زانیاری ورد له‌باره‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه له هوتێل كاپیتۆڵ
K24 - هه‌ولێر:
له ئاكامی ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ك له هوتێلی كاپیتۆڵی شاری هه‌ولێر، 19 كه‌س گیانییان له ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون، به‌ڵام هێشتا ئاماره‌كان پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه.
په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، ئێستا تیمه‌كانی فریاگوزاری گه‌یشتوونه‌ته شوێنه‌كه و سه‌رقاڵی رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه گیریانخواردووه.
نه‌وزاد هادی، پارێزگاری هه‌ولێر گوتی: "تا ئێستا 19 ته‌رم گه‌یشتوونه‌ته نه‌خۆشخانه، كه 14یان بیانین"، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تا ئێستا ئه‌و ژمارانه پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له به‌رگری شارستانی رایگه‌یاند، تا ئێستا هۆكاری ئاگره‌كه نه‌زانراوه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت شۆرتی كاره‌با بێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، نزیكه‌ی 10 كارمه‌ندی به‌رگری شارستانیش برینداربوونه.
به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی هوتێله‌كه تایبه‌ت بۆ كوردستان24 گوتی: "نهۆمی ژێرزه‌مینه‌كه په‌یوه‌ندی به هوتێله‌كه‌وه نییه و شوێنی چاره‌سه‌ری فیزیایی و مه‌ساجه".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ندێك له‌وانه‌ی گیانییان له‌ده‌ستداوه كچه فلیپینی بوون و تایبه‌ت به سه‌نته‌ره‌كه بوونه".
په‌یامنێری كوردستان 24 راشیگه‌یاند، تا ئێستا هیچ ئامارێكی وردی قوربانییان رانه‌گه‌یه‌ندراوه و تیمه‌كانی ته‌ندروستی و فریاگوزاریش هیچ ژماره‌یه‌كی قوربانییان رانه‌گه‌یاندووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی گواستراونه‌ته‌وه نه‌خۆشخانه، به‌هۆی دووكه‌ڵه‌وه تووشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی بوونه نه‌ك به ئاگره‌كه برینداربووبن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش تا ئێستاش تیمه‌كانی فریاگوزاری سه‌رقاڵی گواستنه‌وه‌ی بریندارانن بۆ نه‌خۆشخانه و رزگاركردنی گیرخواردووانه.