هه‌ولێر.. كۆمەڵەی كرێنشینان داواكارییەكانیان دەگەیه‌ننە پارێزگا

پێویستە كرێی خانوو لەسەر بنەمای رووبەر، نرخی خانوو و شوێنی جوگرافیایی خانووەكە دیاری بكرێت.

K24 – ھەولێر:

بەرپرسی لقی ھەولێری كۆمەڵەی كرێنشینان رایگەیاند: "لەپێناو بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و بۆ ئەوەی كرێنشین و خاوەن خانوو زیانیان لێنەكەوێت، پێویستە كرێی خانوو لەسەر بنەمای رووبەر، نرخی خانوو و شوێنی جوگرافیایی خانووەكە دیاری بكرێت".

 لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی كوردستان 24، بەرپرسی لقی ھەولێری كۆمەڵەی كرێنشینان، مەحموود ئیسماعيل گوتی: "باشترین رێگەچارە بۆ كەمكردنەوەی كرێ خانوو ئەوەیە یاسایی كرێ خانوو ھەموار بكرێتەوە، واتا بەیاسایكردنی پرسی كرێ خانوو خزمەت بە ھاووڵاتیان دەكات".

ئەوەشی خستەڕوو: "بەگشتی ئەو قەیرانانەی ھەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە لە لایەك و بوونی ژمارەی زۆری ئاوارە لە ھەرێمی كوردستان كێشەی كرێ خانووی قووڵتر كردووەتەوە، بەڵام گەڕانەوەی ئاوارەكان راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی خانووبەرە دەبێت، بۆ نموونە لە ھەندێك شوێن كرێ خانوو لە 400 ھەزار دینارەوە بۆ 200 ھەزار دابەزیوە".

لەگەڵ چڕبوونەوەی قەیرانەكان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی راگەیاند، ھاوكات كۆمەڵێك بڕیاریشی دەركردووە، یەكێك لە بڕیارەكان كەمكردنەوەی كرێ خانووە، ئەو بڕیارە كرێ نشینەكانی دڵخۆش كردووە.