یۆرۆپوڵ: 5 ھەزار تیرۆرست گەڕاونەتەوە ئەوروپا

K24- ھەولێر:
سەرۆک پۆلیسی یەکگرتووی ئەوروپا (یۆرۆپوڵ) رایگەیاند 5 ھەزار تیرۆرستی راھێنراو لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەوروپا.
رۆب واینرایت، سەرۆكی پۆلیسی یەکگرتووی ئەوروپا (یۆرۆپوڵ) راشیگەیاند: زیاتر لە 5 ھەزار شەڕكەری راھێنراوی داعش و رێكخراوە تیرۆرستییەكانی دیكە گەڕاونەتەوە ئەوروپا و بەمەش ئەگەری روودانی ھێرشی تیرۆرستیی زۆر زیاتر دەبێت لە ئەوروپا".
رۆب واینرایت دەشڵێ: "ئەو كەسانەی گەڕاونەتەوە بەشێكیان خاوەنی ناسنامەی وڵاتانی ئەوروپان و دوای تەواوكردنی مەشق و راھێنان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاونەتەوە ئەوروپا بەشێكی دیكەشیان دزەیان کردووەتە نێو پەنابەران و بەو رێگەیە ھاتوونەتە ئەوروپا".
سەرۆكی پۆلیسی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشدا: "700 بەریتانیی چووەنەتە بەرەكانی شەڕ لە عێراق و سووریا، نزیكەی 350 یان گەڕاوونەتەوە بۆ بەریتانیا، بەمەش ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا رووبەڕووی گەورەترین ھەڕەشە دەبنەوە كە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ئەوروپا رووبەڕووی ھەڕەشەی وا گەورە نەبووەتەوە".
رۆب واینرایت دەشڵێ: "داعش بەمەبەست ئەو شوێنانە دەكاتە ئامانج تاکوو زۆترین ھاووڵاتی بكاتە ئامانج و ببنە قوربانیی".
لەدوای سەرهەڵدانی رێكخراوی داعش لە سووریا و عێراق بە سەدان كەس كە ھەڵگری ناسنامەی وڵاتانی ئەوروپاوە پەیوەندیان بە ریزەكانی داعش لە عێراق و سووریا کرد.
سەرچاوە: AFP
ئامادەكردن: یادگار ئیسماعیل، داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد