منداڵانی بەركار داوای ئایندەیان لە حكوومەت دەكەن

لە رۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەی كاركردنی منداڵاندا شەقام و كارگەكان لە دەستگێڕ و منداڵی كرێكار جمەی دێت

K24- هه‌ولێر

 

لە رۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەی كاركردنی منداڵاندا شەقام و كارگەكان لە دەستگێڕ و منداڵی كرێكار جمەی دێت.

جگە لە رۆژی 1ـی حوزەیران كە رۆژی جیهانی منداڵانە ، رۆژی 12ـی حوزەیرانیش وەك رۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەی كاركردنی منداڵان دەستنیشان كراوە. بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی جیهانیی كار لە جیهاندا نزیكەی 120 ملیۆن منداڵ لە تەمەنی 5 تا 14 ساڵ لە بری خوێندن خراونەتە بەركارى قورس و تاقەتپڕووكێن، كە رێكخراوی نێودەوڵەتی یۆنسكۆ (سندووقی منداڵان) ئەو ژمارەیە بۆ 150 ملیۆن منداڵی كاركەر و بێبەشكراو لە خوێندن بەرز دەكاتەوە. لە باشووری كوردستانیش ژمارەیەكی زۆر لەو منداڵانە بەرچاو دەكەون، بەتایبەتی كە بە هۆی شەڕەكانی ناوخۆی عێراق و سووریا پتر لە یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار كەس وەك پەناخواز و بە شاڵاو روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەك دەرۆزەكەری منداڵ لە سەر شەقامەكان دەبیندرێن كە لە شارەكانی عێراقەوە هاوردەی كوردستان دەكرێن.
توێژەری كۆمەڵایەتی ئالان لەشكری لەو بارەیەوە بۆ كوردستان 24 دەڵێت: "جگە لە منداڵانی كاركەر لە سەر شەقام و ناو كارگەكان، ژمارەیەكی زۆری منداڵ لە شارەكانی عێراقەوە هاوردەی كوردستان دەكرێن و كاری سواڵكردنیان پێدەكەن، تەنانەت زۆربەی ئەو منداڵانە بە كرێ‌ دەگرن، واتە ئەوانە باندی مافیایین و لە بەرژەوەندی خۆیان داهاتووی منداڵی خەڵك دەڕووخێنن". ئەو توێژەرە بە پێویستی دەزانێت، هەر لە بازگەكانی دەورپشتی شارەكانەوە رێگری لەو كەسانە بكرێ كە منداڵان دەهێنن و سواڵیان پێدەكەن، وتیشی: "پێویستە لانیكەم سەیری ناسنامەكانیان بكرێ‌ بۆ ئەوەی بزانن ئەو منداڵانە بەردەستی ئەو مافیا بێبەزەییانە نەكەوتوون".
كامیل عەلی منداڵێكی تەمەن 13 ساڵە و لە سەر شەقام و لە قرچەی هاوینی گەرمی هەولێردا بۆیاخی پێلاو دەكات. كاتێك پرسیاری ئەوەی لێدەكەین: ئایا دەزانیت ئەمڕۆ (12ی حوزەیران) رۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەی كاركردنی منداڵانە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: "ئەو رۆژە هیچ شتێك لە ژیانی من ناگۆڕێت، من لە بەر هەژاری و نەبوونی وازم لە خوێندن هێناوە، هیچ شتێكیش لەوە ناخۆشتر نییە كە واز لە خوێندن بهێنی، زۆر بیری قوتابخانە و هاوپۆلەكانم دەكەم، هەمیشەش خەون بە كۆمپیوتەرەوە دەبینم و دەترسم قەد فێری نەبم، بۆیە داواكارم حكومەت ئاوڕێك لە ئێمەش بداتەوە بۆ ئەوەی لەم ژیانە مەرگەساتە رزگارمان بكات".
بەشێكی زۆر لەو خێزانانە كە كار بە منداڵەكانیان دەكەن، بە هۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەكەیانەوە ئاوارەبوون و كەمدەرامەتیی فشاری‌ بۆ هێناون.
وەسام سابیر تەمەنی 11 ساڵە و لە سەر شەقام دەستەسڕ (كلینێكس) دەفرۆشێتت. وەك خۆی باسیكرد، خەڵكی شاری (حەلەب)ـە و بە هۆی شەڕی ناوخۆ و وێرانبوونی شارەكەیانەوە، بە خێزانەوە ‌ڕوویان لە هەولێر كردووە، ئەو‌ بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسی ژیانی ڕابردووی لە شاری حەلەب دەكات و دەڵێت: "ئێمە لەوێ ژیانمان زۆر خۆش بوو، منیش قوتابی بووم، بەڵام ئێستا دەستم‌ بە كاركردن كردووە، چونكە باوكم بە تەنها ناتوانێت بژێوی‌ ماڵەوەمان دابین بكات".
وەسام وەك هەزاران منداڵی ئاوارەی وڵاتی سووریا، لە سپێدەی بەیانی تا خۆرئاوابوون لە سەر شەقامەكان كاردەكات، ئەوەش كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر باری دەروونی ناوبراو دروستكردووە، بۆیە بە خەمبارییەكی زۆرەوە دەڵێت: "لە خێزانەكەمان جگە لەمن كەسێكی‌ وامان نییە تاوەكو بتوانێ‌ بژێوی‌ ژیانمان دابین بكات، بۆیە رۆژانە ناچارم ئەم كارە بكەم، هەرچەندە ئەوەشی‌ كە دەستم دەكەوێ، بەشی‌ پێداویستی‌ ژیانمان ناكات".
سەیران سەلاح سەرۆكی رێكخراوی ئەستێرەی منداڵان، كە كەسێكی چالاكی بواری مافەكانی منداڵە، نیگەرانی خۆی لەوە دەردەبڕێت كە "رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان لەسەر شەقامەكان كاردەكەن و تا ئێستا بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە كاری بەرچاو نەكراوە"، وتیشی: "وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە وردی بەدواداچوونی بۆ كێشەی منداڵانی سەرشەقام و كاركەر‌ نەكردووە، دەبوو لانیكەم بەدواداچوونی زانستی بۆ دەرخستنی داتا و ژمارەیان بكردایە و ئامارێكی دیاریكراویان هەبووایە، بۆ ئەوەی بزانرێت هۆكاری كاركردنیان چییە، ئەگەر وەزعیان لەڕووی مادییەوە خراپە، پێوستە چارەسەر بكرێت، ئەگەریش خێزانەكەیان كێشەی ئابوورییان نییە و وەك چاولێكەری و بە هۆكاری دیكە كار بە منداڵی خۆیان دەكەن، پێویستە هوشیار بكرێنەوە و بەدواداچوونی جددی بۆ داهاتووی ئەو منداڵانە بكرێت".