لە بەغدا لە دژی هاتنی هێزی تورکیا خۆپێشاندان دەكرێت

مەترسیی لەسەر كونسوڵخانەی توركیا ھەیە

بڕیارە خۆپێشاندانێكی فراوان لە بەغدا ئەمڕۆ لە دژی جێگیرکردنی هێزێکی تورکیا لە نزیکی شاری مووسڵ رێکبخرێت و مەترسی ھەیە خۆپێشاندەران هەڵوێستی توند بەرامبەر باڵوێزخانەی توركیا لە بەغدا بنوێنن.

پەیامنێری (كوردستان24) لە بەغدا رایگەیاند: "ئامادەكاریی کراوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ خۆپێشاندانێكی فراوان لە بەغدا دژی بوونی سەربازیی توركیا لە نێو خاكی عێراق بەرێوەبچێت، مەترسی زۆریش ھەیە ھێرش بكرێتە سەر باڵوێزخانەی توركیا لە بەغدا".

پەیامنێرمان گوتیشی: "چەند رۆژێكە بە ھێزێكی زۆر دەوری باڵوێزخانەی توركیا لە بەغدا كۆنتڕۆڵكراوە لە ترسی ھێرشكردنەسەری، بەڵام ئەمڕۆ وەک دیارە مەترسی زیاتر هەیە و رێوشوێنی ئەمنیی توندتر گیراوەتەبەر".

ئەفسەرێكی باڵا لە وەزارەتی نێوخۆی عێراق كە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت بە (كوردستان24)ی گوت: "ھەندێك لە سەركردە باڵاكانی شیعە پشتیوانیی لە خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆ دەكەن، بۆیە پێویستە باڵوێزخانەی توركیا بپارێزرێت لە ھەر توندوتیژیی و رووداوێكی نەخوازراو".

ئەو خۆپێشاندانە لە كاتێكدایە پێشتر بەرپرسانی باڵای توركیا رایانگەیاند کە ئەفسەرانی وڵاتەكەیان بە مەبەستی مەشقکردن بە هێزە عێراقییەکان لە شارۆچکەی باشیک لە نزیکی شاری مووسڵ جێگیر کراون، لە چوارچێوەی ئامادەکاریی بۆ دەرکردنی مووسڵ لە بندەستی چەکدارانی داعش.