پلانێکی كوشتنی وەزیری نێوخۆی ئیتاڵیا ئاشکرا دەکرێ

K24-ژووری ھەواڵ پۆلیسی ئیتاڵیا گرتنی گرووپێکی مافیای راگەیاند، كە "پلانیان" بۆ کوشتنی وەزیری نێوخۆی ئەو وڵاتە داڕشتووە.

پۆلیسی سەربازیی ئیتاڵیا رایگەیاند کە:

"شەش ئەندامی گرووپێکی مافیای لە شاری كۆرلیۆن دەستگیر كردووە، كە پلانیان داڕشتبوو بۆ کوشتنی ئەنجێلینۆ ئەلفینۆ، وەزیری نێوخۆی ئیتالیا".

پۆلیسی سەربازیی ئیتاڵیا هاوکات ئاشکرای کە "تۆمارێکی دەنگییان لە بەر دەستە تێیدا ئەو گرووپە دانیان ناوە بە داڕشتنی پلانێک بۆ كوشتنی وەزیری نێوخۆی ئیتالیا".

بەپێی پۆلیسی سەربازیی ئیتاڵیا ئەم گرووپە سەر بە مافیای سیسیلی كۆسا نۆسترایە، كە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بەھێزترین مافیای ئیتاڵیا بوو.

هاوکات بەپێی پۆلیسی ئیتاڵیا مافیای سیسیلی كۆسا نۆسترا، چەندین كەیسی كوشتنی سیاسەتمەدارانی بەسەردا ساغبووەتەوە.