ئيتڵاعات: دەبێت ئامادەی شەڕ بین

کۆماری ئیسلامی ئێران، ترسی لە ھێرش و تەقینەو هه‌یە

 K24 – هه‌ولێر:

دوای ھێرشەکەی فەرەنسا کۆماری ئیسلامی ئێران، ترسی لە ھێرش و تەقینەوەی ھاوشێوە ھەیە، وەزیری ئیتلاعاتی ئێرانیش رایگەیاند، مەترسیی ھێرشی داعش بۆ سەر ئێران جددیە و دەبێ ئامادەی شەڕ بین.

بەرپرسانی ئێران نیگەرانن لە مەترسی نزیکبوونەوەی رێکخراوی داعش لە سنوورەکانیان، لە سنوورەکانی رۆژھەڵاتی وڵاتەکە مانۆڕێکی سەربازی بەرفراوان ئەنجامدەدات، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپا رایگەیاندووە، "بە مەبەستی ئامادەباشی ھێزەکانیان لە ئەگەری شەڕدان".

مانۆڕی سەربازیی ھێزە زەمینییەکانی سوپای ئێران، ئەمجارە بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکانی بەرامبەر رێکخراوی داعش، ھەڕەشەیەک کە زیاتر لە ھەمووکات، جموجۆڵی خستۆتە ناو ھێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئیبراھیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق ھۆشداریدا، ئەگەری زۆر ھەیە، دوای رۆژئاوا داعش ھێرشی بکاتە سەر ئێران.

لە لایەکی دیکە مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران، دوای ئەو لێدوانەی جەعفەری رایگەیاند، "مەترسیی ھێرشی داعش بۆ سەر ئێران جددیە و ئێمەش دەبێ ئامادەی شەڕ بین".

پاش ھێرش و تەقینەوەکان بۆ سەر پاریس لە 13ى تشرينى دووه‌م/نۆڤه‌مبه‌رى 2015 زۆربەی وڵاتانی جیھان، ھەستیان بە مەترسی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کردووە و رێوشوێنی ئەمنیان گرتووتەبەر، بەرپرسانی ئێرانیش جەخت لە مەترسیەکانی سەر وڵاتەکەیان دەکەنەوە لە لایەن داعش.