سه‌رکه‌وتنه‌کانی پێشمه‌رگه، فه‌رمانده و مامۆستایه‌ک
له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌موو ساڵێك ده‌یان هه‌زار منداڵی کورد خوێندن به زمانی کوردی ده‌ست پێده‌که‌ن و هه‌زاران گه‌نج و لاوی کوردیش ده‌چنه زانکۆکانی کوردستان و به زمانی کوردی پله‌کانی خوێندن ده‌بڕن و دوای چه‌ند ساڵ تێکۆشان له سه‌نگه‌ری زانست دا، بڕوانامه‌ی په‌یمانگه و به‌کا‌لۆریۆس و ماستێر و دکتۆرا وه‌رده‌گرن.
ئه‌م ده‌سکه‌وته تاکوو ئێستا ته‌نیا تایبه‌ته به باشووری کوردستان و ده‌کرێت بڵێین به‌شی زۆری ئه‌رکی پاراستنی زمانی کوردی و زانستی کوردی بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان له ئه‌ستۆی قوتابخانه‌کان و زانکۆکانی باشووری کوردستانه.
له‌م نێوه‌دا هه‌موو ساڵێك ده‌یان خوێندکاری دکتورا، له رێوره‌سمێکی زانکۆیی‌دا به‌رگری له نامه‌ی کۆتایی خوێندنی خۆیان ده‌که‌ن و له سه‌ر ده‌ستی چه‌ند مامۆستا و پرۆفیسۆری زانکۆ، بڕوانامه‌ی دکتۆرا وه‌رده‌گرن. زۆر جار ده‌بینین منداڵه هه‌ژارێک یا بنه‌ماڵه شه‌هیدێک یا کوڕ و کچی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین به‌م پله به‌رزه ده‌گات، که دیاره تام و چێژی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه زیاتر ده‌کات. به‌ڵام به ده‌گمه‌ن هه‌یه که‌سێک په‌یدا بێ هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی پێکه‌وه هه‌بێ بگره زیاتریش.
لێره دا ده‌مه‌وێت باسی سه‌رکه‌وتنه‌کانی شۆڕشگێڕێک، پێشمه‌رگه‌یه‌ک، فه‌رمانده‌یه‌ک، رێبه‌رێک، و مامۆستایه‌کتان بۆ بکه‌م که هه‌موو ئه‌م پێناسانه‌ی پێکه‌وه هه‌یه و ئه‌مڕۆ له زانکۆی سه‌لاحه‌ددینی هه‌ولێر پله‌ی دکتۆراشی به ده‌ست هێنا.
باسی کاک ئیسماعیلی بازیارتان بۆ ده‌که‌م، به‌و هیوایه ببێته هانده‌ری باقی شۆڕشگێر و پێشمه‌رگه و فه‌رمانده قاره‌مانه‌کان.
کاک ئیسماعیل له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کاندا له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار یا مام ناوه‌ندی شاری مه‌هاباد له دایک بوو. هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا له نیعمه‌تی دایک و باب بێبه‌ش بوو، ئه‌رکی گه‌وره کردنی کاک ئیسماعیل که‌وته سه‌ر شانی برا و خوشکه گه‌وره‌کانی. به هۆی بنه‌ماڵه‌که‌ی و که‌ش و هه‌وای تایبه‌تی مه‌هاباد هه‌ر له ته‌مه‌نی مێرمنداڵیه‌وه تێکه‌ڵی سیاسه‌ت و بیری کوردایه‌تی بوو و هاوکات به‌رده‌وام خه‌ریکی ده‌رس خوێندن و وه‌رزش کردنیش بوو. له کۆتایی حه‌فتاکاندا، کاتێک که خوێندنی ناوه‌ندی به سه‌رکه‌وتوویی ته‌واو کرد و خۆی بۆ چوونه زانکۆ ئاماده ده‌کرد، شۆڕشی گه‌لانی ئێران به دژی حکومه‌تی حه‌مه ره‌زا شا ده‌ستیپێکرد. کاک ئیسماعیل زۆر چالاکانه له هه‌موو خۆپیشاندانه‌کانی شاری مه‌هاباد به‌شداری کرد و دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش، په‌یوه‌ست به ریزی تێکۆشه‌رانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو.
ئه‌مجاره به ده‌ستپێکردنی قۆناغی خه‌باتی چه‌کداری، برایەكی لە بەندیخانە ئێعدام كرا و بۆخۆشی بوو به پێشمه‌رگه‌ی دیموکرات. هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگایه‌تیه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که کاک ئیسماعیل بۆ ماوه‌ی 23 ساڵ له ئیمکانی چوونه زانکۆ بێىه‌ش بێت.
له هه‌شتاکاندا کاک ئیسماعیل پێشمه‌رگه بوو و له نه‌وه‌ده‌کاندا فه‌رمانده‌یه‌کی هێزی پێشمه‌رگه. له‌م دوو قۆناغه‌دا کاک ئیسماعیل چه‌ندین جار بریندار بوو و له مردن گه‌ڕاوه. به‌م لێهاتوویانه‌ی که له خۆی نیشانی دابوو له کۆنگره‌ی ده‌ی حدکا دا به ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردرا. به‌ڵام هیچکام له‌م سه‌رکه‌وتنانه کاک ئیسماعیلی له فکری خوێندنی ئاکادیمیک و چوونه زانکۆ دوور نه‌کرده‌وه.
راسته بۆ 23 ساڵ له پۆله‌کانی خوێندن دوور که‌وتبۆوه، به‌ڵام بۆ رۆژێکیش له خوێندنه‌وه و نووسین و خۆ پێگه‌یاندن دوور نه‌که‌وتبۆوه. کاک ئیسماعیل هه‌موو کتێبێکی ده‌خوێنده‌وه، به‌ڵام عاشقی مێژوو و کتێبه مێژووییه‌کان بوو. حه‌یف که له‌م 23 ساڵه‌دا نه‌ده‌کرا هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌رکی حزبی، بچێته زانکۆش و ده‌رس بخوێنێت.
هەر کۆلێجی ئادابی زانکۆی سه‌لاحه‌ددین ئیمکانی خوێندنی ئێوارانی له به‌شی مێژوودا پێک هێنا، له 2002 کاک ئیسماعیل له‌م کۆلیجه ناونوسی کرد به‌ڵام زۆر دژوار بوو، که هه‌موو رۆژێ له کۆیه را خۆی بگه‌یه‌نێته زانکۆ.
زۆر جاران به پاس و به تاکسی، زۆر جاران به برازیلیه شڕه‌که‌ی کۆمیسیۆنی په‌روه‌رده و هێندێ جاریش به ئه‌مبولانسه‌که‌ی نه‌خۆشخانه‌ی دیموکرات به ئێواره ده‌چوو بۆ هه‌ولێر و به شه‌و دره‌نگان، به ماندوویی ده‌گه‌ڕاوه که‌مپی دیموکرات. کاک ئیسماعیل چوار ساڵان هاتووچۆی هه‌ولێری کرد و له 2006 به پله‌ی نایاب خوێندنی به‌کا‌لیۆ‌ریۆسی ته‌واو کرد و هه‌ر ئه‌م ساڵه بۆ ماستێر وه‌رگیرا.
له سه‌ره‌تای 2009 بڕوانامه‌ی ماسته‌ریشی به سه‌رکه‌وتنه‌وه به ده‌ستهێنا و له مانگی 9ی 2009 و بوبه مامۆستای کۆلیجی ئادابی زانکۆی کۆیه. کاک ئیسماعیل ده‌یه‌ویست دکتۆراش بخوێنێ، به‌ڵام له به‌ر یاسایه‌ک له سنووری ته‌مه‌نی بۆ خوێندنی دکتۆرا دانابوو، له درێژه دانی زیاتر به خوێندن بێبه‌ش بوو. به‌ڵام کۆڵی نه‌دا. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌رکی حزبی و ئه‌رکی مامۆستایه‌تی، ده‌ستیکرد به وتار نووسین و کاری توێژینه‌وه‌ی مێژووی و چه‌ندین به‌رهه‌می له جورناڵ و گۆڤاره‌کانی زانکۆ بڵاو کرده‌وه.
هه‌ر ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که زانکۆ رێز له ماندووبونه‌کانی بگرێ و دوای 6 ساڵ دوور که‌وتنه‌وه له خوێندن له 2015 بۆ خوێندنی دکتۆرا وه‌رگیرا. خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ کاک ئیسماعیل به سه‌رکه‌وتنه‌وه له تێزی دکتۆراکه‌ی به‌رگری کرد و له لایه‌ن لیژنه‌ی زانکۆ‌وه په‌سه‌ند کرا و بڕوانامه‌ی دکتۆرای وه‌رگرت.
کاک ئیسماعیل به پاره‌ی ماڵه باب و میراتی بنه‌ماڵه‌که‌ی پێ نه‌گه‌یشت. کاک ئیسماعیل شۆڕشگێر بوو، پێشمه‌رگه بوو، فه‌رمانده بوو، رێبه‌ر بوو، خوێندکار بوو، مامۆستا بوو و له ئه‌مڕۆ را دکتۆر ئیسماعیل بازیاره.
سوپاس بۆ هیمه‌تی کاک ئیسماعیل، سوپاس بۆ شۆڕشی کورد، سپاس بۆ ئاسانکاری حزبی دیموکرات و سوپاس بۆ زانکۆکانی سه‌لاحه‌ددین و کۆیه که ئیمکانی ئه‌و حه‌ماسه‌یان خوڵقاند. هیوادارم بۆ ده‌یان ساڵ هه‌موومان له وجودی کاک ئیسماعیل به‌هره‌مه‌ند بین. هیوادارم نمونه‌ی زۆر بێ و ببێته سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ هاندان، سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ لێ فێر بوو و بۆ خو پێگه‌یاندن و خزمه‌ت به گه‌ل و نیشتمان.