"18ـی شوبات و قوتابییە سەرکردەکان"

Kurd24

ئەمڕۆ 71 ساڵ بەسەر تەمەنی لەدایکبوونی یەکەمین رێکخراوی پێشکەوتنخوازی پیشەیی نا حزبی تایبەت بە خەبات و تێکۆشان لە پێناو بەدەستهێنانی مافە جەماوەریی و پیشەییەکانی قوتابیانی کوردستان تێدەپەڕێت. کە ئەویش (یەکێتی قوتابیانی کوردستان)ـە، ئەو رێکخراوەی دوای کەمتر لەمانگێک دوای بەستنی کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە 26ـی کانوونی دووەمی 1953لە کەرکووک بەسترا، هەر هەمان ساڵ لە 18ـی شوبات بەفەرمان و راسپاردەی خودی بارزانی نەمر یەکەم کۆنگرەی دامەزراندنی بەشێوەیەکی نهێنی و لەبەغدای پایتەخت بەسترا.

ئەو رێکخراوە تێکۆشەرەش وەک هەر ئۆرگانێکی تری جەماوەریی و پیشەیی و سەندیکایی بەقۆناغە جیاجیاکانی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان دا تێپەڕیوە و وەک ئەو بزووتنەوەیە هەوراز و نشێو و سەرکەوتن و نسکۆیی بینیوە، بەڵام هەرگیز لە کاروانی تێکۆشان و خەبات نەک تەنیا دانەبڕاوە، بەڵکو خاوەنی دەیان و سەدان شەهید و قوربانی بووە و تا ئێستاش بەردەوامە، لەیلا قاسم و چوار هاوڕێکانی زیندووترین نموونەی سەردەمن.

ئەم رێکخراوە تاکو ئێستا 14کۆنگرە و 6 کۆنفراسی گرێداوە. لەمیانی ئەو مێژووە دوور درێژەی خەباتی بێووچانیدا وەک قوتابخانەیەکی پەروەردەساز توانیویەتی بەسەدان سەرکردەی سیاسی و لەشکری و ئابووریناس و راگەیاندکار و پسپۆر و ئەکادیمیست بەرهەم بێنێ. لە جەلال تاڵەبانی یەوە بگرە تادەگاتە دەیان سەرکردەی تر، کە ئەمڕۆ بوێرانە ئەسپی خۆیان لەمەیدانی کوردایەتیدا تاودەدەن.

بارزانی نەمر هەمیشە قوتابیانی بە سەری ڕم لە شۆڕشدا پێناسە کردووە و دەرئەنجام هەر واش دەرچووە. لێرەدا بۆ مێژوو گرنگە ئاماژە بە کۆنگرەی هەشتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بدەین کە لە 16ی تشرینی یەکەمی 1993 لە هەولێر بەمەبەستی یەکگرتنەوەی هەردوو رێکخراوی قوتابیان و لاوانی کوردستان بەسترا و ناونرا بە کۆنگرەی ئازادی و ئیتر هەردوو رێکخراو لە ژێر ناوی ئەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان درێژە بە تێکۆشان دەدەن و ، سەرکردە دوای سەرکردە کە زۆربەیان قاڵبووی دیرۆکی تێکۆشان و قوربانی و قۆناغە جیاوازەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانن..زۆربەیان ئێستا لە جومگە گرنگ و شایستەکانی ئیدارە و حزب و دامەزراوە ئەکتیڤەکانی دەوڵەتداری و پرۆسەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگە و ناوەندە ئەکادیمیەکاندا رۆلی کارا دەگێرن. ئەو سەرکردە قوتابی و لاوانەی کە دەرچووی خوێندنگەی یەکێتیە71ساڵانەکەی قوتابی و لاوانی دیموکراتی کوردستانن کاراکتەری گرنگی تەشەنەکردنی هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی و مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەتبوونن، داینەمۆی سەرەکی پرۆسەی ریفراندۆم بوون. هەر ئەو سەرکردە قوتابی و لاوانە ئەمڕۆ ریفۆرم خوازو چاکسازی خوازن لەسەر تەواوی ئاستەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک و زۆر مکوڕن لەسەر سیستیماتک کردنی تەواوی پرۆسەکانی بەڕێوەبردن و کارگێری.

با ئەویادە پیرۆزە بکەین بە خاڵێکی گرنگی وەرچەرخان لەپێناو سەرخستنی ئیرادەی پیرۆزی خۆڕاگری بۆ چاکسازی گشتیی و سەروەری یاسا و دادپەروەری.