دووانه‌ی تره‌مپ- جۆنسن و بوش-بلێر
کاتێک بوریس جۆنسن به سه‌رۆکی حیزبی پارێزگارانی بریتانیا و دواتر سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته هه‌ڵبژێردرا زۆرکه‌س باسی وێک‌چوویی روخساری جۆنسن و تره‌مپیان کرد و هاوکات خاڵه هاوبه‌شه‌کانی دروشم و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌م دوو سه‌رۆکه‌یان به‌رجسته کرده‌وه. نیزیک بیست ساڵ پێشتر کاتێک جورج بوشی کوڕ بوو به سه‌رۆکی ئه‌مریکا، ئه‌وکاتیش باسی نزیکبوونی روخسار و کرداری ئه‌م سه‌رۆکه تازه‌یه له‌گه‌ڵ تۆنی بلێر سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌وکاتی بریتانیا کرا.
پێشبینیه‌کان وه‌راست گه‌ران. ئه‌و دوو سه‌رۆکه واته بوش و بلێر بوونه هاوپه‌یمانی ستراتیژیی یه‌کتر و چ له ئاستی ئه‌وروپادا و چ له رۆژهه‌ڵاتی ناوین پرۆژه‌ی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا و بۆ چه‌ندین ساڵ پشتی یه‌کتریان گرت. بلێی ئه‌م جاره‌ش ئه‌م دوو سه‌رۆکه لێکچووه واته ترامپ و جۆنسن زیاتر له جاران دوو وڵاتی زلهێزی بریتانیا و ئه‌مریکا له یه‌کتر نیزیک بکه‌نه‌وه و سیاسه‌ته‌کانیان پێکه‌وه به‌رنه پێش؟.
له‌م نوسراوه‌یه دا له دوو روانگه‌وه ئه‌م ئاڵوگۆره تازه‌یه شیده‌که‌مه‌وه: رێئالیسم که زیاتر بڕوای به گرنگی دام و ده‌زگای سیاسی وڵاتان هه‌یه و گرنگی زۆر به رۆڵی تاکه که‌س نادا و کۆنستراکتویسم که له جێی خۆیدا قورسایی تاکه‌که‌س و رۆڵی سه‌رۆکه‌کان له گۆرانه سیاسیه‌کاندا به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه.
له رونگه‌ی رئالیسته‌کانه‌وه گۆڕانی سه‌رۆک له وڵاتێک که خاوه‌نی موئه‌سه‌سات و ده‌زگای سیاسی به‌هێز و سه‌قامگیر بێ نابێته هۆکاری گۆڕانی بنه‌ره‌تی له سیاسه‌تی ئه‌م وڵاته. له حاڵه‌تی بریتانیا که ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنی گشتی به‌رێوه نه‌چووه و ته‌نیا له هه‌ڵبژاردنێکی ناوخۆیی‌دا، سه‌رۆکی تازه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار گۆڕاوه، له روانگه‌ی ریئالیسمه‌وه هیچ گۆڕانێکی به‌رچاو له سیاسه‌ته‌کانی ئه‌م وڵاته روو نادا. ئه‌وان پێیان وایه وڵاتێک که خاوه‌نی په‌رله‌مانێکی به هێزه و چه‌ندین تیمی راوێژکاران بۆ داڕشتنی سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌یان راوێژ به به‌رپرسان ده‌ده‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رۆکێکی هه‌ندێک جیاوازیش به ده‌سه‌ڵات بگات، دیسان دوای ماوه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر رێبازی سه‌رۆکه‌کانی پێشوو و ته‌نیا له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و به‌پێی پرس و راوێژی که‌سانی شاره‌زا سیاسه‌ته‌کانی درێژه پێده‌دا.
ئه‌گه‌ر دایبنێین ئه‌م روانگه‌یه راست بێ دیسان ئه‌گه‌ری زیاتر لێک‌نزیک بوونه‌وه‌ی بریتانیا و ئه‌مریکا به‌هێزه. ئه‌م دوو وڵاته هه‌ر دووکیان کێشه‌ی هاوبه‌شیان له ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوین و چین هه‌یه. بریتانیا دوای هاتنه ده‌ری له یه‌کییه‌تی ئه‌وروپا بیر له بازاڕێکی هاوبه‌شی ترانس ئاتلانتیک ده‌کاته‌وه که بریتانیا و ژاپۆن و ئه‌مریکا له یه‌کتر نیزیک بکاته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ر دوو وڵات به ترسه‌وه ده‌ڕواننه پێشکه‌وتنه‌کانی چین و ره‌نگه هه‌وڵ بده‌ن له ساڵانی داهاتوودا پێکه‌وه به‌ره‌نگاری ببنه‌وه.
له رۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌ریتانیا له 1915 وه که پێی نایه خاکی به‌سره و ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی تێکشکاند، ئه‌و ناوچه‌یه و به‌تایبه‌تی که‌نداوی وه‌کوو قوڵایی ستراتیژیی خۆی ته‌ماشا کرد (سه‌رده‌مێک به بۆنه‌ی کۆنترۆڵی ریگای ده‌ریایی بۆ هیندستان، دواتریش به خاتری نه‌وت). له خۆڕا نه‌بوو که کاتێک له 2003 ئه‌مریکا بڕیاری شه‌ڕی عێراقی دا، له ناو وڵاتانی ئه‌وروپایی ته‌نیا به‌ریتانیا پشتی گرت و دووانه‌ی بوش-بلێر پێکه‌وه سه‌ددامیان روخاند. دواتریش دیتمان هه‌ر تره‌مپ به ده‌سه‌ڵات گه‌یشت، له 2017 دا و زۆر پێش ده‌سپێکی کێشه‌ی ئێستای که‌شتیه نه‌وتییه‌کان، به‌ریتانیا بڕیاری ناردنی ناوی شه‌ڕکه‌ری خۆی بۆ که‌نداودا و دوای 45 ساڵ دیسان هێزی ده‌ریایی به‌ریتانیا گه‌راوه ئه‌م ناوچه‌یه (له ١٩٧١ که شای ئێران وه‌کوو ژاندارمی که‌نداو پاراستنی ئاسایشی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی به ئه‌ستۆ گرت، بریتانیا هێزه‌کانی کێشابووه‌وه). ئه‌م ئاڵۆگۆڕانه که هاوکات بوو له‌گه‌ڵ ده‌سپێکی سه‌رۆک کۆماریی تره‌مپ، هه‌ر له سه‌رده‌می سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی بریتانیا ده‌ستی پێ کردبوو، که واته ئه‌گه‌ر ده‌وری تاکه که‌س و سه‌رۆکی جیاوازیش وه‌لا بنێین دیسان ده‌بینین به‌ریتانیا و ئه‌مریکا پرۆژه‌ی هاوبه‌شیان له ناوچه به ده‌سته‌وه‌یه.
به‌ڵام کۆنستراکتویسته‌کانیش هه‌ندێک نموونه ده‌هێننه‌وه که نیشان ده‌دات، ته‌نانه‌ت له وڵاته دیموکرات و سه‌قامگیره‌کانیش دیسان تاکه‌که‌سه‌کان له ئاستی سه‌رێی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌توانن گۆڕان پێکبهێنن یا ره‌وتی گۆڕانه‌کان خێراتر بکه‌ن. بڕوایان وایه ئه‌گه‌ر له جیاتی تره‌مپ، هیلاری کلینتۆن وه‌کوو سه‌رۆكی ئه‌مریکا هه‌ڵبژێردرابا، سیاسه‌ته‌کانی به نیسبه‌ت چین و روسیا ته‌واو جیاواز ده‌بوو به شێوه‌یه‌ک که هاوکاریی ئابووری له‌گه‌ڵ چین درێژه پێده‌دا و ته‌نانه‌ت به‌رفراوانتریشی ده‌کرد، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه به دژی روسیا زۆر توند ده‌بوو له حاڵێکدا ده‌بینین تره‌مپ زۆر نه‌رمی ده‌نوێنی به‌رامبه‌ر کرملین.
یا کاتێک باس له ناردنی ناوی شه‌ڕکه‌ری بریتانیایی بۆ که‌نداو ده‌که‌ن ده‌ڵێن ئه‌وکات بوریس جۆنسن وه‌زیری ده‌ره‌وه بووه و له ژێر فشاری ئه‌ودا سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوو ئه‌م بڕیاره‌ی داوه. هه‌ر ئه‌وکات واته ئاپریلی 2017 بوریس جۆنسن به گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی گوتبوو که بڕیاری 45 ساڵ له‌مه‌وبه‌رمان به نیسبه‌ت گه‌رانه‌وه‌ی هێزه‌کانمان له که‌نداو هه‌ڵه بووه. هه‌روه‌ها دیسان باس له گرنگی رۆڵی جا‌ک ستراو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له سه‌رده‌می تۆنی بلێردا ده‌که‌ن که نه‌یهێشت شه‌ڕی عێراق روو له ئێرانیش بکا.
ده‌گوترێ کاتی خۆی به‌ریتانیا و ئه‌مریکا سوور بوون له سه‌ر ئه‌وه‌ی که دوای رووخانی سه‌ددام هێرش بکرێته سه‌ر ئێرانیش به‌ڵام جا‌ک ستراو له لایه‌ک تارانی له‌و مه‌ترسیه ئاگادار کردۆته‌وه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه فشاری بۆ تۆنی بلێر هێناوه که له‌م بریاره پاشگه‌ز ببێته‌وه و ته‌نانه‌ت جورج بوش‌یش په‌شیمان بکاته‌وه.
هه‌ر به‌م نموونانه‌یه که کۆنستراکتویسته‌کان پێیان وایه ته‌نانه‌ت له وڵاتانی پێشکه‌وتوشدا، دیسان تاکه که‌س له بڕیاری سیاسی دا رۆڵ ده‌بینێ و سه‌رۆکێک ده‌توانێ رێگایه‌کی ته‌واو جیاواز له سه‌رۆکی پێشوو بگرێ یا وه‌زیرێکی ده‌ره‌وه ده‌توانێ بریاری سه‌رۆک وه‌زیرانێک بگۆڕێ.
له هه‌رحاڵدا ئه‌وه‌ی که به چاو ده‌بیندرێ ئه‌وه‌یه که له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و ته‌نانه‌ت ئێستا له ئه‌وروپا و ئه‌مریکاش که شه‌پۆلی پۆپۆلیسم ئه‌و ناوچانه‌شی گرتۆته‌وه سه‌رۆکه‌کان و باقی تاکه سیاسییه‌کان ده‌وری گرنگتر له دام و ده‌زگاکان ده‌گێرن.
هه‌ر کام له دوو روانگه‌ی سه‌ره‌وه دروست بێ هیچ له‌م راستیه ناگۆڕێ که دوانه‌ی ترامپ- جۆنسن پرۆژه‌ی هاوبه‌ش و خه‌ونی هاوبه‌شیان هه‌یه و ئه‌گه‌ر له چه‌ند ساڵی داهاتوودا بتوانن له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنن شاهیدی گۆڕانی زۆر له پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان دا ده‌بین، به تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی ناوین.