رووسيا هۆشدارييه‌كى ديكه‌ى دايه‌ توركيا

حكومه‌تى رووسيا، هۆشدارى دايه‌ توركيا له‌ باره‌ى "بێزاركردن" و "ته‌نگپێهه‌ڵچنينى" هێزه‌كانى رووسيا له‌ سووريادا.

K24 – مۆسكۆ:

حكومه‌تى رووسيا، هۆشدارى دايه‌ توركيا له‌ باره‌ى "بێزاركردن" و "ته‌نگپێهه‌ڵچنينى" هێزه‌كانى رووسيا له‌ سووريادا.

وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا رايگه‌ياند، كه‌شتييه‌كى جه‌نگى رووسيا چه‌ند فيشه‌كێكى بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ى كه‌شتييه‌كانى توركيا ته‌قاندووه‌.

ته‌قه‌كردن له‌ كه‌شتييه‌كانى توركيا به‌ ئاماژه‌يه‌كى نوێى گرژييه‌كانى نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ هه‌ژمار ده‌كرێت.

له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا روونيكردووه‌ته‌وه‌، "بۆ پاشكۆى سه‌ربازى باڵيۆزخانه‌ى توركيا ئه‌گه‌ر و مه‌ترسييه‌ كاره‌ساتباره‌كانى هه‌ر جۆره‌ جووڵه‌يه‌كى سه‌ربازى توركيا له‌ دژى هێزه‌كانى رووسيا له‌ سووريادا روونكراوه‌ته‌وه‌".

پێشتر كه‌شتييه‌كى راوكردنى توركيا به‌ بێ گوێدان به‌ كه‌شتييه‌كى سه‌ربازى رووسيا ئاراسته‌ى خۆى نه‌گۆڕيبوو، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ لايه‌ن كه‌شتييه‌ سه‌ربازييه‌كه‌ى رووسياوه‌ ته‌قه‌ى لێبكرێت.

له‌و باره‌يه‌وه‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا مه‌ولوود چاوش ئۆغڵۆ، كه‌ له‌ رۆمايه‌ به‌ مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى پرسى ليبيا گوتى: "به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ين و ئه‌و كاته‌ قسه‌ى خۆمان ده‌كه‌ين".

به‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ 24ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌رى رابردوودا توركيا فڕۆكه‌يه‌كى رووسيايى جۆرى سيخۆى خسته‌خواره‌وه‌، په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ روويان له‌ گرژى و ئاڵۆزى كرد.