هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکەیی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەکەی لە رووی یاساییەوە

Kurd24

بەپێی مادەی حەوت لەیاسای پارێزگاکانی عێراق ژمارە (21) ساڵی (2008) کاتێك باسی دەستەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگا دەکات هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی و خودی پارێزگار بەم شێوەیە دەبێت:

یەکەم: پارێزگاری پێشوو لە ماوەی 15 رۆژ لە رۆژی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن داوای یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا دەکات، ئەگەر پارێزگار داوای نەکرد، ئەنجومەن رۆژێک دوای تەواوبوونی 15 رۆژەکە، واتە لە رۆژی شانزەهەم لە رۆژی پەسەندکردنی ئەنجامەکان دادەنیشێت، دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین ئەندام بەڕێوە دەچێت، لەم دانیشتنەدا بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجومەن سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی هەڵدە بژێردرێن، بۆ نموونە ئەگەر ئەنجومەنێك لە 12 ئەندام پێكهاتبێت، دەبێت حەوت ئەندامی دەنگ بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی بدەن.

لێرەدا تێبینی کێشەیەك دەکرێت کە یاسا دانەر چارەسەری نەکردووە، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەیەتی بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی، ئەی ئەگەر نەیانتوانی دەنگی زۆرینەی رەها بهێنێت؟ بۆ نموونە لە پارێزگای کەرکووك ئەگەر لە کۆی 16 ئەندامی ئەنجومەن بەربژێرێك هەشت دەنگی هێناو ئەوەی تر بەهەمانشیوە هەشت دەنگ، ئایا هاوکێشەکە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە چی دەبێت، بۆ چی لێرەدا یاسادانەر وەك هەڵبژاردنی پارێزگار پەنای نەبردۆتە بەر گەڕی دووەم؟، ئایا هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی گرنگترە لە هەڵبژاردنی پارێزگار؟، ئایا یاسا دانەر بە ئەنقەست تەنیا زۆرینەی رەهای داناوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی؟، بەمەبەستی دروستکردنی سازان و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکان بۆ ئەوەی لە یەکەم قۆناغ کە هەڵبژاردنی سەرۆك ئەنجومەن و جێگرەکەیەتی کاریگەری بکاتە سەر رێکخستنی زەمینەیەك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکەی؟، لە راستیدا لای ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارانە روون نییە، بەراورد بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئێستادا کە بەربژێرەکان نەیانتوانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان بەدەست بێنن بڕیاردرا بەرەو گەڕی دووەم بچن هەرچەند نە لە دەستوور و نە لە پێڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو بابەتەی یەکلایی نەکردۆتەوە. هەرچەندە بۆچوونێک هەیە، دەڵێت؛ دەبێت پڕۆسەکە دووبارە بکرێتەوە جارێکی تر دەرگای پاڵاوتن بکرێتەوە بۆ بەربژێرەکان، بەڵام ئەگەر هەر نەتوانرا ئەو رێژەیە بەدەستبهێنرێت چارەسەر چی دەبێت؟ بە بڕوای بەندە لێرەدا دەبێت پەنا ببیەنە بەر گەڕی دووەم و ئەو کات کام بەربژێر زۆرینەی دەنگەکانی هێنا ئەو دەبێتە پارێزگار.

هەروەها بەگوێرەی مادەی حەوتەم لە هەمان یاسادا دەربارەی هەڵبژاردنی خودی پارێزگار داهاتووە؛

حەوتەم: هەڵبژاردنی پارێزگارو جێگرەکەی بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە رۆژی بە ستنی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەن، ئەگەر هەریەکێك لە پاڵێوراوەکان زۆرینەی رەهایان نەهێنا، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، ئەوا لە گەڕی دووەم هەڵبژاردن لە نێوان ئەو دوو پالێوراوە ئەنجام دەدرێت، کە زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، ئینجا لە گەڕی دووەم کام بەربژێر زۆرینەی دەنگەکانی هێنا ئەویان دەبێتە پارێزگار.

بۆیە دوای ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی فیدراڵی لە 24/1/2024 ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسەندکرد بەپێی یاسا پارێزگار داوای دانیشتنی ئەنجومەن دەکات لە رێکەوتێکی دیاریکراو. بۆ نموونە ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگایەك لە 1/2/2024 یەکەم دانیشتن خۆی بەست، دەبێت لەم دانیشتنە سەرۆك و جێگرەکەی هەڵبژێرێت بۆ ئەنجومەن. ئینجا لەو بەروارەدا، 30 رۆژ لە بەردەمی ئەنجومەن دەبێت بۆ هەڵبژاردنی خودی پارێزگار، واتە دەبێت تاکو 2/3/2024 خودی پارێزگار و جێگرەکەی هەڵدبژێردرێن، ئەگەر هاتوو لە پارێزگایەك چەند بەربژێرێک هەبوون لە نموونەی رابردوو، کە ئەنجومەن لە 12 ئەندام پێکهات بێت، بەربژێری یەکەم 5 دەنگی هێنا، بەربژێری دووەم 4 دەنگ و بەربژێری سێیەم 3 دەنگی هێنا، لێرەدا هیچ یەکێکیان زۆرینەی رەهای نەهێناوە کە حەوت دەنگە، بۆیە پرۆسەکە دەچێتە گەڕی دووەم، ئەوکات کامیان زۆرینە بهێنن ئەو دەبێتە پارێزگار، بۆ نموونە ئەگەر بەربژێری یەکەم دەنگەکانی بوو بە شەش دەنگ بەربژێری دووەم بوو بە پێنج دەنگ، یەکێک لە دەنگەکانیش سپی بوو، ئەوا ئەو بەربژێرە دەبێتە پارێزگار کە شەش دەنگی هێناوە.

پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە ئەگەر لە گەڕی دووەم بە ربژێرەکان دەنگەکانیان وەك یەك بوو بۆ نموونە کاندیدێک شەش دەنگی هێناوە، ئەویتر بە هەمان شێوە شەش دەنگی هێنا چی دەکرێت؟، لە راستیدا لە یاسای سەرەوە باس لە هەنگاوی سێیەم نەکراوە، بەڵام وەك بنەما لە پرۆسەکانی هەڵبژاردن لە کاتی یەکسانبوونی دەنگەکانی نێوان دوو کاندید پەنا دەبردرێتە بەر تیروپشك.

هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەیی و پارێزگار و جێگرەکەی ئەگەر لە یەکەم دانیشتن و یەکەم رۆژ بە پێی ئەوەی پابەندین بە کاتەوە نەتوانرا هەڵبژێردرێن لەبەر بارودۆخی سیاسی و رێكنەکەوتنی لایەنەکان بە تایبەت لەو پارێزگایانەی لە رووی پێکاهاتەی نەتەوەی ئاڵۆزن وەك کەرکووك، ئایا دەکرێت دانیشتنەکە بە کراوەی بمێنێتەوە؟، لە راستیدا دروست ئەوەیە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەنجومەنەکان دیاری بکرێت و روون بێت، دانیشتنەکە بۆ ئەو بەرنامەیە دەست پێ بکات و بەردەوام بێت و بە تەواوکردنی بەرنامەکە دانیشتنەکە کۆتای پێ بێت، بەڵام ئەگەر نەتوانرا سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی هەڵبژێردرێن، دەکرێ وەك نەریتێك و پاڵپشت بە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنەکە بە کراوەی بهێڵدرێتەوە، بەڵام لە هەموو بارێکدا دەبێت ئەو دانیشتنە بە دانیشتنی یەکەم لە قەڵەم بدرێت، کە سەرۆك ئەنجومەن و جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن.