رژێمی سووریا له به‌ندیخانه‌كان تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامداوه
K24 – جنێڤ:
لێكۆڵه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایانگه‌یاند، به‌ندكراوه‌كانی ده‌ستی رژێمی سووریا به كۆمه‌ڵ گیان له ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش به تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی ئه‌ژمارده‌كرێت.
ئه‌و لێكۆڵه‌رانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گوتیان: "به‌ندكراوه‌كانی لای رژێمی ئه‌سه‌د، به شێوه‌ی كۆمه‌ڵ له ناو گرتووخانه‌كان گیان له ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌گاته ئاستی پیاده‌كردنی قڕكردنی دانیشتوانی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، ئه‌و ره‌فتاره‌ش به تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی ئه‌ژمار ده‌كرێت".
لای خۆیه‌وه لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوای له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی كرد: "سزای ئاڕاسته‌كراو بخاته سه‌ر به‌رپرسانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازیی سووریا، به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی بوونه‌ته هۆكاری مردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و شوێنبزركردنی گیراوه‌كان"، به‌ڵام ئه‌و لیژنه‌یه ناوی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی سووریای دایاریی نه‌كرد.
لێكۆڵه‌ره‌وانی سه‌ربه‌خۆ رایانگه‌یاندووه: "ئه‌وان پڕۆسه‌ی له سێداره‌دانی به‌كۆمه‌ڵ و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان به دۆكیومێنت كردووه كه به‌ره‌ی نوسره و داعش‌یش له سووریا ئه‌نجامیانداوه".
له به‌شێكی راپۆرتێكدا كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌كراوه، ئه‌وه‌شی تێدا ئاشكراكراوه: "به درێژایی نزیكه‌ی چوار ساڵ و نیو شه‌ڕی سووریا، به هه‌زاران به‌ندكراو له‌لای لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كان گیانیان له ده‌ستداوه".
لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامدانی دیدار له‌گه‌ڵ 621 له رزگاربووانی ناو به‌ندیخانه‌كان و گه‌واهیده‌ران و ئه‌و به‌ڵگانه‌ی تیمی نێوده‌وڵه‌تی كۆی كردوونه‌ته‌وه، راپۆرته‌كه ئاماده‌كردووه، راپۆرته‌كه‌ش ئاماژه به ماوه‌ی نێوان 10ی ئادار/مارس 2011 تا 30 تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر2015 ده‌دات.
لیژنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه روونیكردووه‌ته‌وه: "پڕۆسه‌كانی كوشتن و مردن كه له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، به‌رێژه‌یه‌كی زۆر و له ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ و له چه‌ندین شوێن ئه‌نجامدراون، ئه‌و پڕۆسانه‌ش به پشتیوانی لۆجیستی گه‌وره كه سه‌رچاوه گه‌وره‌كانی حكوومه‌تیش ده‌گرێته‌وه جێبه‌جێكراون".
ئه‌و لیژنه‌یه زیاتر گوتی: "بنه‌مای به‌هێز هه‌ن باوه‌ڕ به‌وه بكرێت ئه‌و پڕۆسانه‌ی باسكراون، ده‌گه‌نه ئاستی قڕكردن به‌و پێیه‌ی تاوانی دژی مرۆڤایه‌تین".
دوای تێپه‌ڕبوونی 5 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵپه‌ساردنی دانووستانه‌كانی ئاشتی تایبه‌ت به سووریا، لێكۆڵه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی گوتوویانه: "سزادان له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه و تاوانی دیكه، ده‌بێت به‌شێك بێت له‌هه‌ر چاره‌سه‌رێكی سیاسیی له سووریا".
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز