ئه‌نجومه‌نی ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى پشتى رياز ده‌گرێت
K24 – نيويۆرك:
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی سووتاندنی باڵۆێزخانه‌ی سعودییه‌ی له تاران ئيدانه‌كرد، به‌بێ ئاماژه‌كردن بۆ له‌سێداره‌دانی نمر باقر ئه‌لنمر.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "رێككه‌وتننامه‌ی ڤیه‌ننا ده‌وڵه‌تان پابه‌ند ده‌كات به رێزگرتن له نێرده دیپلۆماتييه‌كان". هه‌ر له‌راگه‌یاندنه‌كه داوا له ئێران كراوه دامه‌زراوه‌ی باڵۆێزخانه و قونسوڵیيه‌كان و كارمه‌نده‌كانیان بپارێزێت.
هه‌ره‌وه‌ها ئه‌نجومه‌نی ئاسایش داوا له لایه‌نه‌كان ده‌كات، بۆ هێمنكردنه‌وه‌ی گرژیيه‌كان، به گفتوگۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكه‌ن .
له دوای له سێداره‌دانی كه‌سایه‌تی ئایینی شیعه له‌لایه‌ن سعودییه، باڵۆێزخانه‌ی سعودییه له تاران سوتێندرا، ئه‌مه‌ش بارگرژیيه‌كانی نێوان سعودییه و ئێرانی هه‌ڵكشاند و به‌حره‌ین و سودان هاتنه پاڵ سعودییه به پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسیيه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، ئیماراتی عه‌ره‌بیش په‌یوه‌ندیيه دیپلۆماسیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران كه‌مكرده‌وه .