مەسرور بارزانیی و رۆڵی کورد لە لوتکە جیهانییەکاندا

Kurd24

یەکەمین جار دەستەواژەی لوتکە بۆ گردبوونەوە و دیداری باڵای نێوان سەرکردە و سەرۆکەکانی جیهان لە نێوەندەکانی هەواڵ و راگەیاندندا بەکارهاتبێ ،  ساڵی 1955 بوو کاتێک لە جنێف و لە گەرمەی شەڕی ساردی سۆڤیەت و ئەمەریکا سەرکردەکانی رووس و ئەمەریکا و چین کۆبوونەوە. دوای ئەوە لوتکەکان بەردەوام بوون تاکو گەیشتە ئێستای سەردەمی گلۆبالیزم و ئیتر کۆبوونەوەکانی لوتکە بوون بە جۆرێک لە بەربڵاوترین جۆری دیداری کەسایەتییە حوکمڕانەکانی جیهانی ئەمڕۆ.

وەک کورتە پێناسەیەکیش بۆ کۆبوونەوەکانی لوتکە  دەتوانین بڵێین بە گرنگترین دیدار و گردبوونەوەی سەرۆک و سەرۆک حکومەتەکانی جیهان دادەنرێت کە ئاست و تایبەتمەندیێکی نێودەوڵەتی بەخۆوە دەگرێت و تیایدا جگە لە دانیشتنە فەرمییەکان، چەندین دیداری دووقۆلی و گروپی ئەنجام دەدەدرێن.  رەنگە لە پشتی پەردەکانیشەوە چاوپێکەوتنی چارەنووس سازی ئابووریی و سیاسیی و سەربازیی و تەکنۆلۆژیایی ئەنجام بدرێن. بێگومان لە کۆبوونەوەکانی لوتکەدا زۆرترین لەشکری راگەیاندن لەسەر ئاستە جیاجیاکانی بەشداردەکرێن و ئەمە و جگە لە ئاسایشێکی یەکجار تۆکمە.

رێزدار مەسرور بارزانی ، بەرلەوەی بەتێکڕایی دەنگی پەرلەمانی کوردستان پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی پێ بسپێردرێت، وەک کەسایەتیێکی کوردی شارەزا لە بوارەکانی ئابووریی و سیاسیی و ژینگەدۆستیی و ئاسایشی جیهانی لە لوتکەکانی جیهان بەشداری کاریگەرانە و بەرچاوی هەبووە و ئەرکێکی گرنگی ئەنجامداوە بۆ گەیاندنی دۆزی رەوای گەلی کورد بە نێوەندەکانی نیودەوڵەتی و جیهان. باشترین بەڵگەشمان بەشداری بەڕێزیان لە کۆبوونەوەی لوتکەی برۆکسل 4ی نۆڤێمبەری 2014 بوو لە کۆبونەوەی گشتی پەرلەمانی ئەوروپا.

دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵی 2019 وەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەستبەکاربوو، پێشبینی روودان و گۆڕانکارییە بلەز و بەپەلەکانی جیهانی کردبوو بەتایبەت لە سەر ئاستی ژینگە و کەش و هەوا، قەیرانی ئابووریی جیهانی، گۆڕانی شێوازەکانی شەڕ بە هەڕەشە، گرنگی ئایندەی ئاو، داهات و سامانەکانی ناوخۆ و نەتەوەیی، گەنج و ئایندە، ئەمانە و زیاتریش. بۆیە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەت تەواوی ئەو سێکتەرانەی بەخۆە گرتووە و کاری باشیشی لەسەرکراوە.

لە30ی نۆڤێمبەری 2021 بە داوەتنامەیەکی فەرمی ئەمجارەیان وەک سەرۆکی حکومەت بەڕێزیان بەشداری کرد لە لوتکەی کۆپی 8ی کەش و هەوا گۆڕانکارییە نەرێنییەکانی بەسەر ژینگە و ژیانی مرۆڤایەتی لە جیهان، لەوێشدا وەک سەرۆکێکی کورد لە دەوڵەتمەدرارێک رۆلێکی بەرچاوی گێڕا.

لە15ی ئۆکتۆبەری 2023 لوتکەی داڤۆس لە سویسرا هاتە ئەنجامدان و بەڕێز سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی دووبارە بە بانگهێشتێکی فەرمی و بە سەرۆکایەتی شاندێک لە گەورە بەرپرسانی هەرێم و دەستەیەکی شایستە لە ئابووریناس و بەرهەمهێنەر و ژینگەپارێز و پسپۆرانی کورد لە بوارەکانی کەشناسی بەشدارییەکی کاریگەیان لەو لوتکەدا کرد.

لوتکەی ئەمجارەش کە لەم رۆژانەدا واتە لە(12-14) ئەم مانگەدا لە دوبەی پایتەختی ئیمارات ئەنجامدەرێت لە ژێر ناوی (لوتکەی جیهانی حکومەتەکان)، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێز شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و میرنشینی دوبەی بانگهێشتی فەرمی کراوە و لەو لوتکەیەدا وتارێکی گرنگ سەبارەت بە هزری نوێ و دیدگای تازە بۆ گەشەسەندن و پێشڤەبردنی ئابووری ئایندەی جیهان پێشکەش دەکات، ئەمە و جگە لە چەندین دیدار و چاوپێکەوتن و گۆڕینەوەی راو و بۆچوون لەگەڵ سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حکومەتەکان.

لێرەدا دەمانەوێ بە کورتیی و بە کوردی و بە پوختی ئەوە بخەینە روو کە ڕێزدا مەسرور بارزانی دەمێکە جێگە پەنجەی لە لوتکە جیهانیەکاندا بە مەرەمی خزمەتکردنی کێشەی رەوای گەلەکەیی و مافە زەوتکراوەکانی و دەمێکە لە رێگەی پەیوەندیە سیاسی و دبلۆماسی و سەردان و پشکدارییەکانی لە لوتکە و کۆنگرە و پانێلە جیهانییەکاندا هەوڵی پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنەوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی داوە و بەردەوامیش دەبێت.