پارتی :  بەغدا ستۆپ

Kurd24

جارێ سەرەتا،  پارتی بە پشوو درێژترین حزب و ڕێکخراوی دیموکراسی رزگاریخوازی سیاسی لە سەر ئاستی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداو و تەنگ پێهەڵچنینەکانی لەلایەن دوژمنان و دۆستە خۆبەهاوپەیمان زانەکانی دەناسرێت.

ئەو هەمیشە لە ململانێی سیاسی و دبلۆماسی  و شەڕەکانی بەرگری کردندا دوورە پەرێز بووە لە گەیاندنی کێشەکان بۆ ئاستی مریشکە ڕەشە، بەڵام هەرکاتێک ناحەقانە و ناجوامێرانە ناحەزانی دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد پەنجەیان بۆ گۆشە ستراتیژییەکان و دەستیان بۆ سڕینەوەی بەها نەتەوەیەکانی مللەتی کورد درێژ کردبێ ، ئەوە بەرزکردنەوەی کارتی هێما و نیشانە و لۆگۆی(( ستۆپ ))  ڕێگری کردووە لەبەزاندنی هێلە سورەکان و شکاندنی کەرامەتی گەلی کورد.

ناکرێ دوا ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی بە دەرهاوێژ و دەرەنجامی کۆبوونەوەیەکی چەند سەعاتی سەرکردایەتی پارتی لەلایەن هەندێ دەستە و دەستهەڵات و لایەن و حزب و فەریکە شرۆڤەکار لە قەڵەم بدرێ، بەڵکو ئەو هەڵوێستە دوای پشوو فراوانییەکی لەڕادەبەدەر و لەبن نەهاتووی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە لە ئاست زنجیرەیەک  پیلان و کردەوەی هەڕەشە ئامێز و  شەڕانگێز خوازی دژ بەهەبوونی دەستەڵاتی شەرعی هەرێم و ئەو کییانە کوردییەی باشوور ئەنجامدران. بە بۆچوونی من داڕێژەران و بەشدارانی ئۆپەراسیۆنە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بەرپرسی سەرەکی ئەمڕۆی گشت نەهامەتیەکانن و ئەو هەنگاوە خیانەتکاریە و هێرشە ناڕەوایە دەکرێ بەسەرەتا و دەستپێکی خوێندنەوە بۆ ئەلفوبێی کانی دادگای بەناو فیدڕالی و بڕیارە نادەستووریەکانی ئیمڕۆ دابنرێت.

هەڵتەکاندنی ژینگە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جیاواز و پێشێلکردنی مافە ڕەوا و دەستووریەکانی کورد لە چوارچێوەی هەرێمێکی دانپێدراوی دەستووری لەژێر چەتری پیادەکردنی فەرمانەکانی دەوڵەتی قووڵ و سێبەر ، بەهەموو پێوەر و پێودانگێک ڕاگەیاندنی شەڕە لەسەر ئاستەکانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، بەڵکو بۆنی سڕینەوەی خودی هەبوونی نەتەوەیی لێدێت و بەرەو تونێلی بێ دەرەچەمان دەبات.

ڕاستێکی مێژوویی نەشاردەوە هەیە و دەبێ لێرە ئاماژەی پێبکەین، کە هەردەم و هەمیشە لەتەواوی قۆناغەکانی توندڕەوی حکومەتەکانی بەغدا دژ بە کورد  هەر تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بەزمانی گفتوگۆ و دیالۆگ پێ وتوون: ( ستۆپ ). هەر ئەویش بووە باجی هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی داوە و ئامادەشە لەپێناو ئەو پرینسیپە کوردپەروەریە باجی زیاتریش بدات.

لەبەرچی ئەمجارەش بە بەغدا دەڵێن ستۆپ؟ .

کە بەزمانێکی نادەستووری بڕیار دەدەی، ناچارین پێتدەڵێن : ستۆپ.

کە لە داهات و سامانی سروشتی و نەتەوەیی بە نادەستووری مللەتەکەم بێبەش دەکەی، بێگومان بە پێت دەڵێین: ستۆپ.

کە قووتی خەڵک و دانیشتوانی هەرێمی دەخەیتە قاڵبی جیاکاری و فیتنەگێری، دەتەوێ چیت پێ بڵێن بە غەیری: ستۆپ.

کاتێ دیموکراسیەت پێشێل دەکەی، شەراکەت و هاوسەنگی و سازان لەبەین دەبەیت، دەبێ پێ بڵێن: ستۆپ.

کە ڕۆحی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئازادی تاکە کەسی و ئاینی دەسڕێتەوە  ،  دەبێ زۆر بەڕاشکاوی  پێت بڵێن: ستۆپ بەغدا.