کۆنفڕانسی COP28 لە دوبەی و گرنگی بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Kurd24

کۆنفرانسی (Cop28) کۆنفرانسێکی جیهانی تایبەتە بە پاراستنی کەشوهەوا و ژینگەی گۆی زەوی و كه‌ رێکخراوی 28 ەمین کۆنفرانسی ئەو دەوڵەتانەیە کە واژۆیان لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگه‌ی زەوی کردوە و راستەوخۆ نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات و ئەم کۆنفرانسە بەرمەبنای رێککەوتن و واژۆی کۆمەڵێک لە وڵاتانی جیهانە لەساڵی 1992 ەوە ئامانجی کەمکردنەوەی رێژەی گازی زیانبەخش لەگۆی زەویدا و ئەمساڵ وڵاتی ئیمارات میوانداری ئەم کۆنفرانسە گەورەیە دەکات، لەماوەی سێزدە رۆژی کۆنفرانسەکەدا زۆر بابەتی گرنگ و هەستیار دێنە بەرباس و گفتوگۆو نزیکەی 160  سەرۆک و سەرۆکوەزیران و چەندین وەزیر و کەسایەتی سیاسی جیهانی میوانی کۆنفرانسەکەن.

* راستە ناوەرۆک و ئامانجی کۆنفرانسەکە بابەتی ژینگه‌ و کەشوهەوا و پاراستنی هەسارەی زەوییە لەو گەرمبوونەی کە لە بەرگە هەوای زەویدا روویداوە، بەڵام بێشک کۆبوونەوە سیاسیەکانی پەراوێزی ئەم کۆنفرانسە هیچی کەمترنییە لە ناوەرۆکی کۆنفرانسەکە و پانێلەکانی، چونکە دۆخی سیاسی ناوچەکە تەواو ئاڵۆز و ناسەقامگیرە و شەڕی حەماس و ئیسرائیل دۆخێکی هێناوەتەوە ئاراوە کە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە ئەمە جگە لە سەرنجی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمه‌ریکا لەسەر چەکە ناوەکییەکانی ئێران و ئەو ده‌ستوه‌ردانانه‌ی لە ناوچەکە هەیەتی و لێدان لەپێگە و بنکە و بارەگاکانی ئەمه‌ریکا و ئەوروپا لەلایەن گروپەکانی سەر بەئێرانەوە بەتایبەت لە سوریاو عێراق، بێگومان بابەتی وزە و ئەو پێوویستیانەی بازاڕی ئەوروپا و تاڕادەیەکیش ئەمه‌ریکا بۆ غاز هەیانە لەدوای جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوه‌ تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە پەراوێزییەکان دەبێت و هەرێمی کوردستانیش بۆ دەرچەیەکی یەکجارەکی ئەم بابەتە لە هەوڵدایە و دەیەوێت خۆی لەو کۆت و بەندە رزگار بکات کە دادگای نێوبژیوانی پاریس خستویەتییە گەردنی.

*ئەگەرچی هەرێمی کوردستان رەنگە کەمترین دەستی لە پیس بوون و گەرمبوونی بەرگەهەوای زەویدا هەیە، بەڵام بێشک پیسبوونی بەرگەهەوا سنوور ناناسێت و هەموومان توشی بەڵاو نەخۆشی دەکات و عێراقیش وەک دەوڵەت لەڕیزی ئەو پێنج دەوڵەتەدایە کە وشکەساڵی و بەبیابان بوون و خراپبوونی کەشوهەوا زۆرترین کاریگەری لەسەر داناوەو سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە لە دەرەوەی عێراقن لە وڵاتانی تورکیاو ئێرانن ئەوانیش بەبێ گوێدانە ڕێککەوتننامە جیهانیەکانی تایبەت بە ئاو بەکەیفی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن ئەمەش زۆرترین زیانی بەعێراق و بگرە ئێمەش گەیاندوە ڕێژەی بەبیابان بوون کۆچی گوندەکان بەرەو شارەکان بەتەواوی زۆر بوەو ئەمەش زیانێکی گەورە بە بەرهەم و بەژیانی خەڵکی دەگەیەنێت

* پرسیاری هەرە جدی لێرەدا ئەوەیە ئایا بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بە دوو وەفد بۆ ئەم کۆنفڕانسە مانای سیاسی لەخۆناگرێت؟ بێشک ئەو بانگهێشتە فەرمیانەی بۆ هەرێمی کوردستان هاتوون واتای گەورەو گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان دەردەخات لەناوچەکەداو وەک پێگەیەکی حساب بۆکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و لێرەوە دەبێت لەوە تێبگەین کە ئێمە نەک تەنها بۆ کۆنفڕانسە سیاسیەکان بەڵکو بۆ کۆنفڕانساتی مەناخ و کەشوهەواش بانگهێشتمان هەیەو ئەم بانگهێشتنامانەش بەجۆرێک لەجۆرەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هەوڵانەیە کە دەویسترێت هەرێمی کورستانی پێ بچوک بکرێتەوەو لاواز بکرێت

*رەنگە ئێستا زۆرێک بپرسن جا ئەم کۆنفرانسە چی سوودێک بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت؟

بێشک ئەم کۆنفڕانسە ڕۆڵی کاریگەرو گرنگی خۆی هەیەو ماوەیەکی چەند ڕۆژێکیش دەخایەنێت لەم ماوەیەدا وەفدەکانی هەرێمی کوردستان دەیان و بگرە سەدان سەرۆک سەرۆک وەزیران و وەزیرو کەسایەتی جیهانی خاوەن کۆمپانیا گەورەکانی جیهان دەبینن و لەو دیدارانەشدا دۆخی پەیوەندیەکانی هەولێرو بەغداو ئەو پێشێلکاریانەی بەغداد بەرامبەر بەمافەکانی هەرێمی کوردستان دەیکات و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی دوای بڕیاری ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستانی هێناوەتە پێشەوە دەخرێتە بەرباس گفتووگۆو هەرێمی کوردستان هەمیشە دەیەوێت سوود لەم کۆڕبەندو چالاکیانە وەربگرێت بۆ بەرەو پێشبردنی دۆخی سیاسی و ئابوریەکەی ڕزگاربوون لەو برسێتی و چەوسانەوە سیاسیانەی بەرامبەر بە مافەکای دەکرێت و دەیەوێت بەجیهانی ڕابگەیەنێت ئێمە هەرێمێکین ڕۆڵی کاراو کاریگەرمان لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە هەیەو بۆ هەمیشەش دەمانەوێت درێژە بەو ڕۆڵە چاکەوازیە بدەین کە هەمانەو بۆ ئەمەش پێوویستمان بە پشتگیری جۆراوجۆری ئێوە هەیە.