قۆناغی دووەمی گرتنەوەی ناوچەکانی نێوان سەڵاحەدین و ئەنبار دەست پێدەکات

K24- هەولێر

فەرماندەیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە لە عێراق رایگەیاند قۆناغی دووەمی گرتنەوەی ناوچەکانی نێوان پارێزگاکانی سەڵاحەدین و ئەنبار دەستیپێکرد.

فەرماندەیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "قۆناغی دووەمی هەڵمەتەکانی ئیمام عەلی ئەلهادی ئەمڕۆ بە فەرمیی دەستیپێکرد بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی نێوان سینییە و حەدیسە تاوەکوو دەگاتە قۆناغی شکاندنی گەمارۆی سەر شارۆچکەی حەدیسە (رۆژئاوای بەغدا)".

جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیی، ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، پێنجشەممەی رابردوو، رایگەیاند کە ناوچەی: "دوورگەی سامەرا لە باشووری تکریت (170 کم باکووری بەغدا) بە تەواوی رزگارکرا بەبێ بەشداریکردنی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی لە هەڵمەتەکاندا".

جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیی گوتیشی: "لە چەند هەفتەی داهاتوودا شارۆچکەی شرگات رزگار دەکرێ و بڕیاری بەشداریکردنی حەشدی شەعبیی لە رزگارکردنی شاری فەللوجە (40 کم رۆژئاوای بەغدا) لە ژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە".

ئەمە لە کاتێکدا شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق رایگەیاند: "هێزی ئاسمانیی عێراق بە هەزاران بڵاوکراوەی لە ئاسمانی فەللوجەدا بڵاوکردووەتەوە تێیدا داوای لە دانیشتوانی فەللوجە کرد خۆئامادە بکەن بۆ قۆناغی دوای داعش".

ئا: ئا ، ف