یەدوڵڵا محەممەدی رەخنە لە تەلەفزیۆنی ئێران دەگرێت

"ساڵانێکە خزمەتی ميوزيكى کوردستان دەکەم و ئێستا رادیۆ و تەلەفزیۆن بێ ئەوەی بیانوویەکییان هەبێت، ئاوازه‌كه‌م داده‌نێن، به‌ڵام دەنگی خۆمی لەگەڵدا بڵاو ناکەنەوە"
kurdistan24.net

K24 – سنە:

ئەنجوومەنی رێزگرتن لە شانازییەکانی کوردستان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رێزی لە گۆرانیبێژی پێشەنگی کورد یەدوڵڵا محەممەدی گرت.

رێزگرتن لە کەسایەتییە ناسراوەكانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە نەریتێکی باو.

بەشێکی بەرچاو لە  ئەندامانی ئەنجوومەنی رێزگرتن لە شانازییەکانی کوردستان لە شاری سنە، دوێنی ٢ی شوبات/ فێبرایەر، سەردانی ماڵی یەدوڵڵا محەممەد یان کرد.

کۆمەڵێك شاعیر، نووسەر، هونەرمەند و بەڕێوبەری گشتیی تەلەفزیۆنی سنەش بەشداری سەردانەکە بوون.

ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ئەنجومەنەکە، یەحیا سەمەدی، لەو سەردانەدا، گوتی: "بە درێژای مێژوو خەڵکی کوردستان، رێزیان لە ھونەر و ھونەرمەندان گرتووە".

سەبارەت بە ژیانی یەدوڵڵا محەممەدیی، سەمەدی گوتی: "ھونەرمەندییەك كە ئاكارو ره‌وشت، ئەدەب و ھونەرە لەژیانییدا رەنگ بداتەوە، ھونەرەكەی بۆ ھەمیشە لە دڵی خەڵكی كوردستاندا دەمێنێتەوە".

ئەو ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ئەنجومەنی رێزگرتن لە شانازییەكانی كوردستان داكۆكی لە ئەنجوومەنەكەیان كرد و گوتی: "ئەنجومەنەکەمان سەر بە ھیچ حزب و لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی نییە و بە شێوەیەکی خۆڕسك دامەزراوە و رێز شانازییەکانی کوردستان دەگرێت".

یەدوڵڵا محەممەدیش سوپاسی میوانەکانی کرد و ھاوكات رەخنەی لە تەلەفزيۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت.

محەممەدی سەبارەت بە ژیانی خۆی ئەوەی خستەڕوو: "ساڵانێکە خزمەتی موزيكى کوردستان دەکەم و ئێستا رادیۆ و تەلەفزیۆن بێ ئەوەی بیانوویەکییان هەبێت، ئاوازه‌كانم بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و دەنگی خۆمی لەگەڵدا بڵاو ناکەنەوە".

بە گوتەی یەدوڵڵا محەمەدی، ئەمە جۆرێک "بێڕێزی"يه‌ بە هونەرمەند و هونەرەکەی.

ساڵی رابردوو، هەر لەشاری سنە،  کۆمەڵێک ئەدیب و هونەرمەند بڕیاریاندا لە ماڵی خۆیدا رێز لە جەلال مەلەكشای شاعیر بگرن، بەڵام هێزە ئەمنیيەکان بڵاوەیان بە میوانەکانی کرد.

یەدوڵڵا محەممەدی كە ھاوكات مامۆستاشە دوای ٥٩ساڵ تەمەن، خانەنشین کراوە و لە شار سنە ژيان به‌سه‌رده‌بات.