ئه‌مريكا.. پێشنياز ده‌كرێت هێزێك ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكرێت

ئەمریكا پێشنیاز بۆ ھێزی ھاوپەیمانانی دژی داعش دەكات، ھێزێكی تایبەتی رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە جێگيریان بكات

K24 – هه‌ولێر:

ئەمریكا پێشنیاز بۆ ھێزی ھاوپەیمانانی دژی داعش دەكات، ھێزێكی تایبەتی رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە جێگيریان بكات، بەمەبەستی زیاتر "قۆرخكردنی" شاری موسڵ.

بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیای ئەمریكا، رۆژی یەكشەممە، ژەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد، فەرماندەی گشتی سوپای ئەمریكا لە پاریس لەگەڵ فەرماندەی سوپای فەرەنسی ژەنەراڵ پێیر دی ڤێلەرس، كۆبووەتەوە، بەمەبەستی چڕكردنەوەی ھەوڵەكانیان لە دژی رێكخراوی داعش.

یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی ژەنەراڵ دانفۆرد پێشنیازی كردووە، ناردنێكی ھێزی تایبەتی ئەمریكایە بۆ ھاوكاریكردنی ھێزی پێشمەرگە.

دانفۆرد رایگەیاندووە بڕیارە ئەم ھەفتەیە ئەو پێشنیازە پێشكەش بە باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا بكات و پێشنیازەكەشی لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەی فەرماندە سەربازی ئەمریكی و عێراقی بۆیان دیارییكردووە كە تایبەتن بە چۆنێتی رزگاركردنی موسڵ.

دواتر ژەنەراڵی ئەمریكی ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە بڕیارە قسە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی عێراقیش بكات سەبارەت بە ئاستی ھاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ قۆناغی داھاتوو.