حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا: سنووره‌كانمان له ته‌كفیرییه‌كان خاوێن ده‌كه‌ینه‌وه
K24- هه‌ولێر
ئه‌مینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی، رایگه‌یاند، كه شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌سه‌ر سنووری سووریا سه‌ره‌تایه‌كه بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی ته‌كفیرییه‌كان.
دوێنێ چوارشه‌ممه (10-6-2015) حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی له كۆنگره‌یه‌كی فیكری له‌شاری به‌یروتی پایته‌ختی وڵاتی لوبنان به‌ناونیشانی"نوێكردنه‌وه‌ی فیكره‌ی جیهادی له‌لایه‌ن ئیمام "عه‌لی ئه‌لخامنه‌ئی" گوتی: "شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی(داعش) له‌سه‌ر ناوچه سنووریه‌كانی لوبنان و سووریادا، سه‌ره‌تایه‌كه بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی ئه‌و رێكخراوه‌ی جیهادییه"
هه‌روه‌ها گوتیی: "له‌دوێنێ شه‌ودا سه‌دان چه‌كداری داعش به‌ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌ل و په‌لی سه‌ربازی هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر براكانمان له شاره‌كانی جرود و ره‌ئس بعلبك كه ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری نێوان لوبنان و سووریا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئه‌وان زۆر به بوێرانه و ئازایانه توانیویانه به‌رپه‌چیان بده‌نه‌وه و ده‌یان چه‌كداری سه‌ر به‌م رێكخراوه بكوژن".
له‌درێژه‌ی گوتاره‌كه‌یدا گوتی: "ئێمه هه‌موو هه‌وڵێكمان خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌و سوریشین له‌سه‌ر كۆتایی پێهێنانی ئه‌م تیرۆرسته توندڕه‌وانه له‌سه‌ر سنووره‌كه‌مان و له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌ین هه‌موو جۆره قوربانیه‌ك بده‌ین".
كه‌ناڵی ئاسمانی "منار"ی سه‌ر به‌حزبوڵڵا دوێنێ چوارشه‌ممه گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه كه تیایدا چه‌ند لاشه‌یه‌كی چه‌كداره‌كانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) نیشاندا كه له ئه‌نجامی شه‌ڕوپێكدادانه‌كانی نێوانییان كه‌وتبووه ده‌ستیان له نزیك شاری "ره‌ئس بعلبك".
شاری ره‌ئس بعلبك، درێژ ده‌بیته‌وه له‌سه‌ر سنووری لوبنان و شاری قه‌له‌موون له سووریا و ناسراوه به "چیای لوبنانی رۆژهه‌ڵات" كه ئه‌ویش چه‌ند گوندێكی ئه‌و ناوچه‌یه له‌خۆ ده‌گرێت و بووه‌ته په‌ناگه‌یه‌ك بۆ حزبوڵڵا له‌سه‌ر خاكی سووریا بۆ شه‌ڕكردن شان به‌شانی هێزه‌كانی حكوومه‌تی سووریا.
له‌مانگی رابردوودا ناوچه‌ی قه‌له‌موونیش شه‌ڕێكی توندی به‌خۆوه بینیوه له‌نێوان هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریا و حزبوڵڵا له‌لایه‌ك و چه‌كداره‌كانی به‌ره‌ی نوسڕه و ئۆپۆزیسۆن له‌لایه‌كی دیكه.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه نه‌سروڵڵا گوتیشی" پێشه‌ڕه‌وییه‌كی زۆر له جرود، عرسال و ره‌ئس بعلبك رووی داوه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و شكسته گه‌وره‌یه دێت كه به‌ره‌ی نوسڕه له‌م رۆژانه‌ی دواییدا به‌خۆیه‌وه بینی، له‌ئێسته‌شدا ئه‌م ناوچانه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی حكوومه‌تی سووریادان.