ریاد نەسان: رژێمی سووریا نایەوێت راستەوخۆ گفتوگۆ بكەین

."پێویستە لە یەكەم قۆناغدا ئابڵوقە و بۆردومان لەسەر ھاووڵاتیان ھەڵبگیرێت"
kurdistan24.net

K24 - جنێڤ:

ئەندامێكی شاندی دەستەی باڵای دانووستاندنی كۆنگرەی جنێڤ 3 رایگەیاند، پێویستە لە یەكەم قۆناغی دانووستاندن پێویستە ئابڵوقە و بۆردومان لەسەر خەڵك رابگیرێت، نیو ملیۆن ژیانیان لە ھەڕەشەدايه‌.

لە میانی بەشداریكردنی رووماڵی تایبەتی كوردستان 24 لە بارەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی جنێڤ 3، ریاد نەسان ئاغا، ئەندامی شاندی دەستەی باڵای دانووستاندن رایگەیاند، "ئێمە ھاتووین لە بۆ ئەوەی خواستی راستی بە راستی بە دەست بێنین، باوەڕی تەواومان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەیە، پێویستە لە یەكەم قۆناغی دانووستاندنەكاندان ئابڵوقە لەسەر خەڵكی ھەڵبگیرێت و بۆردومان و ھێرشە ئاسمانییەكان لەسەریان بوەستێنرێت چونكە ئەوان ھاووڵاتین و لە سەنگەری لەشكردا نین ".

گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەنین بەھۆی رژێمەوە ئابڵوقەی ئابووریی بخرێتە سەر ھاووڵاتیان، ئەوەی كە روودەدات ھەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتیان كە لە برسان بمرن، رژێم دەیەوێت ئەو خەڵكەی ناچاری مردن بكات، ئێستا 500 ھەزار ھاووڵاتی لە ژێر ھەڕەشەی گیان لە دەستدانن".

لە بارەی دەستپێكردنی دانووستانى ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا لە كۆنگرەی جنێڤ 3 ریاد نەسان، گوتی: "رژێم بە ھیچ شێوەیەك نایەوێت راستەوخۆ گفتوگۆ بكەین، ئێمەش لە ئێستادا، كە خەڵك لە ژێر بۆردومان و ئابڵوقەدان رێگە بە خۆمان نادەین لەگەڵ رژێم كۆببینەوە، ئێمە ھاتووین نیازپاكی خۆمان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشكرا بكەین".