وەزیری سامانە ئاوییەكانی عێراق: ھیچ مەترسییەك لە سەر بەنداوی مووسڵ نییە

بەنداوی مووسڵ بەهۆی پوکبوونی بناغەی بەنداوەکە کە زیاتر لە ماددەی گەچ پێکهاتووە و بەردەوام تووشی پووکبوون دەبێ و بەردەوام پێویستە بە چێمەنتۆ پڕبکرێتەوە
kurdistan24.net

K24- بەغدا:

موحسین شممەریی، وەزیری سامانە ئاوییەكانی عێراق رایگەیاند ھیچ مەترسییەك لە سەر بەنداوی مووسڵ نییە.

موحسین شممەریی گوتیشی: "بەنداوی مووسڵ پێویستی بە نۆژەنكردنەوەیە، ھیچ مەترسییەك لە سەر بەنداوی مووسڵ نییە، ئێستا حكوومەت سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی بەنداوی مووسڵ".

شممەریی هاوکات دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتیانی بەغدا و مووسڵ كە: "ھیچ مەترسییەك لە سەر داڕمانی بەنداوی مووسڵ نییە"، دەشڵێ: "ئەو ھەواڵانەی لە سەر داڕمانی بەنداوی مووسڵ بڵاودەكرێنەوە تەنھا پڕۆپاگەندەن".

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا و چەند بەرپرس و فەرماندەی سەربازیی ئەمریکا هۆشداریان دا لە ئەگەری داڕمانی بەنداوی مووسڵ بەهۆی پوکبوونی بناغەی بەنداوەکە کە زیاتر لە ماددەی گەچ پێکهاتووە و بەردەوام تووشی پووکبوون دەبێ و بەردەوام پێویستە بە چێمەنتۆ پڕبکرێتەوە.