لە شارۆچكەیەك زیاتر لە 700 كەس دەچنە ناو داعش

"دەرئەنجامی ئەو توندوتیژییەیە كە دژ بە سوننەكان كراوە"

K24 - خورماتوو

بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو رایگەیاند زیاتر لە 700 كەس لە سنووری شارۆچكەی خورماتوو چوونەتە ناو گرووپی داعش.

فاروق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تا ئیستا لە سنووری شارۆچكەی خورماتوو و دەوربەری 700 كەس چوونەتە ناو ریزەکانی داعش، لە كۆی ئەو ژمارەییە تەنھا 17 كەسیان كوردن كە تا ئێستا 8 كەسیان كوژراون".

بەپێی ئەو ئامارەی دەزگا ئەمنییەكانی ناوچەکە بڵاویان کردووەتەوە: ناوچەکانی سنووری خورماتوو پێشەنگن لە رووی چوونی دانیشتوانیان بۆ نێو رێزەکانی داعش و زۆربەی ئەو كەسانەش عەرەب نەتەوەن.

هاوکات ئەحمەد نفوس، ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچکەی خورماتوو بە (كوردستان24)ی گوت: "ھۆكاری بوونی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵكی ناوچەكە لە نێو داعش، ئەو توندوتیژییەیە کە دژ بە دانیشتوانی سوننەی ناوچەکە کراوە".

ئێستا ھێزە ئەمنییەكانی شارۆچكەی خورماتوو بۆ دەستگیركردنی شانە نووستوەكانی داعش، چەندین ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە و كار دەكەن بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی زیاتر لە بارەی ئەو كەسانەی پەیوەندیان بە داعش ھەیە یان ھاوكارییان دەكەن.