پێکهاتەکانی پەرلەمان لە نێوان چەکوشی پەرتەوازەکردن و واقعی مانەوەدا

Kurd24

یەکێک لەو پرسانەی بەشێک لە پارتە سیاسیەکان دەیانەوێت لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992) ھەموارکراو گۆڕانکاری تێدا بکەن، پرسی پێکھاتەکانە، بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەیان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کردووە.

لەم پڕۆژەیەدا داوای گۆڕانکاری کراوە لە دوو بابەتی پەیوەست بەم پرسە، ئەوانیش کورسی تاییبەت بە پێکھاتەکان و تۆماری دەنگدەرانی تاییبەت بە خۆیانە، بۆیە دەمانەوێت شیکردنەوەیەک بۆ ئەم دووبابەتە بکەین بزانین تا چ ئاستێک گونجاوە:

یەکەم: کورسی پێکھاتەکان

فەلسەفە و دانایی لە بوونی پێکھاتەکان بە تاییبەت لە پەرلەمانی کوردستان بۆ چەند گرنگییەک دەگەڕێتەوە، لەوانە بەشداریپێکردنیان بە رێژەیەکی بەرچاو لە یەکێک لە ھەستیارترین دەسەڵات و دامەزراوەکانی ھەرێم، کە سەرچاوەی دەرکردنی یاساکانە، ئەم نوێنەرایەتییە دەبێت رەنگبداتەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش بە تایبەتی لە پێکھاتەی ئەنجوومەنی وەزیران و لەھەمان کاتدا لە دەسەڵاتی دادوەری.

دەربارەی دامەزراوەی دەسەڵاتی یاسادانان رێژەیەک دانراوە بۆ پێکھاتەکان، راستە ئەو رێژەیە بە بەراورد لەگەڵ کۆی تاکی پێکھاتەکان نا هاوسەنگە، بەڵام ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بەو پێکھاتانە بەمەبەستی پاراستنیان لە نەمان و کەمبونەوەی ئەو رێژەیە، سەرەڕای ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان ھەیە، بۆیە ئەوانەی داوای کەمکردنەوی ئەو کورسیانە دەکەن، لە حیکمەت و مەبەستی دیاریکردنی ئەو رێژەیەی کورسییەکان بۆ پێکھاتەکان نەگەیشتوون.

دەربارەی کورسییەکانی ئێستای پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان و دابەشکردنی بەسەر پارێزگاکان لە ئەگەری ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و گۆڕینی بازنەی ھەڵبژاردن لە یەک بازنەی بۆ فڕەبازنەی رووبەڕووی کێشەیەک دەبینەوە وەک: 

1- لەسەر چ بنەمایەک کورسیەکان بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێت؟ ئایا تاکو ئێستا سەرژمێریەکی دروست کراوە بۆ ئەوەی بزانرێت ژمارەی پێکھاتەکان لە ھەر پارێزگایەک چەند دەبێت، تاکو بە گوێرەی ئەو ژمارەیە کورسی پێکھاتەکان بەسەر پارێزگاکان یان بازنەکان دابەشبکرێت؟

2- لە گریمانەی دانانی کورسی پێکھاتەکان بەسەر پارێزگاکان کێبرکێ و دەنگدان چۆن دەبێت؟ ئایا لەسەر ئاستی نشتیمانی دەبێت وەک ئەوەی بۆ مەسیحی سابیئە کراوە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؟ یان لەسەر ئاستی پارێزگاکان دەبێت؟

بۆیە بە بۆچوونی من کێشەی خاڵی یەکەم کێشەیەکی زۆر گەورە دەبێت لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان لە ئەگەری دابەشکردنی کورسی پێکھاتەکان بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردن بەھۆی نەبوونی پێوەرێکی دیاریکراو بۆ دەرخستنی داتای دروستی پەیوەست بە پێکھاتەکان. لەبەرئەوە باشتر وایە ئەم پرسە وەک خۆی بمێنێتەوە و دەستکاری نەکرێت.

دووەم: تۆماری دەنگدەران

یەکێک لە داواکاریەکانی ھەندێ پارتی سیاسی و تەنانەت ھەندێ پارتی سیاسیی پێکھاتەکانیش ئەوەیە، داوای جیاکردنەوەی تۆمارێکی دەنگدەرانی تایبەت بە پێکھاتەکان دەکەن. ئایا ئەم داواکارییە رەوایە؟ ئایا ئاسەوارەکانی جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە چی دەبێت؟ بێگومان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە لە ھۆکار و ئامانجەکانی خستنەڕووی ئەم داواکارییە بکۆڵینەوە، دواتر لە روانگەی چەند رێسایەکی نیشتمانی و نێودەوڵەتی باس لە ئاسەوارەکانی بکەین. بۆ ئەم مەبەستە دەمانەوێت لەچەند بوارێکدا لێکدانەوە بۆ ئەم بابەتە بکەین وەک:

1- لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی:

ئەم داواکارییە پیچەوانەیە لەگەڵ ھەندێ لە دەقەکانی بەڵگەنامە و رێککەوتنەکانی نێودەوڵەتی، بۆ نمونە ئەگەر سەیری جاڕنامەی گەردوونی بۆ مافەکانی مرۆڤ بکەین (1948) دەبینین لە ماددەکانی (1، 2 و 21) باس لەرێگریکردن دەکات لە جیاکاری لە نێوان مرۆڤەکان و ھەر ھۆکارێک و گرتنەبەری ھەر ڕێکارێک بە گوێرەیەوە جیاکاری بکرێت لە نێوان مرۆڤەکان لە پیادەکردن و سودمەندبوون لە مافەکانیان، ئەوەی داوا دەکرێت دەربارەی پێکھاتەکان لەم پڕۆژەیە دەبێتە بەشێک لە جیاکاری لە نێوان دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان لە پیادەکردنی مافی پاڵاوتن و دەنگدان، بۆ نمونە لە ماددەی (1) ھاتووە (ھەموو کەسێک بە ئازادی لە دایک دەبێت و یەکسانن لە رێزگرتنیان و دابینکردنی مافەکانیان..). ھەروەھا لە ماددەی (2) ھاتووە کە (ھەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە سوودمەند بێت لەھەر ماف و ئازادیەک کە لەو جاڕنامەیەدا ھاتووە بەبێ جیاکاری لە نێوانیان بەتایبەت جیاکاری بەھۆی نەتەوە، رەنگ، رەگەز، زمان، دین، بیرۆبۆچوونی سیاسی و ناسیاسی، بنەرەتی نشتیمانی و یان کۆمەڵایەتی، سامان، لەدایکبوون، یان ھەر بارێکی دیكه‌، لەگەڵ ئەوه‌شدا ناکرێت جیاکاری بکرێت لەسەر بنەمای باری سیاسی و یان یاسایی یان نێودەوڵەتی بۆ وڵاتەکە، یان ئەو ھەرێمەی کەسەکە لەسەری دەژی، ئینجا ئەو ھەرێمە سەربەخۆ بێت یان لە ژێر ویسایە بێت، یان خاوەنی ئیرادەی خودی نەبێت، یان ملکەچ کرابێت بۆ ھەر کۆتێکی دیكه‌ لەسەر سەروەریەکەی. بەھەمان شێوە مادەی (21) لەھەمان جاڕنامە دووپاتی ئەم پرسە دەکاتەوە لەجەند خاڵێک وەک:

ا- ھەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی ھەیە لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی وڵات، راستەوخۆ یان لە رێگەی نوێنەرەکانی کە ھەڵیبژاردون بە ئازادی.

ب- ھەموو کەسێک بە یەکسانی لەگەڵ ئەوانی دیكه‌ مافی پیادەکردنی فەرمانبەرێتی گشتی ھەیە لە وڵات.

ج- ویستی گەل کە پۆپکەی دەسەڵاتی فەرمانڕەواییە، ئەو ویستە دەبێت لە رێگەی ھەڵبژاردنێکی ئازاد بھێنرێتەدی و بەشێوەیەکی یەکسان لەنێوان دەنگدەران و دەستەبەری ئازادی دەنگدان و خۆپاڵاوتن بکەن.

لە خستنەڕووی ئەم دەقانە بۆمان دەردەکەوێت، کرۆکی ئەم داواکارییە جیاکاری لە نێوان دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان دروست دەکات لە پیادەکردنی مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن.

2- لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان:

لەم بارەدا بەدواداچوون لەسەر ئەم پرسە دەکەین بۆ ئەوەی بزانین تا چەند گونجاوە لەگەڵ دەقەکانی دەستووری عێراق و یاسا بەرکارەکان لە ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە:

ا- دەستوور

ئەگەر سەیری دەستووری وڵات بکەین (2005) بە راستەوخۆ یان بە ناڕاستەوخۆ ھیچ دەقێک نابینین ئەوەی لێھەڵبھێنجرێت، کە پێکھاتەیەک تۆمارێکی دەنگدەرانی تاییبەت بەخۆی ھەبێت یان ھەر ھەڵسوکەوتێکی جیای بۆ بکرێت لەوەی باوە بەپێی رێسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا کارپێکراوەکان، بە پێچەوانەوە مادەی (14) لە بابی ماف و ئازادییەکان پێداگری لەسەر یەکسانی و نەبوونی جیاکاری دەکاتەوە وەک ھاتووە (ھاونشتیمانیان یەکسانن بەرامبەر یاسا بەبێ جیاکاریکردن بەھۆی رەگەز، نەژاد، نەتەوە، رەچەڵەک، رەنگ، ئایین، رێچەکە، بیروباوەڕ، بۆچوون، یان باری ئابووری و کۆمەڵایەتی).

ب- یاساکان:

ئەگەر سەیری سەرجەم یاساکانی پەیوەندیدار بە پرسەکانی ھەڵبژاردن بکەین وەک یاسای ھەڵبژاردنی پەرله‌مانی کوردستان ژمارە (1) ی ساڵی (1992)، یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و قەزاو ناحیەکان ژمارە ( 4 ) ساڵی (2009)، ھەروەھا لەسەر ئاستی عێراقیش یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9) ساڵی (2020) ھیچ دەقێک نییە ئاماژە بەوە بکات، کە دەبێت تۆمارێکی تایبەت بە پێکھاتەکان ھەبێت.

ج- هەڵوێستی دادگای فیدراڵی:

ئەم دادگایە دژی ئەوە بووە تۆمارێکی تاییبەت بە پێهاتەیەکی دیاریکراو هەبێت یان جیاکاری بکرێت لە نێوان پێکهاتەکان لە پیادەکردنی مافەکانیان، بۆ نمونە ئەگەر سەیری بڕیاری دادگا بکەین ژمارە ( 43/ ئیتحادی/ 2021) دەبینین کاتێک داوای کورسی زیاتر کراوە بۆ پێهاتەی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک و لە هەمان کاتدا داوای تۆماری دەنگدەرانی تاییبەت بەو پێکهاتەیە کراوە، دادگا بەهۆی نەبوونی سەرژمێریەکی دروست بۆ زانینی ژمارەی دانیشتوانی کوردی ئێزدی لە پارێزگای ناوبراو و بە هۆی ئەوەی دەبێتە جیاکاری لە نێوان پێکهاتەکان و لە هەمان کاتدا نوێنەرەکان متمانەی دەنگدەران بەدەست دێنن لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی گشتی نەک نوێنەری پێهاتەیەکی دیاریکراو، بۆیە دادگا رەتی ئەم داوایە دەکاتەوە.

3- لە رووی ته‌كنیكییەوە:

گەورەترین گرفت ئەوەیە ناتوانرێت داتایەکی دروستی تاییبەت بە پێکھاتەکان دەست بخرێت، بە واتایەکی دیكه‌ ناتوانرێت لە کوردستان پێکھاتەیەکی وەک تورکمان بە نمونە دیاریبەکەین لە رووی ژمارەیانەوە، ئەگەر سەرژمێرییەکی دروست و نوێ نەبێت. گریمان دەکرێت بە پشت بەستن بە ناسنامە بەھۆی ئەوەی ئایینی مەسیحی لەسەر نووسراوە، بتوانین پێکھاتەی مەسیحی جیابکەیتەوە، بەڵام ئەوە بۆ پێکھاتەی دیكه‌ سەر ناگرێت. تەنانەت لەسەر ئاستی عێراق کارتی بایۆمەتری دەنگدان لە بنەرەتدا کە دروستکراوە ھیچ بوارێکی بۆ دیاریکردنی پێکھاتە و نەتەوە نەھێشتووه‌تەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دروستکردنی تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتری پشتی بە داتاکانی پسولەی خۆراک بەستووە، لەم پسولەیەش ئایینەکان و نەتەوەکان لەیەکتری جیا نەکراونەتەوە، چونکە بەجیاکاری دادەنرا.

بۆیە زۆر بەلامەوە سەیرە پێشنیازی لەم جۆرە دەخرێتەڕوو یان پێشنیازی تۆمارکردنی خۆبەخش بکرێت بۆ جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پێکھاتەکان لە کاتی پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، لە راستیدا ئەم پێشنیازە سەر دەکێشێت بۆ تۆمارێکی نادروست بە تایبەت ئەگەری ئەوە ھەیە نەتەوەی دیكه‌ بە ناوی نەتەوەی تورکمان یان مەسیحی خۆیان تۆمار بکەن بۆ ھەندێ مەبەست بە ئاراستەکردنێکی رێکخراو.