یانه‌ی هه‌ولێر زێڕ به زبر ده‌گۆڕێته‌وه و مه‌ترسی كوده‌تاشی له‌سه‌ره
یانه‌ی هه‌ولێر له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ژیرانه مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی یاریزانان بكات، كه‌چی ده‌چێت گه‌نجه خوێن گه‌رم و یاریزانه زێڕینه‌كانی خۆی به نه‌یاره‌كانی ده‌فرۆشێت و، له به‌رامبه‌ردا یاریزانی پاشماوه و زبڵی یانه‌كانی خوار و ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌كڕێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له یاریزانه خۆماڵیه‌كان بكاته‌وه كه به‌سه‌ر یانه‌كانی دیكه‌ی كوردستان دابه‌ش بوون.
یانه‌كانی عه‌ره‌بی عێراقی له‌م وه‌رزه‌دا كوده‌تاییه‌كان له‌سه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ست پێكردووه و چاویان له سه‌رجه‌م خاڵه به‌هێز و كاریگه‌ره‌كانی یانه‌كه بڕیوه و، په‌یتا په‌یتا به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو ئه‌ستێره و یاریزانه دیاره‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌فڕێنن و رێگه به هیچ یاریزانێكی باشیش ناده‌ن په‌یوه‌ندی به‌و یانه كوردییه بكات، ته‌نیا ئه‌وانه‌ی تڵپی ته‌ڕیان تێدا نه‌ماوه، سه‌ربه‌ست كراون كه دیسان بۆ یانه‌ی هه‌ولێری ماڵه كۆنه‌كه‌یان بگه‌ڕێنه‌وه.
ره‌نگه بڵێن ئه‌مه بازاری گواستنه‌وه‌یه و له هه‌موو دنیا به‌م شێوه‌یه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ی ئێوه دروست بێت و ئه‌مه پیلانگیرییه‌كی عه‌ره‌به‌كانی عێراق نه‌بێت بۆ لاوازكردنی یانه‌ی هه‌ولێر، كوا بۆ نه‌تان توانی یاریزانێكی عه‌ره‌ب له‌وانه‌ی كه ئێوه زۆر پێی موعجیبن له‌م وێرانكاری و كوشتارگه‌ی كه ئه‌وان تێیدا ده‌ژین ده‌ربێنن و بۆ یانه‌ی پایته‌خت و ئارامی هه‌ولێر بیگوازنه‌وه، بۆ راهێنه‌رێكی دیارتان پێ ڕازی نه‌كرا؟.
هیواداریم یانه‌ی هه‌ولێر هه‌ستیارانه له‌م بابه‌ته بڕوانێت و ئه‌م لێكدانه‌وه‌ی به‌نده به كێشه‌ی دارایی نه‌به‌ستێته‌وه، چونكه پێموایه هیچ كاتێك ئێوه له دابینكردنی پاره و گرێبه‌ست و مووچه بۆ یاریزان و راهێنه‌ری عه‌ره‌ب كێشه‌تان نه‌بووه و قه‌تیش درێغیتان نه‌كردووه.
پێویسته ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر د‌رك به‌وه بكه‌ن ئه‌مه هه‌ڵمه‌تێكه بۆ لاوازكردنی، چونكه ده‌زانن ئه‌گه‌ر بێت و یانه‌ی هه‌ولێر هه‌ستێته‌وه وه‌ك چیایه‌ك له‌به‌رده‌میان قیت ده‌بێته‌وه، بۆیه له ترسان هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن بۆ كپ كردن و له ناوبردنی.
هه‌موومان ده‌زانین ئێستا سه‌رده‌مێكی جیاواز، له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، له عێراق هاتۆته پێشه‌وه، هیچ شتێك وه‌ك جاری جاران نه‌ماوه، پیلانگێری و شه‌ڕی لاوازكردنی یه‌كتر و به‌تایبه‌تی له دژی كورد كه‌س نییه هه‌ستی پێ نه‌كات، ئه‌وان خۆیان له به‌رامبه‌ر كورد یه‌كلایی كردۆته‌وه، به‌سه با ئێمه‌ش پێداچوونه به‌خۆمان بكه‌ین و چیتر پێمانوا نه‌بێت ئه‌گه‌ر یاریزانی عه‌ره‌ب نه‌بێت له نێو یاریگه گورگ دەمانخوات، بڕوا بكەن ئه‌وان موسیبه‌ته گه‌وره‌كه‌ن، دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن هەموو شتێك باش دەبێت، پاره‌یه‌كی باشتان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه و چیتریش یاریزانی كورد بێ ناز ناكرێت.
به‌داخه‌وه ئێوه له رابردوو و تائێستاش به‌شێوه‌یه‌ك عه‌ره‌بتان لای ئێمه شیرین كردووه، یه‌كێك نه‌شاره‌زا بێت، ده‌ڵێ: هه‌بێ و نه‌بێ زۆربه‌ی ئه‌ستێره‌كانی جیهان له ئه‌كادیمیاكانی به‌سرا و رومادی پێگه‌یشتوون، ره‌نگه وا هه‌ست بكه‌ن هه‌رچی داهێنانه له عێراق كراوه، لاپتۆت له كه‌ربه‌لا دروست كردووه، مۆبایل له نه‌جه‌ف و فه‌یسبووكیش له فه‌للوجه....