يه‌كگرتوو دژى يوسف محه‌ممه‌د هاته‌ ده‌نگ

"وامان دەزانی وەك بەرپرسێكی ویژدان زیندوو داوای لێبوردن دەكەیت نەك تۆمەت ببخەشیتەوە".

K24 – ھەولێر:

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە وەڵامێكدا بۆ یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، "ئێوە دەتانەوێت هەڵەكانتان بخه‌نە ئەستۆی یەكگرتوو، وامان دەزانی وەك بەرپرسێكی ویژدان زیندوو داوای لێبوردن دەكەیت نەك تۆمەت ببخەشیتەوە".

لە وەڵامێكدا بۆ گوتەكانی یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، (پارتى له دواى‌ 12ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ وه‌ك سه‌رۆكى په‌رله‌مان نايناسێنێت‌) كە یەكگرتووی ئیسلامی بەوە تۆمەتباركردبوو، یەكەم لایەن بووە داوای دواخستی كۆبوونەوەی 19ی ئاب/ ئۆگستى 2015ی پەرلەمانی كوردستانیان كردبوو، محمد ئەحمەد یاریدەدەری ئەمینداری یەكگرتوو رایگەیاند، "ئێوە دەتانەوێت هەڵەكانتان بخەنە ئەستۆی یەكگرتوو، ئێمە چاوەڕێی داوای لێبوردن بووین، چونكە ئێوە بەڵێنتان دابوو بە دواخستن و نەتانكرد، ئێوە دەتانووت ئەگەر یەكگرتوو بڕۆشتایەتە كۆبونەوەكە، ئێستا كوردستان دونیایەكی تر بوو، سەرۆكی هەرێم دەگۆڕا و گوزەرانی خەڵك باشتر بوو، پەرلەمان و حكومەت لە باشترین ڕەوشدابوو".

ئەو لێدوانەی یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كە لە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی بڵاوكراوەتەوە گوتویەتی: "روداوەكانی 24 كاتژمێر پێش كۆبونەوەی 19ی ئاب وەك خۆی باس ناكرێت ئەوكاتەی شەوی 19ی ئاب شاندی ئەمریكیەكان داوایان كرد وتیان ئەمشەو ئێمە تیگەشتین ئێوە لەسەر چی كۆكن و لەسەر چی ناكۆكن واباشە ماوەبدەن بەخۆتان تاوەكو رێك بكەون لەسەر ئەوشتانەی رای جیاوازتان هەیە".

گوتیشی: "ئەوەی كە سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت گوایە یەكگرتوو یەكەم لایەن بووە لە داواكردنی دواخستنی كۆبونەوەكە دروست نیە، چونكە شاندی یەكگرتوو لە كۆبونەوەكەدا لای راستی شاندە ئەمریكیەكەوە دانیشتبوون و پرسیان كرد ئێوە راتان چییە وتمان خراپ نیە تاوەكو كاتژمێر ۸ی شەو دوا بكەوێت و پاشان یەك لەدوا یەك لەلایەنەكانیان پرسی هەموو رازی بوون جگە لە گۆڕان كە ئەوانیش تەنها سەرەتا ناڕازیبوون دواتر پاش قسەكردن لەگەڵ كاك نەوشیروان ئەوانیش پێشنیازیان كرد دوابخریت بۆ رۆژی یەك شەممە".

محەممەد ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوە كردووە: "هەمان شەو پەیوەندی بەسەرۆكی پەرلەمانەوە كرا و خۆشی رەزامەندی نواند لەسەر دواخستنی كۆبونەوەكەوە، ئێوەش دەزانن كە لە راگەیاندنەكانەوە كاك محمد حاجی بەرپرسی ژووری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانیش پێچەوانەی وتەكانی جەنابت وتی كە كاك نەشیروان و بەشێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ كۆبوونەوەی 19ی ئاب نەبوون".

ياريده‌ده‌رى ئەمینداری یەكگرتوو ئەوەشی خستووتەڕوو، "یەكگرتوو تاوانی ئەوەبوو راستییەكانی بەخەڵك دەووت، پێشبینی ئەم رەوشەی ئێستای هەرێم و خراپتری دەكرد كە ئێوە پێشبینیتان نەدەكرد، ئێمە وامان دەزانی وەك بەرپرسێكی ویژدان زیندوو داوای لێبوردن دەكەیت نەك تۆمەت ببخەشیتەوە".

وەڵامی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ یوسف محەمەد، "سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان" دوای ئەوە دێت كە لە دیمانیەكی رۆژنامەوانیدا، یەكگرتووی بەوە تۆمەتباركردبوو، كە لە كۆبوونەوەی 19ی ئابی ساڵی 2015ی پەرلەمانی كوردستان یەكەم لایەن بووە داوای دواخستنی كۆبوونەوەكەی كردووە.