به‌غدا بۆ شه‌ڕى داعش هانا بۆ پاسه‌وانى به‌رپرسان ده‌بات

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، پلانێکی نوێی هەیە بۆ بەکارهێنانی پاسەوانانی زیادی بەرپرسانی عێراق لە شەڕی دژی داعش.

 K24 – به‌غدا:

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، پلانێکی نوێی هەیە بۆ بەکارهێنانی پاسەوانانی زیادی بەرپرسانی عێراق لە شەڕی دژی داعش.

وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونيكردووه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌ته‌كه‌يان "پلانێکی نوێى داڕشتووە بۆ بەکارهێنانی پاسەوانانی پلەداری زیادی ريزى فەوجەکانی پاراستنی بەرپرسانی عێراق و ئامێرەکانی بەردەستیان لە شەڕی دژی رێکخراوی داعش بۆ بەهێزکردنی هێزە شەڕکەرەکانی دژی داعش".

وەزارەتی بەرگریی ئاماژەى به‌وه‌شكردووه‌، رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتە بەر کە بڕیارەکەی جێبەجێ ناکەن".

هاوکات فەریق روکن عوسمان ئەلغانمی، سوپاسالاری عێراق بە وەکالەت دوای کۆبوونەوەیەك لەگەڵ فەرمانەدەکانی فەوجە هەڵوەشێنراوەکانی پاسەوانانی بەرپرسانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەم رێوشوێنانە لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەند فەوجێکی پاسەوانانی بەرپرسان و هێشتنەوەی بەشێکی ئەو پاسەوانانە بۆ پاراستنی کەسایەتییەکان".

ئەمە لە کاتێکدایە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەرەتای مانگی رابردوو رایگەیاند، پێویستە هەموو فەوجەکانی پاراستنی بەرپرسان بەبێ جیاوازیی لە بەرپرسان بسەندرێنەوە و بە رێژەی 90% پاسەوانانی بەرپرسان کەمبکرێنەوە.