"دیزاینیش کرابێ  هەر دەیباتەوە"

Kurd24

نازانم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئان و ساتی خۆیدا دەکرێ یان چەند مانگێک دوادەخرێ. بەڵام باش باش دەزانم و دەتوانم وەک موژدەیەک بۆ شەقامی کوردی ڕابگەیەنم، ئەگەر لەلایەن ناحەزانی پارتییەوە دیزاین و پڕۆگرام کرابێ و هەتا ئەگەر ژیری دەستکردیش سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات، ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستان هەر دەیباتەوە.

بیستوومە دەڵێن و پێشینانیش وتوویانە ئەگەر پارتی لەگەڵ کۆماری چینی میللی هەڵبژاردن بکات هەر دەیباتەوە. بەڵام من نیازم وایە لێرەدا دوو تەوەری گرنگ  بوورووژێنم: -

١- بۆچی پارتی هەر دەیباتەوە؟

٢- بۆچی ترسیان لەبردنەوەی پارتی هەیە؟

بەرسڤ بۆ تەوەری یەکەم، جگە لە هەردوو شۆڕشی بارزان( 1932و 1943) ، پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی 78ساڵ تەمەنی تێکۆشان، خەبات، قوربانیدان، هەوراز و نشێو، نسکۆ و سەرهەڵدانەوەیە.

پارتی وەک حزبێکی دیموکرات و نەتەوەیی خاوەن دۆزی کوردە و بۆیە کاریگەری و بنکەی جەماوەری جگە لە هەرچوار پارچەی کوردستان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سەنگی بەرچاوی هەیە.

پارتی خاوەنی دیرۆکی مەلا مستەفای بارزانی و قازی محەمەد و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفید  و شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریە،  پارتی ئەیلوول و گوڵان و بەرەی کوردستانی و سەرهەڵدان و هەڵبژاردن و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

پارتی ئاشتیخواز و بەرگری کار و داعش شکێن و پردێ و سحێلایە، پارتی و بارزانی ئاوەدانی و بوژانەوە و پێشکەوتن و گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئازادی تاکە، پارتی چاکسازی و گۆڕانکاریە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەختەوەرتر و شەقامێکی ئارامتر و وڵاتێکی سەقامگیرتر. ئەمانە و سەدانی تر ، ئەو خەسڵەتانەن کەوا دەکەن و وایان کردووە سەرەڕای کۆسپ و پیلانگێڕییەکان، پارتی هەردەم براوە بێت.

تەوەری دووەم، ترس لەبردنەوەی پارتییە، ئەوەش چونکێ پارتی و بارزانی ڕیفراندۆم و دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی کوردستانن ... پارتی و بارزانی قۆناغ بە قۆناغ سەردەمیانە هەنگاویان ناوە و دەنێن و گونجاون لەگەڵ تەواوی گۆڕانکارییە جیهانییەکان. ترس لە بردنەوەی پارتی و بارزانی لەبەر ئەوەیە، ئەوان نەخشەداڕێژەری سەرکەوتووترین سیاسەتی دیبلۆماسی و بنیاتنەری بەرفراوانترین پەیوەندی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و عەرەبی و جیهانین.

ترس لە بردنەوەی پارتی و بارزانی لەبەر سازش نەکردنە لەسەر مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی کورد و هەرێمی کوردستانە، سازش نەکردنە لەسەر سەروەریی هەرێم و حکومەتەکەی و بەرپەرچدانەوەی تەواوی پیلانگێڕی و کردەوەکانی ئەو ناحەزانەیە کە بە نیازگڵاوییەوە ویستوویانە و دەیانەوێت لە دەستکەوتەکانی کورد کەم بکەنەوە.

بەڵێ خاڵەکانی مەترسی لە بردنەوەی پارتی و بارزانی ئەوەندە زۆرن کە بێگومان بە وتار دەرهەقی  دەرناچین...

دەمەوێ دوا پەیامم ئەوەبێ بڵێم  :-

مەترسن ،  هەڵبژاردن دیزاینیش کرابێ هەر پارتی و بارزانی دەیبەنەوە.