گوتەبێژی پارتیی لە سلێمانیی: عەبادیی دەیەوێ شەقامی كوردیی بجوڵێنێت

سەركردەیەكی یەكگرتوو: ھەردوولا پێویستمان بە یەكترە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/3ea6aa9c-8171-456d-ae78-bda48dd04789/WelamiHkumetiHeremBoAbadi.ism/manifest

K24- سلێمانیی:

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانیی رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی بەو لێدوانانە دەیەوێت شەقامی كوردیی بجوڵێنێت.

لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) فارس نەوڕۆڵیی, گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانیی رایگەیاند: "بەو لێدوانانەی عەبادیی دەیەوێت شەقامی كوردیی دژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بجوڵێنێت، ئەوان تەنھا قبوڵیانە كورد وەك پاشكۆی بەغدا بگەڕێتەوە".

لە بارەی ھەنگاونان بۆ چارەكردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، فارس نەوڕۆڵی گوتی: "پێم وایە لە ئەمڕۆدا ھەر ھەنگاو نانێك لە بەغدا جێگای ئومێد نییە".

مستەفا کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی بە (كوردستان24)ی گوت: "ئەگەر لێكتێگەیشتنێكی باش ھەبێت ھەردوولا سوود لە یەكتر دەبینین، لەم قۆناغەدا ئەمڕۆ عێراق پێویستی بە ئێمەیە بۆ شەڕ دژی داعش، لە ھەمانكاتدا ئێمەش پێویستمان بە حكوومەتی ناوەندە".

مستەفا کەریم گوتیشی: "ئەگەر وەك كورد بەرەو سەربەخۆیی ھانگاو بنێین دەبێ پەیوەندییەكانمان باش بێت و دراوسێی باش بین، نابێ جیابوونەوەمان بە ناخۆشیی بێت".

دوای چەند رۆژێك لە كۆبوونەوەی شاندی ھەولێر و بەغدا حەیدەر عەبادیی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا وەڵامی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی دایەوە و ئامادەیی حکوومەتەکەی بۆ ناردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەربڕیی بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی لە ژێر رکێفی حکوومەتی عێراق هەناردە بکات.

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە وەڵامدانەوەی عەبادیی رەزامەندیی دەربڕی و رایگەیاند: "ئەوە نەوت بفەرموون ئێوەش مووچە و بودجەمان بۆبنێرن".

داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا