"مەزرەعە و مۆساد"

Kurd24

(1)

ئەگەر گریمان  هەر مەزرەعەیەک لەم هەرێمەی ئێمە دوو دانە کارمەندی مۆسادی تێدابێت، ئەوە گومانم نییە ئەگەر ژمارەی کادیرانی مۆساد لەم هەرێمە هێندەی دانیشتووانی هەرێم نەبێت، کەمتر نییە، چونکە من پێموایە ژمارەی مەزرەعەکانی هەرێم زۆر لە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکە ((دوژمنانی گەلەکەمان هەر کەپرو ساباتێکی بناری هەر شاخێکی ئەم وڵاتە بە بنکەیەکی سیخوڕی بێگانەی لەقەڵەم دەدەن)). ئەم جۆرە سەرکێشیی و هەڵە ستراتیژییە لە کاری سیخوڕیدا مەگەر هەر دەزگای هەواڵگری مۆزامبیک بیکات، کە زیاتر لەنیوەی کارمەندانی بخزێنێتە نێو ناوچەیەکی بچووکی وەک هەرێمی کوردستان. زەحمەتە دەزگا سیخوڕییە بەهێز و ناودارەکانی جیهان ئەم شاشیە بکوژەکە بکەن، چ جای ئیسرائیل.

(2)

ئەگەر بۆ کوشتنی  هەر دوو دانە سیخوری مۆساد ، ئێران پێویستی بە بەکارهێنانی دوو دانە مووشەکی بالاستیی و دوو دانە درۆن بێت، ئەگەر هەڵە نەبم کە بەهای ئەم جۆرە چەکانە لەسەرووی سەد ملیۆن دۆلارن، ئەوا سوپای پاسدران و میلیشیا هاوسەنگەرەکانیان پێویستیان بە ترلیۆنەها دۆلار و مەشجەبێکی زەبەلاحی مووشەک و درۆن هەیە، تەنیا بۆ ئەوەی مۆسادە تەمەن یەک ساڵییەکانی وەکو شەهید((ژینا)) لەناوببەن. ئاخۆ دەبێ بۆ قودس و تەختکردنی ئیسرائیل چەندیان پێویست بێت.

(3)

من ئەزموونی سیاسیم زۆر کەمە ، بەڵام پێم باشە ئێران و دەستهەڵاتدارانی ئەو راستیە درک بکەن، کە ئەستەمە تا هەتایە پیلانی شەڕی بەوەکالەت و مانەوەی گۆڕەپانەکانی رووبەڕووبوونەوە بکەونە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەیان و هەربڵێ "ئاگرە سوورە لەخۆم دوورە".

بەڵام زۆر زۆر لەوەش گرنگتر ئەوەیە  تاران باش بزانێت، کە هەولێر، نە غەززەیە و نە سەنعایە و نە بەیرووت و نە دیمەشق . ئێمەش ئەمەریکامان نەهێناوەتە ناوچەکە و بە ئێمەش دەرناکرێت. بۆیە وەک ئامۆژگاریێکی خۆڕایی، باشترە تاران بۆ لێدان و لەبەینبردنی مۆڵگەکانی مۆساد و ئەمەریکا و ناحەزانی پرسێک بە دۆستانی کەنداو بکات،  نەک بە مەزرەعەکانی هەرێمی کوردستان.