نوێنەرێكی كورد: كوردەكانی بەغدا ھەڕەشەیان لەسەرە

بە دواداچوونیان بۆ پرسی ھەڕەشەكردن لە كوردانی بەغدا كردووە .

K24 – بەغدا:

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق لە فراكسیۆنە كوردییەكان رایگەیاند، بە دواداچوونیان بۆ پرسی ھەڕەشەكردن لە كوردانی بەغدا كردووە و پشتڕاست بوونە لە ھەواڵەكە، بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەن ئەركی خۆی رانەپەڕاندووە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی كوردستان24، ئەشواق جاف، رایگەیاند: "ماوەیەك لەمەوبەر بە دواداچوونمان بۆ ھەواڵی بوونی ھەڕەشەی لەسەر كوردانی بەغدا كردووە، پشتڕاست بووینەوە كە ھەڕەشە لەسەر كوردانی نیشتەجێی بەغدا ھەیە  و بە تەلەفۆن قسەمان لەگەڵ یەكێك لەو كەسانە كرد، كە ھەڕەشەی لێكراوە".

گوتیشی: "بەگوێرەی زانیارییەكانمان چەند خێزانێكی كوردی نیشتەجێی بەغدا، بەھۆی ھەڕەشەكانەوە ناچاركراون بەغدا جێبھێڵن و بەرەو سلێمانی و پێنجوێن رۆیشتوون، ئەو كەسانە ھەڕەشە لە كوردان دەكەن بەعسین راستە شیعەكانن، بەڵام ھەموو بەعسیەكان سوننە نین".

لە بارەی ھەڵوێستی نوێنەرانی كورد لە عێراق دژ بەو ھەڕەشانەی لەسەر خێزانە كوردەكان ھەیە، ئەشواق جاف، گوتی: "بەیاننامە ھاوبەشمان بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام من زوو قسەم لەسەر ئەو بابەتە كرد، پێشتریش لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەن ئەوەیان ئاشكرا كردبوو كە چەندین خێزانی كورد ھەڕەشەیان لەسەرە".

راشیگەیاند، "ئەنجامدانی توندوتیژی و ھەڕەشە دژ بە كوردان لە بەغدا لە لایەن میلیشیا شیعەكان، بۆ نانەوەی ئاژاوەییە لە نێوان نەتەوەكان، لە كاتێكدا لە دەستووری عێراقدا رێگری لەوە كراوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئەركی خۆی رانەپەڕاندووە و لە دانیشتنی فەرمیدا باسی ئەو ھەڕەشانە بكات".

ماوەیەكە لە ھەندێك راگەیاندنی ناوخۆی عێراقی ھەواڵ و زانیاری لە دەمی سەرچاوە و نوێنەرانی لەبارەی بوونی ھەڕەشە لەسەر كوردانی نیشتەجێی بەغدا لە دەمی خۆیان پشتڕست كراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا دامەزراوە فەرمییەكانی بەغدا لەسەر ئەو بابەتە نەھاتونەتە دەنگ.