یەکێتی ئەوروپا یوسف محەممەد وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان ناناسێنێت

هەوڵێکی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ یوسف محەممەد شکست دەهێنێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر

بڕیارە رۆژی  3ی مانگی داهاتوو، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیكا شەشەمین دیداری نێوان لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و عێراق ئەنجام بدرێت.

بزووتنەوەی گۆڕانیش هه‌وڵیداوه‌ لەو رێگەیەوە یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بناسێنێت، بەڵام هەوڵەکانی شکست خوارد.

بۆ کۆبوونەوەکەی رۆژی ٣ی دیسه‌مبەر  پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و شاندی پەرلەمانی عێراقی، بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، لەکاتی پێکهێنانی شاندی پەرلەمانی عێراقی بۆ بەشداری لەو دیدارە، جیگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئارام شێخ محەمەد ، داوا دەکات کە لە بری ئەو، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان یوسف محەممەد بەشداری لەو شاندە بکات و وتارێک بخوێنێتەوە، پەرلەمانی عێراقیش بەو هەنگاوە رازی دەبێت.

کوردستان٢٤ زانیویەتی، پەرلەمانی ئەوروپا رەتیکردووەتەوە، کە یوسف محەمەد لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکان پەیامێکی تایبەتی هەبێت، تەنیا دەتوانێت لە کاتی دەستپێکردنی پرسیار و وەڵامەکان بۆ چەند خولەکێک گوتەیەک پێشکەش بکات و لە کورسی دواوەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا دابنیشێت.

پێشتر هەفتەنامەی باس بڵاوی کردەوە، بزووتنەوەی گۆران لە رێگەی چەند کەناڵێکی نێودەوڵەتییەوە  ھەوڵ دەدات شەرعیەتی سەرۆک پەرلەمانی بۆ یوسف محەمەد بە دەست بخاتەوە، بەڵام ھەوڵەکان تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.

بزووتنەوەی گۆڕان ھەوڵەکانی لەگەڵ کونسوڵخانە و ناوەندە بیانییەکان خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی ئەو نوێنەرایەتییانە سەردانی یوسف محەمەد بکەن لە ئۆفیسی پەرلەمان لە سلێمانی و وەکو سەرۆکی پەرلەمان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، ھەندێکیان چوون بەدەم ئەو ھەوڵانەوە و ھەندێکیان نەچوون.

 بەڵام بەشێک لەو کونسوڵخانانەش لە کاتی سەردانیان بۆ نووسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی، ئەوەیان دووپات کردووەتەوە، کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان لە کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان بێلایەن بن و خۆیان لە ململانێکانی ناوخۆ بە دوور بگرن.