ڕاگوزەرێک بە ناو پەیوەندیەکانی ئێران و ئیسرائیل

Kurd24

په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و ئیسرائیل له‌ سه‌رده‌می شادا

لە سەرەتادا هەڵوێستی فەرمی ئێران دژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو، بەو پێیەی تاران لە ساڵی 1947 دەنگی دژ بە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا کە فەڵەستینی بەسەر دەوڵەتی عەرەبی و جوودا دابەش کرد. پاشان لە ساڵی 1949 دژی ئه‌ندامیه‌تی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەستایەوە.

پاشان هه‌ڵوێستی ئێران به‌رانبه‌ر به‌ ئیسرائیل به‌ خێرایی گۆڕانی به‌ سه‌ردا هات و محه‌ممه‌د ڕه‌زاشا په‌هله‌وی (1919 – 1980) له‌ هه‌ندێك سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا هه‌ڵوێسته‌كانی به‌ لای ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوادا بوو و له‌ هه‌نگاوێكیشدا، دانی به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلدا نا.

به‌شێك له‌ مێژوونووسان و توێژه‌ران له‌ ناویشیاندا ڕووحوڵڵا ڕه‌مه‌زانی، مێژوونووس و توێژه‌ری ئێرانی – ئه‌مه‌ریكی، له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ساڵی 1978 بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، پێیان وایه‌ گۆڕانی هەڵوێستی تاران بەرانبەر بە ئیسرائیل بەهۆی حیساباتی جەنگی ساردەوە بووه‌.

ئێران کە سنوورێكی به‌رفره‌وان و دوورودرێژی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت هەبوو، مه‌به‌ستی بوو لە هاوپەیمانە بەهێزەکانی پەیوەست بە واشنتۆن نزیک بێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر خواست و تەماحێکی سۆڤیەت، نه‌خاسمه‌ لە ژێر ڕۆشنایی ئەو دژایەتییەی کە حیزبی شیوعی ئێرانی، دژی سیاسه‌ته‌كانی شا بوو له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكا.

ئەم گۆڕانه‌ له‌ سیاسه‌تی ئێران هاوکات بوو لەگەڵ ڕەوتێکی ئیسرائیلی کە هەوڵی دەدا لە ژێر ڕۆشنایی دۆخی دوژمنایەتی نێوان خۆی و دراوسێ عەرەبەکانیدا دانپێدانانی وڵاتانی ناعەرەبی لە ناوچەکەدا بە دەست بهێنێت. له‌م ڕووه‌وه‌ جۆناسان لێسلی لە کتێبەکەیدا "ترس و نه‌بوونی ئاسایش" سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیل جه‌ختی له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه‌.

بەم شێوەیە ئێران بوو بە وێستگەیەک بۆ گواستنەوەی دەیان هەزار جووی عێراقی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل دوای دامەزراندنی.

ئێران لە ئاداری ساڵی 1950ـدا دانی بە ئیسرائیلدا نا، بەمەش ئێران بوو بە دووەم وڵاتی ئیسلامی کە دوای تورکیە ئەم هەنگاوە بنێت، بەڵام جێی سەرنج بوو کە دەسەڵاتدارانی ئێران خۆیان لە ڕاگەیاندنی فەرمی بڕیاری دانپێدانانی ئیسرائیل بە دوور گرت، کە ڕەنگە هۆکاری دژایەتیی پیاوانی ئایینی و سیاسەتمەداران بووبێت بۆ ئەو بڕیارە. دانپێدانه‌نانی فەرمی به‌ ئیسرائیل له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، هۆکاری پشت بڕیارەکەی تاران بوو بۆ ناونانی دیپلۆماتکار ڕەزا ساڤینی وەک "نێردەی تایبەت" بۆ ئیسرائیل نەک وه‌ك باڵیۆز!

سەرەڕای هه‌ندێك هه‌ڵاواردنی سنووردار، تاران لە ماوەی دەیان ساڵدا، سه‌رباری پەیوەندییە بەهێز و گشتییەکانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، به‌ڵام به‌رده‌وامیش خۆی له‌ دانپێنانی فه‌رمی به‌ ئیسرائیل به‌ شێوه‌ی ئاشكرا به‌ دوور گرتووه‌.

ئەم "نهێنییه‌ ئاشکرایه‌" چه‌ندان جار و له‌ چه‌ندان ڕووه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بووه‌، نه‌خاسمه‌ كه‌ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل به‌ نهێنی و له‌ كاتی جیاوازدا سه‌ردانی تارانیان كردووه‌.

موسه‌ددیق و جه‌مال عه‌بدولناسر

هەروەک چۆن هەڵوێستی تاران سەبارەت بە ڕۆژئاوا پاڵنەرێک بوو بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران، بە هەمان شێوە هۆکارێک بوو لە پشت ساردبوونەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانەوە کاتێک محەممەد موسەددیق سیاسەتمەداری دێرین (1882- 1967) لە ساڵی 1951ـدا پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئێرانی وەرگرت.

حکوومەتی موسه‌ددیق کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕۆژئاوای لە ئێران بە نیشتمانی کرد، هەروەها کونسوڵخانەی ئێرانی لە ئیسرائیل داخست و هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ "پاشکەوتکردنی تێچوونەکان" گەڕاندەوە، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هاوکارییەکانی ئێران و ئیسرائیل لە چەند بوارێکدا لە سەردەمی دەسەڵاتی موسەددیقدا بە جۆرێک لە جۆرەکان بەردەوام بوو.

دوای ڕووخانی دەسەڵاتی موسەددیق لە ساڵی 1953، شا بە هاوکاری واشنتن و لەندەن، هه‌ژموونی بەسەر دەسەڵاتدا توندتر کرد و نزیکبوونەوەی لەگەڵ ئەمه‌ریکا زیاتر بوو، ئەمەش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا. ئێران بە نەوت پاڵپشتی ئیسرائیلی دەکرد، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە چەند بوارێکی ئابووریدا یارمەتی ئێرانی دەدا. ته‌نانه‌ت بابەتەکە گەیشتە هاوکاریی کولتووری، بەو پێیەی ڕۆشنبیرانی ئێرانی سەردانی ئیسرائیلیان دەکرد، له‌وانه‌یش جەلال ئال ئەحمەدی نووسه‌ری دیار و ناسراو کە نووسینەکانی لە لایەن زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی ئێرانییەوە به‌ هه‌ر دوو ئاراسته‌ی ئیسلامی و عەلمانی په‌سند و جێی بایه‌خ بوون. بەڵام لە ڕووی ستراتیژەوە گرنگترین لایەنی هاوکاری نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بواری سەربازی و هەواڵگریدا بوو، بە تایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوە و هه‌ڵكشانی جەماوەریی گوتاری ناسیۆنالیستی عەرەبی به‌ سه‌ركردایه‌تی جەمال عەبدولناسر، سەرۆکی میسر (1918 – 1970) کە ئێران و ئیسرائیل بە دوژمنی هاوبەشیان دەزانی.

نزیکبوونەوەی عەرەب و ئێران

شەقامی ئێران چۆن سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکرد؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ ئاسان نییه‌ وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت به‌تایبه‌ت له‌ غیابی زانياریی و ڕاپرسییه‌كی ورد، ئەمە جگە لەو سیاسەتە سەرکوتكاره‌ی کە شا لە دژی نەیارەکانی پەیڕەوی کرد، بەڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پێ دەچێت به‌شێكی بەرچاو لە ئێرانییەکان نەیاری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بووبێت، به‌ڵگه‌یش بۆ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ گوتنه‌وه‌ی دروشمه‌كانی دژ به‌ ئیسرائیل بوون له‌ یاری قۆناغی پێش كۆتایی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئاسیا له‌ نێوان ئێران و ئیسرائیل كه‌ له 19ـی ئایاری‌ ساڵی 1968ـدا له‌ تاران به‌ڕێوه‌ چوو و ئێران به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك له‌ ئیسرائیلی برده‌وه‌.

پاشان عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێستای ئێران، ئەو یارییە و ئەو ئاهەنگانەی کە بەدوایدا هات، له‌ چه‌ندان بۆنه‌دا وەک بەڵگەیەک بۆ "ڕەتکردنەوەی پەیوەندییەکانی گەلی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل" دەهێنێتەوە و دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌.

دوای سەرکەوتنی ئیسرائیل لە جه‌نگی 1967 و پاشان مردنی عەبدولناسر لە ساڵی 1970ـدا، شا گوتارێكی دیكه‌ی هه‌بوو نه‌خاسمه‌ کە داوای ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و دراوسێ عەرەبەکانی دەکرد، داوای کرد ئیسرائیل لەو خاکانە بکشێتەوە کە لە جه‌نگی 1967ـدا داگیری کردبوو.

ئەوەی نزیکبوونەوەی شای لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا زیاتر کرد، سیاسەتەکانی ئەنوەر سادات، سەرۆکی میسر (1918 – 1981) بوو، کە لە یەکێتی سۆڤیەت دوور کەوتەوە و لە ئەمه‌ریکا نزیکتر بووەوە.

حەفتاکانی سەدەی بیسته‌م گه‌واهیده‌ری چه‌ندان ڕووداو بوو کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلیان تێک دا، بەڵام بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر هاوکارییەکانی نێوانیان هەبێت. ئێران لە کاتی جه‌نگی ئۆکتۆبەری 1973ـدا له‌ نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیلدا، هەوڵی دا دارەکە لە ناوەڕاستدا بگرێت و نەوتی بۆ میسر و چەکی بۆ ئیسرائیل دابین کرد.

ئێران هەروەها دەنگی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی بڕیارێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دا له‌ ساڵی 1975 كه‌ زایۆنیزمی بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی زانی و پاشان نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و بڕیاره‌ی له‌ ساڵی 1991 هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. بەڵام ئەم ڕووداوانە ڕێگرییان لە بەردەوامی هاوکارییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران نەکرد، بەتایبەتی لە بوارە سەربازییەکاندا، چونکە ئیسرائیل هاوکاریی ئێرانی کرد لە دەستپێکردنی بەرنامەی مووشەکیی.

بەم شێوەیە لە نیوەی دووەمی حەفتاکانی سەدەی بیسته‌مدا، ئیسرائیل شكاندنی گۆشه‌گیری خۆی له‌ ناوچه‌كه‌دا  دەست پێ کرد، بەو پێیەی سه‌رقاڵی مۆركردنی په‌یماننامه‌ یاخود ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاشتی بوو له‌گه‌ڵ میسر له‌و كاته‌ی هاریكارییه‌كانیشی له‌گه‌ڵ ڕژێمی شا له‌ هه‌ڵكشاندا بوو و پێی وابوو شا به‌هێزترین فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌كه‌یه‌.

ئەم ڕۆڵە ناوچەییە پەرەسەندووەی شا بووە هۆی ئەوەی جیمی کارتەر، سەرۆکی ئه‌و كاتی ئەمه‌ریکا، لە وتارێکی بەناوبانگدا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 1977 لە تاران پێشکەشی کرد، ئێران بە دوورگەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا ناوزه‌د بكات. بەڵام ڕووداوەکانی دواتر دەریانخست کە وته‌كانی کارتەر له‌ واقیعه‌وه‌ دوورن، بەو پێیەی دوای تەنها نزیکەی ساڵێک شۆڕشێکی جەماوەریی بەرفراوان لە ئێراندا هه‌ڵگیرسا کە لە سەرەتای ساڵی 1979ـدا دەسەڵاتی شا دەڕووخێنێت و خومه‌ینی كه‌ له‌ فه‌ره‌نسا گه‌ڕابووه‌وه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ده‌سه‌ڵات.

سه‌رده‌می خومەینی

ڕووحوڵڵا مسته‌فا ئه‌حمه‌د مووسه‌وی خومەینی (1902 – 1989) دژی زۆربەی سیاسەتەکانی شا بوو و ئه‌و دژایه‌تییه‌ی بووە هۆی دەربەدەری و بۆ ماوەی 14 ساڵ له‌ وڵات دوور كه‌وته‌وه‌  پاشان له‌ شوباتی ساڵی 1979 و له‌نێو ئاپۆرای لایه‌نگرانی و دژبه‌رانی شا به‌خێرهاتنه‌وه‌ی لێ كرا. ڕوونه‌ خومه‌ینی دژایه‌تی بۆ ئیسرائیل له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی بوو، كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ دژی گرووپه‌ چه‌په‌كانی ئێرانیش بوو. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ دژایه‌تییه‌كانی خومه‌ینی بۆ ئیسرائیل ببێته‌ بنەمای هەڵوێستی داهاتووی ئێران لەسەر ئەم پرسە.

یاسر عەرەفات، ڕێبەری فەڵەستین (1929 - 2004) یەکەمین سەرکردەی عه‌ره‌بی و بیانی بوو کە دوای شۆڕشەکە سه‌ردانی ئێرانی كرد، كه‌ هاوکات لەگەڵ خۆیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و ئێرانی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و بارەگای نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئیسرائیل بۆ بارەگای باڵیۆزخانەی فەڵەستین گۆڕا. خومەینی هەروەها ڕایگەیاند کە دوا هەینی مانگی ڕەمەزانی هه‌موو ساڵێك ڕۆژی قودس دەبێت و داوای لە موسڵمانانی هەموو وڵاتانی جیهان کرد لەو ڕۆژەدا بۆ پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان خۆپیشاندان بکەن. مایه‌ی سه‌رنجه‌ سه‌رباری ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی تاران و كۆماری ئیسلامییه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌، به‌ پێی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هه‌ر دوای چەند مانگێک، چه‌ندان باری چەک و پارچەی یەدەگی کەرەستەی سەربازی و فڕۆکە لە ئیسرائیلەوە بە نهێنی و ناڕاستەوخۆ گه‌یشتنه‌ ئێران. ئه‌مه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ ئێران بە بەردەوامی باسی وەرگرتنی پشتیوانی سەربازی لە ئیسرائیل ڕەت دەکاتەوە، بەرپرسانی ئیسرائیلیش پشتڕاستیان کردووەتەوە.

مەنسوور فەرهەنگ، دیپلۆماتکاری پێشووتری ئێران لە لێکۆڵینەوەیەکدا بە ناونیشانی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئێران کە لە ساڵی 1989ـدا بڵاو کراوەتەوە دەڵێت، حیساباتی بارودۆخه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بوو كه‌ تارانی ناچار کرد پەنا بۆ ئیسرائیل ببات، بەو پێیەی ئێران کە لە ساڵی 1980ـوه‌ كه‌وتبووه‌ ناو جه‌نگی دژی عێراق و زۆر پێویستی به‌ پارچەی یەدەگ بوو بۆ فڕۆکە و ئۆتۆمبێله‌ سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا کە ڕژێمی شا پێشتر لە ئه‌مه‌ریكای کڕیبوو.

بەو پێیەی ئەمه‌ریکا بەهۆی دەستبەسەرکردنی بارمتە ئەمریکییەکان لە لایه‌ن تارانه‌وه‌ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاندبوو، ئێران هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نەبوو جگە لە پەنابردنە بەر ئیسرائیل، بە تایبەت کە ده‌سه‌ڵاتدارانی سوننەی کەنداو كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ئێران پارێزیان ده‌كرد و نه‌زعه‌یه‌كی كۆنسێرڤاتۆرانه‌یان هه‌بوو، دروشمه‌كانی پیاوانی شیعه‌ی ئێرانییان له‌ تاران به‌ دڵ نه‌بوو و پێشوازییان لێ نه‌ده‌كرد.

به‌ پێی بۆچوونه‌كانی تریتا پارسی نووسه‌ری كتێبی "هاوپەیمانی سه‌ته‌م: مامەڵە نهێنییەکانی ئیسرائیل، ئێران و ئەمریکا" ئیسرائیل پێی وابوو عێراق گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئاساییشه‌كه‌ی نه‌خاسمه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی دژ به‌ ئێران پێشكه‌وتنی به‌ ده‌ست هێنابوو، هه‌روه‌ها به‌رپرسانی ته‌لئه‌ڤیڤ خوازیار بوون ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاتی ئێران بگۆڕێت و هه‌مان سیاسه‌تی سه‌رده‌می شا بگه‌ڕێته‌وه‌.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان لە ساڵی 1986 ئاشکرایان کرد کە ئەمه‌ریکا لە بەرانبەر ئازادکردنی بارمتە ئەمه‌ریکییەکان لە لوبنان لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە چەکی بە ئێران فرۆشتبوو.

ڕێككه‌وتننامه‌ی ئۆسلۆ و نەیارەکانی

هاوكات به‌ کۆتاییهاتنی جه‌نگی ئێران و عێراق له‌ 8ـی ئابی 1988 و مردنی خومەینی لە ساڵی 1989، وا دیار بوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری گۆڕانکارییەکی گەورەدا بوو لەگەڵ ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و هەڵگیرسانی جه‌نگی دووەمی کەنداو و دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی دراوسێ.

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ناوەڕاستی ئەم پێشهات و گۆڕانكارییانه‌دا، پێی نایه‌ قۆناغێکی نوێ، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل قسه‌یان لەسەر "مەترسی ئێران بۆ سەر ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" كرد، نه‌خاسمه‌ كاتێك تاران ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆی نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستینی له‌ 13ـی ئه‌یلوولی 1993 له‌ واشنتن شەرمەزار کرد. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئێران هەر زوو هاوپەیمانییەکی پێك هێنا کە گرووپە فەڵەستینیەکانی دژبەری ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆی لە خۆ گرتبوو، له‌وانه‌یش جیهادی ئیسلامی و پاشانیش بزووتنه‌وه‌ی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی. ئەم هاوپەیمانییە حیزبوڵڵای لوبنانیشی لە خۆ گرتبوو کە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی دواتری نێوان ئیسرائیل لە لایەک و ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لایەکی دیکە ڕۆڵی سەرەکی بینی و تا ئێسته‌یش ئه‌م ڕۆڵه‌ی به‌رده‌وامه‌، ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە کە تەنیا لە گوتار و دروشمدا سنووردار نابێت.

ئیسرائیل ساڵی 1992 عەباس مووسەوی، دووه‌مین ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا (1952 – 1992)ـی تیرۆر كرد. پاشان لە ساڵی 1994 باڵه‌خانه‌ی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەرجەنتین و بارەگه‌ی ناوەندێکی هاوکاری ئیسرائیل و ئەرجەنتین هێرشیان كرایه‌ سه‌ر و دەیان کەس کوژران و ئیسرائیل و ئەرجەنتین حیزبوڵڵا و ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە پشت ئەو دوو هێرشەوە بوونه‌، به‌ڵام تاران و حیزبوڵڵا ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.

ساڵانی نەوەدەکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دەیان کەسی مەدەنی لە ئیسرائیل به‌هۆی هێرشەکانی بزووتنەوەکانی حەماس و جیهادی فەڵەستین كوژران.

گوتاری ئێران بەرانبەر بە ئیسرائیل لە زۆربەی ماوەی دەسەڵاتی محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری ڕیفۆرمخوازی ئێراندا (1997 – 2005) تا ڕادەیەک نه‌رم بوو‌، نه‌خاسمه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ڕاپه‌ڕینی دووه‌می فه‌ڵه‌ستینییه‌كان، جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان دژ به‌ عێراق، كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئه‌فغانی و هێرشه‌كانی 11ـی سێپته‌مبه‌ری سه‌ر نیویۆرك ڕوویان دا.

سه‌رده‌می ئەحمەدی نه‌ژاد

به‌ گه‌یشتنی مەحموود ئەحمەدی نه‌ژاد بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ ساڵی 2005ـدا، كۆتایی به‌ ساڵانی ئارامی ڕێژه‌یی نێوان ئیسرائیل و ئێران هات به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی نه‌ژاد هه‌ر زوو لێدوانه‌كانی دژ به‌ ئیسرائیل تووڕه‌یی ئیسرائیل و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی لێ كه‌وته‌وه‌، نه‌خاسكه‌ كاتێك هۆلۆکۆستی بە "ئەفسانە" ناو برد.

ساڵی 2006 شەڕێك لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل ڕووی دا و زیاتر لە هەزار کەس کوژران کە زۆربەیان لوبنانی بوون. هەروەها زیاتر لە ڕووبەڕووبوونەوەیه‌ك لە نێوان ئیسرائیل و لایەنە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە ڕووی دا، کە بزووتنه‌وه‌ی حەماس لە ساڵی 2005ـدا خستییه‌ بن ده‌ستی خۆی.

نكوڵی له‌وه‌ ناكرێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی پەرەپێ داوە، بەو پێیەی ئیسرائیل دەڵێت ئێران ب ەدوای پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییه‌وه‌ و تارانیش ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانەیه‌. ئیسرائیل ئەو ڕێککەوتنەی سه‌ركۆنه‌ کردبوو کە ئێران لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی 2015ـدا واژۆی كردبوو و به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌درا سزاكانی سه‌ر تاران هه‌ڵبگیرێت به‌و مه‌رجه‌ی دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كان له‌ لایه‌ن تیمی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بپشكێندرێن.

تاران ئیسرائیلی بە تێوەگلان لە کوشتنی زانایانی وزەی ئەتۆمی ئێران تۆمەتبار کرد لە ماوەی چەند ساڵێکدا، کە هاوكات ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە.

لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی پشتوانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە حکوومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لە ماوه‌ی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاته‌دا واته‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی 2011ـوه‌ تا به‌ ئێسته‌ ده‌گات له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می 2024ـدا، دەیان هێرش كراوه‌ته‌ سەر شوێن و ئامانجەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنانی لە سووریا، ئەو هێرشانەی کە بەشێوەیەکی بەرفره‌وان لەلایەن ئیسرائیلەوە ده‌كرێن.

شەڕی غەززە

هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و دواتر هێرشیی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غەززە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێرانی گەیاندە ئاستێکی نوێ.

یەکێک لە یەکەم پرسیارەکانی چاودێران دوای هێرشیی حەماس ئەوە بوو، کە ئایا ئێران بەشداری لە پلاندانان بۆ هێرشەکە کردووە یان ئاگه‌داری بووە؟

لەو كاته‌ی ڕاپۆرتە مێدیاییەکان باسیان لە بەشداری ئێران کردووە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پلاندانان بۆ هێرشەکە، به‌ڵام ئێران و بەرپرسانی ئەمه‌ریکا ئەو هەواڵانەیان ڕەت کردووه‌ته‌وه‌. ڕوونه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئێران ئاگه‌داری هێرشیی حەماس بوو یان نا، هەر زوو دەرئەنجامەکانی شەڕی غەززە گەیشتە باشووری لوبنان، بەو پێیەی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە سنووری لوبنان هێرشیان كرده‌ سه‌ر یه‌كدی، به ڵام ئه و ڕووداوه‌ی که له مێژووی نێوان ئێران و ئیسرائیل گرنگترین ڕووبهڕووبوونه‌وه‌ی به دوای خۆیدا هێنا، له لوبنان و غهززه ڕووی نه‌دا، به ڵکوو له دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا ڕووی دا و ئیسرائیل له‌ 1ـی نیسانی 2024، هێرشی مووشه‌كی كرده‌ سه‌ر باره‌گای کونسوڵخانه‌ی ئێران و كوژرانی محەممەد ڕەزا زاهیدی، فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران له‌ لوبنان و سووریا و حه‌وت كه‌سی دیكه‌ی لێ كه‌وته‌وه‌. پاشان ئێران له‌ شه‌وی 13 له‌سه‌ر 14ـی نیسانی 2024، له‌ ڕێگه‌ی هه‌زاران درۆن و مووشه‌كه‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل.

به شێوه‌یه‌كی‌ گشتی به‌ ئاوڕدانەوە لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا داهاتووی پەرەسەندنی پتری نێوانیان بە دوای خۆیدا دەهێنێت یاخود نا، بەو پێیەی ئەو حیساباتە واقیعییانەی کە ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەر دوو وڵات بەڕێوە دەبەن، هەندێک جار بە شێوەیەکی دراماتیک دەگۆڕدرێن کە پێشبینیكردنیان ئەستەمە.