به‌ ڤیدیۆ.. بارسێلۆنا به‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ وڵامی ریال مه‌دریدی دایه‌وه‌

به‌ 4 گۆڵی خاوێن یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌

K24 ـ هه‌ولێر

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له نێو‌ یاریگه‌ی ئیپۆرای تایبه‌ت به‌ یانه‌ی ئیبار، یانه‌ی بارسێلۆنا به‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ وڵامی ریال مه‌دریدی دایه‌وه‌.

له‌ هه‌فته‌ی 28ـه‌مینی لالیگای ئیسپانیا یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی بووه‌ میوانی یانه‌ی ئیبار و به‌ 4 گۆڵی خاوێنیش یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌، دوو گۆڵیش له‌ لایه‌ن لیۆنێل مێسی ـییه‌وه‌ تۆمار كرا.

له‌م یارییه‌دا، یاریزانی به‌رازیلی نێیمار دا سیلڤا به‌هۆی بوونی 3 كارتی زه‌رد به‌شداریی یارییه‌كه‌ی نه‌كرد، لوێس ئێنریكی شوێنی نیمۆی به‌ مونیر حه‌دادی پڕ كرده‌وه‌، ئه‌و یاریزانه‌ لاوه‌یش له‌ خوله‌كی 8 خۆی سه‌لماندی یانه‌كه‌ی به‌ گۆڵێك پێشخست.

دواتر له‌ خوله‌كی 41ـی یارییه‌كه‌ مێسی گۆڵه‌كانی بۆ یانه‌كه‌ی دووهێنده‌ لێكرد.

له‌ خوله‌كی 76ـی گێمی دووه‌می یارییه‌كه‌یش، مێسی به‌ لێدانی سزا جارێكی دیكه‌ تۆڕی گۆڵی ئیباری هه‌ژاند.

پاشان له‌ خوله‌كی 84 لویس سوارێز به‌ دیاركه‌وت و ژماره‌ی گۆڵه‌كانی بارسای بۆ 4 گۆڵ به‌رز كرده‌وه‌.

یانه‌ی بارسێلۆنا به‌ 72 خاڵ شوێنی خۆی له‌ لوتكه‌ی خوله‌كه‌ پته‌وتر كرد.