حه‌شدی شه‌عبی: هاتنى هێزی بیانی بۆ عێراق ره‌تده‌كه‌ینه‌وه
K24 - به‌غدا:
حه‌شدی شه‌عبی داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كات، هه‌ڵوێستی روونی هه‌بێت له باره‌ی هاتنی هێزی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق.
نازم ئه‌سه‌دى، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راوێژكارى حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 24ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016 رایگه‌یاند، پێویسته حكوومه‌تی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا، هه‌ڵوێستی خۆی له باره‌ی هاتنی هێزی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق روون بكاته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وان هه‌ست به ناروونیی هه‌ڵوێستی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن له هاتنی ئه‌و هێزه.
ئه‌سه‌دی گوتی: "هه‌رچه‌نده حكوومه‌تی عێراق پێشتر هاتنی هێزی سه‌ربازی بیانی بۆ عێراق ره‌تكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا ره‌وشه‌كه پێچه‌وانه نیشانده‌دات و هه‌ڵوێستی حكوومه‌تیش له باره‌ی هاتنی ئه‌و هێزه تایبه‌تییه‌ی ئه‌مه‌ریكا روون نییه".
هه‌روه‌ها گوتی: "سه‌ركرده‌كانی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتنی ئه‌و هێزه تایبه‌ته و بڵاوه‌پێكردنیان له عێراق به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا راگه‌یاندووه، به‌تایبه‌تیش له‌نێوان سنووری عێراق و سووریا".
نازم ئه‌سه‌دی له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا گوتی: "حه‌شدی شه‌عبی پێشتر هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاندووه و هاتنی هه‌ر هێزێكی بیانی بۆ ناوخاكی عێراق ره‌تكردووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تیش ئه‌مه‌ریكا، كه ده‌یه‌وێت رێڕه‌وی ئازادكردنی خاكی عێراق له چه‌ته‌كانی داعش په‌كبخات و له‌پێناو جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی، بۆ كاتێكی زیاتر له‌ناو عێراقدا بیانهێڵێته‌وه".
پێشتر ئاشتۆن كارته‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، كه پێویسته هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌كان له دژی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش چڕتر بكرێنه‌وه و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی راگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی هێرشی زه‌مینی له دژی ئه‌و رێكخراوه ده‌ستپێبكات.