زێباریی: ئەگەر هەیە کوردستان بە پشکی خۆی لە بودجەی عێراق بچێتەوە

"ئەگەر هەیە دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقیی ببێتە هۆی سەرهەڵدانی هەڵاوسان و بێکاریی"

K24

هۆشیار زێباریی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند داڕمانی نرخی نەوت وا لە هەرێمی کوردستان دەکات بە پشکی خۆی لە بودجەی عێراق بچێتەوە.

هۆشیار زێباریی راشیگەیاند: "داڕمانی نرخی نەوت وا لە هەرێمی کوردستان دەکات بە پشکی خۆی لە بودجەی عێراق بچێتەوە".

بەپێی یاسای بودجەی گشتیی سای 2016ی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیە 17%، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی و پارێزگای کەرکووک لە ژێر رکێفی بەغدا هەناردە بکات. بەڵام بەغدا دەڵێ بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمەوە ئامادە نین پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە رەوانەی هەولێر نکەین.

زێباریی گوتیشی: "ئەگەر هەیە دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقیی ببێتە هۆی سەرهەڵدانی هەڵاوسان و بێکاریی، هاوکات حکوومەت ناتوانێ هەندێک رێوشوێن بگرێتەبەر، وەک زیادکردنی باج و دانانی گومرکی نوێ، چونکە ئەمە ئەبێتە بارگرانیی بەسەر هاوڵاتیانەوە".

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەشی کرد کە: "ئاماژەی دڵخۆشکەر هەن بۆ چاکبوونی نرخەکان لە وەرزی بەهار هاوکات لەگەڵ کەمبوونی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی گران بەها لە ئەمریکا".

هۆشیار زێباریی ئەوەشی خستەڕوو: "هۆکاری بەردەوامبوونی بەرهەمهێنەرانی نەوتی لیتەیی بریتیە لەوەی کە ئەوان بە بۆندی پێشوەختە و بە نرخی 70 دۆلار و ئەم بۆندانە لە وەرزی بەهاری داهاتوو کۆتاییان دێ".

زێباریی هاوکات پێشبینی کرد: "ئێران نەتوانێ بە خێرایی بەرهەمی نەوتی خۆی زیاد بکات وەک دەخوازێ"، و پێشبینی کرد: "بەرهەمی نەوتی ئێران لە کۆتایی ئەمساڵدا رۆژانە لە 500 هەزار بەرمیل تێنەپەڕێ".

وەزیری دارایی عێراق راشیگەیاند کە: "ئەوەی پێشینەیە لە خەرجییەکانی حکوومەت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینکراوان و پرۆسە سەربازییە پێویستەکانە بۆ رووبەڕووبونەوەی رێکخراوی (داعش)، لە پاڵ خزمەتگوزاریی تەندروستیی و کۆمەڵایەتیی بنەرەتیی".

ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق لە بودجەی گشتیی ساڵی 2016 نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی بە 45 دۆلاری ئەمریکیی خەمڵاندووە، بەڵام زێباریی دەڵێ: حکوومەت "هەوڵدەدات خەرجییەکانی کەمبکاتەوە و لە نێوخۆ قەرز بکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە".

بەپێی چاودێران پێشبینی دەکرێ کورتهێنانی بودجەی گشتیی سای 2016ی عێراق بگاتە نزیکەی 24 ترلیۆن دیناری عێراقیی، واتا نزیکەی 25%  تێکرای بودجەی عێراق.

سەرچاوە: رۆیتەرز