رووسیا: دانووستانەکانی سووریا بەبێ کورد سەرکەوتوو نابێت

لە 29 ی كانوونی دووەم گفتوگۆكانی پرۆسەی ئاشتیی سووریا كە بە جنێڤ سێ ناسراوە بەڕێوەچوو، بێ بەشداری نوێنەرانی كورد بە جیا.

K24 - ھەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، دانووستانەکانی سووریا بەبێ کورد سەرکەوتوو نابێت.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەبارەت بە دانووستانەکانی داهاتووی جنێڤ گوتی "نەتەوە یەکگرتووەکان لایەنەکان بانگهێشتی جنێڤ دەکات، بەڵام رووسیا پێی وایە بەبێ بەشداری لایەنی کوردی، دانووستانەکان سەرکەوتوو نابن".

ماریا زاخارۆڤا گوتیشی: " کورد بەشێکی دیاری گەلی سووریایە و رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی دژی تیرۆر دەگێڕن".

ماریا زاخارۆڤا، ئاماژەی بەوەشداوە كە هەندێک لایەن دژی بانگهێشتکردنی کوردن بۆ جنێڤ، هەر بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشتییان ناکات.

كورد وەك بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەشداریان لە كۆنگرەی جنێڤ سێدا كرد، كە لە 29 ی كانوونی دووەم گفتوگۆكانی پرۆسەی ئاشتی سووریا كە بە جنێڤ سێ ناسراوە بەڕێوەچوو، بێ بەشداری نوێنەرانی كورد بە جیا.

ستیڤن دیمستۆرا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گفتوگۆكانی ئاشتی لە سووریا ھەریەك لە رژێمی بەشار ئەسەد و ئۆپۆزسیۆنی سووریای بەجیا بانگھێشیكردن بۆ كۆنگرەی جنێڤ سێ.

سەرچاوە: رووسیا یەک، داڕشتنەوە: ش، م