هەڵبژاردنی و لێدان لەماڵی شێخ بازی خاوەنی کۆمپانیای کار و دواتریش پاڵێوگەکانی سووتەمەنی لە قەزای خەبات و کەورگۆسك راستی ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاته‌وه‌ەوە. جگە لەوەش ئەو هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە ناوخۆیانەش لەلایەن هێزەکانی سەر بە بەرەیی به‌رگری (جبهة مقاومة) لەچوارچێوەی هەمان هەوڵی ئەو وڵاتەدایە.

لە یەکەم شەوی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا ئەو وڵاته‌ و ئەوانەی کە جەنگی بەوه‌كاله‌تی بۆ دەکەن، لەبری جەژنانە و جەژنە پیرۆزە و دڵدانەوەی هەولێر بۆ مووشەکبارانەکانی مانگی ئەپریڵی رابردوو، جارێکی دیکە مووشەکیان تێگرتینەوە و مووشەکە جەژنانەیان بۆ ناردین.

هەرێمی کوردستان بە ئیرادەیەکی بەهێز و پشت ئەستوور بە مافی رەوای گەلەکەی، خۆی لەسەر سیاسەتی راستەقینەی پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و پاراستنی هاوسەنگی دیبلۆماسی و پەیڕه‌وکردنی بەرژەوەندی دوولایەنە لە سیاسەتکردندا بەردەوام دەبێت و تازە دۆزی گەلی ئێمە لەوە چووەتەدرەوە چۆك بۆ چەند مووشەکێك دابدات و بێگومان لەسەر راستەڕێی خۆی بەردەوام دەبێت و لەم بارەشەوە پێویستی بە پشتگیری و سەپۆرتی دۆستەکانی لە ئەمه‌ریکا و رۆژائاوا و وڵاتانی دیکەی دونیا هەیە، بۆ ئەوەی وەك هەمیشە بە فاکتۆری ئارامی ناوچەکە بمێنێتەوە و بەردەوام بێت.