ھەرێمی كوردستان.. باران بارین بەردەوام دەبێ و بەفربارین بەڕێوەیە

"پلەی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی دادەبەزێ"

K24-ھەولێر

كەشناسیی ھەرێمی كوردستان راگەیاند باران بارین لە ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێ و شەپۆلێکی بەفربارین بەڕێوەیە.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسیی و بوومەلەرزە لە هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی (کوردستان 24)ی راگەیاند کە: "لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانیی و دهۆک تا دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێوەیەكی پچڕپچڕ باران دەبارێت و دوای نیوەڕۆ بارانبارین چڕ دەبێ".

فازڵ ئیبراهیم گوتیشی: ئەمشەو لەسەنتەری شاری ھەولێر باران دەبارێ و لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای ھەولێر بەفر دەبارێت. و ئاشکرای کرد کە: ئەمشەو لە سەنتەری شارەكان وناوچە شاخاوییەكانی سلێمانیی و دهۆک بەفر دەبارێت.

بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسیی ھەرێمی كوردستان: سبەی ھەینیی بەھەمان شێوە لە ھەولێر باران دەبارێ و لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگاکە بەفر دەبارێت. هاوکات سبەی لە سلێمانیی و دهۆک بەفر دەبارێت و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا لە سەنتەری شار و ناوچە شاخاوییەكانی ئەو دوو پارێزگایە پلەی گەرما دادەبەزێ بۆ ژێر سفری سەدی.