بە ڤیدیۆ...یادی كۆچی دوایی ھونەرمەند محەممەد ماملێ

گۆرانی (ئامینێ تۆ گوڵەكەمی) بۆ من گوتووە
kurdistan24.net

لە حەڤدیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی ھونەرمەندی كورد محەممەدی ماملێ، كوردستان24، یادی دەكاتەوە، بەرنامەی رۆژباش کوردستان24 تەوەری سەرەكی تایبەت كرد بەم بوونەیە.

پەیامنێری (كوردستان24) لە شاری سلێمانی سەردانی ماڵی ھونەرمەند محەممەدی ماملێی كرد و لە دیدارێکدا خاتوو ئامینە، ھاوسەری ماملێ گوتی: عاشقی كەسایەتی ماملێ بووم نەك دەنگ و رەنگی، ئەو كوردپەروەر بوو ھەموو كات دەیگوت ھەر كوردبن".

گوتیشی: "ھەرچەندە نامەوێت دوای مردنی بڵێم، بەڵام گۆرانی (ئامینێ تۆ گوڵەكەمی) بۆ منی گوتووە".

لە بارەی دەنگ خۆشی كوڕەكانی و جێگرتنەوەی باوكیان، خاتوو ئامینە گوتی: "كەسیان ناگەن بە ماملێ و جێی ئەو ناگرنەوە، بەڵام من دایكیانم دەنگی ھەموویانم پێ خۆشە".

چیا ماملێ، كوڕی ھونەرمەند محەممەد ماملێ، بەشداریی لە بەرنامەی رۆژباش كرد و لە بارەی درێژەدان بە رێبازی باوكیان، دەڵێ: "ئێمە كە لە سكی دایكمان ھاتینە دەرەوە و چاومان بە دونیا ھەڵێناوە، بە گۆرانییەكانی ماملێ ئاشنابووین، بەڵام ھەرگیز حەدم نییە بڵێم دەگەمەوە باوكم سەد ساڵی دیكەش من و براكانم ناتوانین بگەین بە باوكمان".

داواشی لە ھونەرمەندانی كورد كرد: "كە لەسەر رێچكە و رەسانایەتی خۆیان بمێنەوە و پەرە بە ھونەر و میوزیكی كوردیی بدەن".

محەممەد ماملێ، کە یەكێك بوو لە ھونەرمەندە دیارەكانی ناو دونیای گورانی و موزیكی كوردیی، لە ساڵی ١٩٢٥ی زایینی لە گەڕەکی خرێ لە شاری مەهاباد لە دایكبووە، یەکەم گۆرانی بە ناوی (رۆیی بە جێی هێشتم) لە ساڵی ١٩٣٨چڕیوە، لە ساڵی 1999، كۆچی دوایكرد.