توندوتیژی
با له‌و پرسیاره‌وه ده‌ستپێبکه‌ین، ئاخۆ خه‌تاکه له‌کوێدا و له چیدایه؟ ئاخۆ خه‌تاکه له سه‌ره‌وه‌یه یان له خواره‌وه؟ بۆچی مرۆڤ هێنده تامه‌زرۆی پراکتیزه‌کردنی توندوتیژییه؟ بۆچی مرۆڤ له پراکتیزه‌کردنی هێزدا هه‌تا سنووری کوشتن ده‌ڕوات؟
به‌ده‌ر له تێڕوانین له ستراکتووری که‌ڕاکته‌ری تاک، وه‌ک تاکێکی سادیست، ره‌هه‌ندێکی دیكه‌ی ده‌روونی له پشتی ئه‌م فێنۆمێنه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش بریتییه له گوێڕایه‌ڵیی ئاوتۆریتێت. ستانلێی میلگرام ساڵی 1961 له توێژینه‌وه‌یه‌کی ده‌روونییدا پیشانی ده‌دات، که ته‌نانه‌ت خه‌ڵکانی ساده و ساکاریش له توانایاندایه هه‌تا سنووری کوشتن پراکتیزه‌ی توندوتیژیی بکه‌ن. ئه‌م خه‌ڵکه ساده و ساکارانه ته‌نانه‌ت پێویست نییه، هێرش بکه‌یته سه‌ریان یان توندوتیژییان به‌رانبه‌ر بکه‌یت، به‌ڵکو ئه‌وه‌نده‌یان به‌سه، ئه‌رکێکیان پێبسپێریت. دوو ساڵ دوای ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له ساڵی 1963دا توێژینه‌وه‌که بڵاوده‌کرێته‌وه. ئامانج له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا بریتیی بوو له تێگه‌یشتن له‌وه‌ی بۆچی ناسیۆناڵ سۆسیالیسته‌کانی ئه‌ڵمانیا وه‌ها گه‌یشتن به لوتکه‌ی ده‌سته‌ڵات و پراکتیزه‌ی ئه‌م هه‌موو توندوتیژییه‌یان کرد؟ بۆچی ئه‌م هه‌موو ئه‌ڵمانه ئاماده بوون ببنه نازیی؟ تاکێکی ساده و ساکار، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی پۆستدارێک یان ده‌سته‌ڵاتدارێک کارێکی پێسپاردووه، ئاماده‌ی پراکتیزه‌کردنی توندوتیژییه. پۆلیسێک، ئه‌فسه‌رێک، سه‌ربازێک ئاماده‌ی پراکتیزه‌کردنی ئه‌م هه‌موو توندوتیژییه‌یه. تاک له‌وپه‌ڕی ئازادییدا به حه‌ز و ویسته‌وه پراکتیزه‌ی توندوتیژی ده‌کات. بۆ ئه‌و پراکتیزه‌کردنی ئه‌م توندوتیژییه به‌ده‌ر له ره‌وایه‌تییدان به هێز و پراکتیزه‌کردنی هێز، نیشاندانی لۆیالیتێتیشه، نیشاندانی گوێڕایه‌ڵییشه، گوێڕایه‌ڵیی هێزێکی ئاوتۆریتانه.
ئه‌وه‌ی به‌شێکی گه‌وره‌ی ئێمه تێیدا به هه‌ڵه ده‌چن، بریتییه له‌وه‌ی، که ئه‌م به‌شه‌ی ئێمه بیر له ده‌سته‌ڵاتێکی سه‌رکوتکه‌ر و نادادپه‌روه‌ر ده‌که‌نه‌وه، که ده‌سته‌ڵاتێکی سه‌رکوتکه‌ر و نادادپه‌روه‌ر هۆکاره له گه‌شه‌پێدانی توندوتیژییدا. به‌ڵام راستیی هه‌بوونی ئه‌م توندوتیژییه وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا به‌ده‌ر له شێواندنی ستراکتووری که‌ڕاکته‌ری تاک، ره‌هه‌ندێکی ده‌روونیشی هه‌یه، سرووشتی بوونه‌وه‌ری مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌ک دروستبووه، که پراکتیزه‌ی توندوتیژی بکات. لۆیالیتێت یه‌کێکه له‌و فاکته‌رانه‌ی، که پاڵنه‌ره بۆ پراکتیزه‌کردنی توندوتیژی. بیهێنه به‌رچاوی خۆت، گۆرانیبێژێکی به‌ناوبانگی کورد کۆنسێرتێک له یه‌کێک له شاره‌کانی کوردستان ساز ده‌کات و مه‌رجی ئه‌وه‌یه، که هێنده خه‌ڵک بکه‌نه ژووره‌وه، که جێگه‌ی دانیشتنیان هه‌یه. له به‌رده‌رگای هۆڵ دوو پاسه‌وان راده‌وه‌ستن، کاتێک چه‌ند هاووڵاتییه‌ک دێن وێڕای ئه‌وه‌ی، که بلیتیشیان کڕیوه، به‌ڵام رێگه‌یان ناده‌ن بچنه ژووره‌وه، پاش که‌مێک ده‌نگه‌ده‌نگ، پاسه‌وانه‌کان ده‌که‌ونه پراکتیزه‌کردنی توندوتیژی به‌رانبه‌ریان. یان له‌ناو جه‌رگه‌ی بازاڕدا، گه‌نجێک تابلۆیه‌کی سه‌رۆکێکی کورد ده‌دڕێنێت، ئیدی هه‌ر هێنده نازانێت چه‌ندین شه‌ق و بۆکسی له‌ملاوئه‌ولاوه بۆ دێت. ئه‌وانه‌ی که له گه‌نجه‌که ده‌ده‌ن، که‌سیان نه پۆلیسن نه کارمه‌ندی ده‌زگا چه‌کدار و ئاسایشه‌کانی حکومه‌تن، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه خه‌ڵکانی ساده و ساکارن. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رووداوه‌کانی حه‌ڤده‌ی شوباتی ساڵی 2011 و ئه‌و کۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه گه‌وره‌یه‌ی به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی. کاتێک فه‌رهاد پیرباڵ هاته به‌رده‌کی سه‌را له‌بری به‌خێرهاتنی چینێکیان تێهه‌ڵدا. له به‌رده‌رکی سه‌رادا به‌شێکی گه‌وره‌ی نووسه‌ر، رۆژنامه‌نووس، رۆژنامه‌وان و سیاسی و خوێنده‌وار هه‌بوون، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌رهاد پیرباڵ هه‌م لیێدرا و هه‌میش سووکایه‌تی پێکرا.
ناکرێت هه‌موو شت خه‌تای حکومه‌ت بێت، ناکرێت هه‌موو خه‌تایه‌ک بکرێته ئه‌ستۆی حکومه‌ت. چونکه چاوی به‌رده‌وام له‌سه‌ر حکومه‌ت نابینامان ده‌کات به‌رانبه‌ر به بینینی راستی. به‌شێکی گه‌وره‌ی مرۆڤ ئاماده‌ی بریندارکردنی خه‌ڵکیین، پاشانیش به‌شێوه‌یه‌ک نواندن ده‌که‌ن، که ئه‌وه ئه‌وانن، که بریندار کراون، نه‌ک ئه‌وان خه‌ڵکیان بریندار کردبێت. ئارگۆمێنتی هه‌ندێک له ئێمه بۆ پراکتیزه‌کردنی توندوتیژی بریتییه له سکێکی برسیی و دوو گیرفانی به‌تاڵ، که له‌پێناوی تێرکردن و پڕکردنیاندا ئاماده‌ی کردنی هه‌موو شتن، ئه‌مه‌ش به ره‌وایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی پراکتیزه‌کردنی توندوتیژی ده‌زانن. لێ له هیچ مێژوویه‌کدا ناخوێنینه‌وه بۆ نموونه بووددا و عیسا له برسێتییدا و له گیرفان به‌تاڵییدا توندوتیژییان به‌رانبه‌ر به خه‌ڵکی پراکتیزه کردبێت، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وان وێڕای هه‌ژاریی و برسێتیی، ئاسووده و به‌خته‌وه‌ر ژیاون، چونکه ئامانجی ژیانیان به‌خته‌وه‌ری و ئاسووده‌یی بووه نه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ندی، هه‌ربۆیه سواڵکردنیشیان پێ شه‌رم نه‌بووه.
ده‌شێت تاکه شتێک، که ئێستا ئاسووده‌مان بکات ئه‌وه بێت، په‌سه‌ندێتی بده‌ین به‌وه‌ی، که هه‌مانه و که هه‌شین، لێ ده‌کرێت کار له‌وه‌دا بکه‌ین، ئاینده‌مان باشتر بێت و خۆیشمان میهره‌بانتر و باشتر بین. ئه‌مه ده‌کرێت وه‌ک ئه‌رک بکرێته ئه‌ستۆی حکومه‌ت، که گرنگییه‌کی له سه‌دا سه‌د به په‌روه‌رده و خوێندن له کوردستان دا بدات. گۆڕینی سیستێمی په‌روه‌رده و خوێندن له باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌کاندا، فاکته‌رێکی گه‌وره ده‌بێت له‌سه‌ر گۆڕینی ئاینده. به‌شێکی گه‌وره‌ی ئێمه، له ئێستا و ئالێره‌دا ده‌توانین په‌سه‌ندێتی به‌وه بده‌ین، که هه‌مانه، په‌سه‌ندێتی به‌وه بده‌ین، که هه‌ین، به‌وشێوه‌یه‌ی که هه‌ین. به‌مشێوه‌یه ده‌توانین ئاشتی و به‌خته‌وه‌ری بخه‌ینه‌وه، به‌مشێوه‌یه ده‌توانین، ئه‌گه‌ر نه‌توانین توندوتیژی رابگرین؛ ئه‌وا بتوانین که‌می بکه‌ینه‌وه.